#نەوەى نوێ# هەڕەشەى ئەوە دەکات هەڵبژاردنى داهاتووى هەرێم لە ڕێگەى ئەم کۆمیسیۆنەى ئێستاى هەرێمەوە ئەنجام بدرێت کاردانەوەیان دەبێت و پەنا بۆ ڕاى گشتى دەبەن.
فراکسیۆنى نەوەى نوێ ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە تێیدا هاتوە، سەرۆکایەتی پەڕڵەمانی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە ئاگاداری نامەیەکدا داوا لە سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان دەکات لە ڕۆژی دووشەممە#23-01-2023# ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەڵێن، ئەم زۆرینەی پەڕڵەمانە کە ئێستا حکومەتیان پێکهێناوە، ماوەی (4) ساڵ نەیانتوانیوە یاسای هەڵبژاردن وپرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ببەنە ناو هۆڵی پەڕڵەمانی یاسایی، ئێستا دەیانەوێت لەم پەڕڵەمانە ماوە بەسەرچووەدا بیبەن؟
نەوەى نوێ دەشڵێت، ئەمانە هەتا پەڕڵەمان یاسایی و شەرعی بوو ، دەیانوت با لەدەرەوە ، وە لە دیوەخانەی حیزبی ڕێک بکەوین و دواتر لە پەڕڵەمان شتەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین، ئێستا کە پەڕڵەمان شەرعیەتی خۆی لە دەستداوە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بایکۆتیان کردووە ، ئینجا دێن باسی کۆبوونەوەی پەڕڵەمان دەکەن. (کە دیارە زیاتر مەبەستیان ڕێکنەکەوتنە، نەک ڕێکەوتن) .
فراکسیۆنى نەوەى نوێ هەڵوێستیان بەم شێوەیە دەخەنەڕوو، وەک جووڵانەوەی نەوەی نوێ هیچ تێبینی و سەرنجێکیان نییە لەسەر یاساکە، یاسای هەلبژردن هەر چۆن بێت، فرە بازنە یان یەک بازنە یانیش چوار بازنە کێشەیان نیە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە کۆمسیۆنێکی بێلایەنی دوور لە دەستی حیزب هەبێت کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات، بۆئەوەی بتوانێت هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد بە چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجام بدات ، نەک نوێنەری ئەو حیزبانە بێت کە دۆڕاون و بە هەموویان ٪20 ی دەنگی خەڵکیان نییە.
نەوەى نوێ هۆشدارى دەدەن، گوێنەگرتن لە نەوەی نوێ و لەم داوایە تایبەت بە کۆمسیۆن ، بڕیاری تری جووڵانەوەکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت کە لە داهاتودا لە بەردەم ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین.
پێویست بوو بەر لە #06-11-2022# هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت بەڵام بۆماوەى یەک ساڵ تەمەنى پەڕڵەمانى کوردستان درێژکرایەوە. [1]