$لەکوێی گەردوونێکی کاتیدا بۆ کەلامی ئەبەدیی خوا بگەڕێین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
موغالەتەی هەندێ لە بانگخواز و پیاوانی ئایینی لەوەدایە کە پێیان وایە هەموو شتێک و لەنێویشیاندا شتێکی نا ئەزموونیی و زانستی وەک دین و کەلامی خودادەبێت بە پێوەرە ئەزموونییەکانی زانست هەڵبسەنگێنن. ئەم دیدە دیدێکی تەواو پۆزەتیڤیستانەی پارادۆکسە بە ڕۆحی هەموو دینێک. پۆزەتیڤیزم خۆی ئەمڕۆ لە دونیایەک قەیرانی قوڵدایە بەرمبەر خۆی بەڵام ئەوان دێن ڕاستێتی قورئانی پێ ساغ دەکەنەوە. هەروەک چۆن قەرار نییە شەرابی نێو قەدەحێک لە جنسی قەدەحەکە خۆی بێت، بەهەمان شێوەش قەرار نییە ئێمە و هەموو بوونمان لە جنسی ئەو دونیایە بین کە تێیدا گیرساوینەتەوە. دین لەسادەترین پێناسەیدا پێی وایە ئێمە میوانێکی زۆر کاتیین لەسەر ئەم هەسارەیە. ئەم دیدە دینییە وەک هەموو دیدەکانی دیکەی دین مەحاڵە بخرێتە ژێر لێنز و هاوێنەی زانستی ئەزموونییەوە بۆ ئەوەی شیتەڵی بکات بۆ مادە سەرەتاییەکانی و لێی تێبگات و پاشانیش خاڵە لاوازەکانی دیاری بکات بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ ببێت. یەقینی دینی و ئەزموونی زانستی سەر بە دوو ئێبستمۆلۆژیای تەواو جیاوازن. بوونی هەندێ خاڵی هاوبەش لەنێوانیان دین و زانستدا ناکاتە ئەوەی ئەم دوانە ببنە جێگرەوە و بەدیلی یەکتر و بەناوی یەکدییەوە خوتبە بخوێننەوە. هەروەکچۆن یارییەکانی باسکە و فتبۆڵ لە بوونی تۆپێک تیایاندا هاوبەشن، بەڵام فەلسەفەی پشت دوویارییەکەی لە بنەڕەتدا سەر بە دوو ئێبستمۆلۆژیای تەواو جیاوازن. لە یەکێکیاندا دەست ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە سوڕاندنی کەشی یارییەکە بەڵام بە پێچەوانەوە لەوی دیکەدا هەمان دەست بۆ هەمان تۆپ دەبێتە هەڵەی کوشندە و تێکدانی یارییەکە. دین و زانستی ئەزموونیش شتێکی هەر لەم جۆرەن.
مەرج نییە ئەوی لەم جیهانە بێت سەر بە ئێبستمۆلۆژیی و یاساکانی ئەم جیهانە بێت. دین شتێکی سەر بەم جیهانەیە بەڵام نەکردەیە ئێمە بەیاسای زانستە ئەزموونییەکان بوون و پێودانگی ئەزموونی بۆ درووست بکەین. ئەمە تەنیا ئیدیعای هەندێ بانگخواز و پیاوی ئایینی تێنەگەیشتووە لە بنەڕەتی دیاردە دینی و زانستییەکان. ئەم قسەیە تەنیا بۆ دین ڕاست نییە، جوانی و هونەریش هەر سەر بەهەمان جیهانبینین. کێ دەتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات جوانی بە پێشگریمانە زانستییە ئەزموونییەکان لێکبداتەوە؟ بەڵام بۆ چرکەیەک بیر لە دونیایەکی بێ جوانی و بێ هونەر بکەرەوە! ئایا شتێکی مومکینە؟ بیر لە تەنانەت شتێکی وەک بیرکاری بکەرەوە، ئایا دەچێتە ژێر هاوێنەکانی ئەزموونەوە؟
ئەم دونیایە لێوان لێوە لەو شتانەی کە سەر بە تێوریا ئەزموونییەکانی زانست و دونیاکەی نین، بەڵام دونیاو ژیان تێیدا بەبێ ئەوان هێندەی مەحاڵ نەکردەیە. هیچ پێویست ناکات ملیان بگرین و لە مەنگەنە و چۆڵەپێچەنی زانستی ئەزموونیان بدەین.
جوانی، هونەر، عیشق، ئیمان ..هتد لەو میوانانەی ئەم دونیایەن کە خۆیان لەخۆیاندا سەر بە دونیاکەو ئەزموونە هەستییەکانی ئێمە نین. تا ئەوکاتە دەتوانن لەگەڵمان بژین کە ئێمە لەبەرژەوەندی هەستەکانمان نایانجەڕێنین و نایانکەینە غوڵامی سوخرەکێشی هەستە ئەزموونییەکانمان، هەرکە بوونەکەیان بەسترایەوە بە ئەزموونەوە ئیدی لەوە دەکەون خۆیان بن و مەحاڵیشە بچنە ژێر ڕکێفی ئەو ئەزموونەو ئەو خۆی لەوە بەدوور دەگرێت دانیان پێدابهێنێت چونکە هەستەوەرەکانی نایانناسێتەوە. [1]