$جیلوەی خودا و دەرکەوتنی ڕەنگەکانی لە چاوی نالیدا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
وادیارە باسی ڕەنگ لای نالی زیاتر ئاو دەکێشێت. بە گوێرەی بیرکردنەوەی نالی سەرلەبەری ئەم جیهانە لەسەرەتایەوە بۆ کۆتاییەکەی شیعرێکی زۆر بەرزە کە خودا خۆی گوتویەتی.
زولفەینی بە خەم مار و بە حەڵقەن وەکوو عەقرەب
شیعری لەف و نەشرن، چ موشەووەش، چ مورەتتەب
کاتێکیش بەپێی دەگات نالی لە وتۆی شیعر دەکەوێت:
لە سایەی قەددی مەوزوون و دوو زوڵفی
لە نالی و شیعر و تەسویدی نەما باس
هەموو بوون تێکڕا وشە و پیتەکانی ئەو شیعرە ئەزەلییەی ئەون. تا کاتێک لای خودان ئەو پیت و وشانە بێڕەنگ و بێ مانا دەردەکەون، خۆی لە خۆیدا بێڕەنگە بەڵام کە ظوهور و تەجەلی دەکات وەک دەرکەوتنی ڕووناکی هەموو ڕەنگەکانی دەوروبەری خۆی نیشاندەدات. بە زاراوەی ئیبن عەرەبی تەعەیونات لای خودا وێنەیەکی دەرەکییان نییە، چونکە جیهانەکە جیهانی بێ وێنە و بێ فۆڕم و بێ کات و بێ جیهەتە. بەڵام کاتێک ئەم پیتانە دادەبەزن نزول دەکەن و تەنزیل دەبن-بە سیغەی مضارع چونکە ئایاتی خودا بەردەوامن لە نزوول ئیدی دەبنە ڕەنگدانەوەی جیهانی وێنە، بەتەنیا تەنیا قورئان نابێتە قسەی ئەو بەڵکوو پێش قورئان هەموو گەردوون قسەی ئەون، بەڵام وشە و پیتەکان تا کاتێک لای خودی خۆین بێڕەنگ و بێ فۆڕمن، کە دەگەنە لای ئێمە بۆ عالەمی مەحسوسات ئیدی ڕەنگ و وێنەیان بۆ درووست دەبێت، دەقیق وەک ئەو تیشکە سپییەی کە بەنێو ئاوێزەدا دەڕوات و دەبێتە حەوت ڕەنگەکەی شەبەنگ:
لە عەکسی زاتی بێڕەنگت هەتا کەی دیدە ڕەنگین بێ،
جونوونی لەیل و مەیلی نەقشبەندی عەکسی ئەسما بێ؟!
وشەی دابەزین یا بە زاراوەی قورئان تەنزیل لە دیدی نالیدا بە واتای درووستبوونی وێنە دێت، نەوەک وەک ئەوەی سەلەفی و وەهابییە زاهیر بینەکان دەیڵێن و تێیدا دەکەونە پارادۆکسی ئەوەی خودا لە بەرزاییەک دانیشتبێت و ئێمە لە نزماییەکدا ئایەتەکانی خۆیمان بۆ دابەزێنێت، نەخێر ئەم جۆرە لەگەڵ بێگەردی و مونەزە بوونی زاتی خودادا یەک ناگرێتەوە. ئێمە لە وشەی نزولدا هەمیشە مانای دابارینی بوونی بارانمان بە ئەساسی وەرگرتوە بۆ تێگەیشتن لە وشەی نزول، لەکاتێکدا دەشێت نزول مانای زۆر جیاوازتری هەبێت بەپێی سیاق و سیباق. تەسەوری ئێمە بۆ نزول بە جۆرێکە شتێک لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت، تەنانەت ئەم تەسەورەشمان هەندێ جار بۆ خودا بەهامان شێوەیە، بە جۆرێک پێمان وایە ئەو وەک پادشایەک لەسەر عەرش و لەبەرزاییەک دانیشتوە و ئایەتەکانی خۆی بۆ ئێمە شۆڕ دەکاتەوە لەم نزماییە. ئەم جۆرە لە ڕوانین ڕوانینێکی مرۆڤگەرایانە ئەنثروپۆمۆرفیستیانەیە بۆ خودا و لەگەڵ ماناکانی ئیحاطەدا نایەتەوە. نزول لەقورئاندا مەرج نییە هەمیشە وەک دابارینی باران بێت، هەندێک جار بەواتای ئەوە دێت کە خودا شتکی خستۆتە خزمەتی ئێمەوە. لەسوورەتی حەدیدا خودا دەفەرموێت وانزلنا الحدید فیه بٲس شدید، هەندێ لە ڕاڤەکارانی قورئان بۆ ئەوەی هەمان مانای نزل وەک بارین لێکبدەنەوە دێن دەڵێن کە خودا ئادەمی دابەزاند لەگەڵیشیدا هەندێ پاچ و بێڵی ئاسنیشی دابەزاند، تەنیاو تەنیا بۆ ئەوەی نزول بە بارین لێکدەنەوە. دەشێت ئەم ئایەتە وا ڕاڤە بکرێت کە خودا ئاسنی بۆ موسەخەر کردوین، بۆی داناوین نەوەک بۆی باراندبین. ئەم نزیکبوونەوە زاهیرییە شتێکی درووست نییە.
جا لە دیدی نالیدا هەموو جیهانی ڕنگ و وێنەو و مەحسوسات، ڕەنگ و سەرچاوەکەیان ناوێنە و بێ فۆڕمیی خودایە، نزولی ئایەتەکانی خودا هەر ئەم مانایەی هەیە لای نالی و دەقیقترین تەفسیریشە بۆی:
مەگەر هەر یاری نەقشینم ببێتە نەقشبەندی دڵ
کە نەقشی غەیری ڕەنگی ئەو بە ئاوی دیدە شۆرابێ
یان
ئەی خەڵوەتی مورائی، بێ ڕەنگی خود نومائی
ڕەنگ زەردی عاشقی بە، نەک زەرد ڕوو و شەقی بە
نالی زۆر بە وریایی لە شیعرەکانیدا ڕەنگ تەوزیف دەکات. جیهانی بێڕەنگ و بێ وێنە زۆرترین کاریان لەسەر کراوە لای نالی. جیهانی بێ شێوە هەمان سرووشتی ئەو هەوایەی هەیە کە لە دەمی مرۆڤ دێتە دەرەوە، سەرتا بێ وێنە و بێ فۆرمە، بەڵام کاتێک بەناو شمشاڵێک یا نایەکدا دەڕوات ئیدی شێوە دەگرێ جا فۆرمەکە تەڕەب و شاد بێت یا حەزین و سارد، هەواکە هەمان هەوایە، کاتێک خودا فو دەکات بە شمشاڵی بووندا ئیدی ئێمە و جیهانی ڕەنگ و فۆرم و وێنە درووستدەبین، بەڵام نەفەسی ئەو لە بنەڕەتدا بێڕەنگ و بێ شێوەیە:
کە دیتم شەکڵی سەد ڕەنگی وتم بابایی عەییارە
کەبیستم لەفزی بێدەگی وتم شەیپوری شاپوورە
یان بە قەولی مەحوی:
هەتا لەویاری دەسازە جودا مام
وەکو نەی بێنەوا کەوتووم و بێدەنگ [1]