$ئەڵمانیا لەنێوان داعشیەکان و داعشدا$
#ئیدریس مستەفا#
پێرێکە پەڕڵەمانی ئەڵمانی کوشتارگەی یەزیدیەکانی بە جینۆساید ناساند کە لەسەر دەستی داعش ڕوویدا لە ساڵی 2014دا. تا ئێستا بە ئەڵمانیاوە دوانزە دەوڵەت ئەو کارەساتەیان بە ڕەسمی وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام تەنیا یەک پرسیار درووست دەبێت ئەویش ئەوەیە:
ئایا گەر جینۆسایدی یەزیدیەکان لەسەر دەستی تورکیا بوایە، کە تورکیا و هێزی تری ناوچەیی بە عەمەلی لە پشتیەوە بوو، ئایا ئەڵمانیا و یانزە وڵاتەکەی تر ئاوها بە زوویی و بە ئاسانی وەک جینۆساید دەیانناساند؟
بێگومان نەخێر. خودی ئەو وڵاتانە درووستکەر و پشتیوانیکەری داعش بوون چ ڕاستەوخۆ چ ناڕاستەوخۆ. ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئەو دەوڵەتانە لە سووریا و ناوچەکە درووستیان کرد بووە هۆی زەمینەیەکی لە بار بۆ ئەو قەتڵوعامە. پاشان هەموو بەڵگەکان و ڕەوتی ڕووداوەکان و هاوکێشە جیۆپۆلەتیکیەکان بە ئاشکرا دەری دەخەن کە داعش وەک ڕێکخراو دورستکراوێکی غەربی دواتر تورکیە. جگە لە کاتی سەرهەڵدانیدا یارمەتیی ڕەهای دەدرا لەلایەن غەرب و تورکیاوە تەنانەت لە کاتی کەوتنیشیدا یارمەتیی ڕەها دران بەوەی داڵدە دران چ لە تورکیا و چ لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا. چەندان ئەمیری داعش لە ناو ئەڵمانیا و ئەوروپا و کەنەدا بینران و ژن و کچە ئیزیدیەکان شکاتیان لێکردوون کەچی هیچ یەکێک لەو حکومەتانە بە دەنگ هاوار و شکاتەکەیانەوە نەهاتوون تاکو ئەم ساتە.
ئەشواق کچە ئێزدیەکە لە ناو ئەڵمانیا و لە بەردەم مارکێتێکدا و دواتر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەلایەن ئەمیرە داعشیەکەیەوە هەراسان دەکرێ و چەند جار دەچێ بۆ پۆلیس کەچی پۆلیسی ئەڵمانی هیچی بۆ ناکەن و ئەویش لە داخان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان بۆ لای دایک و باوکی.
ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە خۆی ئاسانتر نییە چونکە داعش نە کیانێکی دەوڵەتیە و نە بوونیشی ماوە بۆیە هیچ بایەخێکی سیاسی و مۆراڵی و ویژدانی نییە و بگرە هەنگاوێکی سیاسیە کە تەنیا خۆیان قازانجی لیدەکەن بەوەی دەیانەوێ دەم و چاوی خۆیانی پێ جوان بکەن. [1]