$کەی وڵات دەبێت بە شامی شەریف؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
کاتێک کە کێشەیەک لە کۆمەڵگایەک یا لە وڵاتێکدا سەرهەڵدەدات و سەرچاوەی کێشەکەی عەقڵە، واتە عەقڵی مرۆڤێک یان کۆمەڵە مرۆڤێک هۆشمەند بەرپرس بن لە درووستبوونی ئەو کێشەیە، ئەوا دەتوانین چاوەڕوانیی ئەوەمان لە ژیری هەبێت تا خودی خۆی ڕەخنە بکات و ئەو کێشەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا چارەسەر بکات.
بەڵام کاتێک تۆ دێیت ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتێکدا دەبیتەوە کە لە بنەڕەتدا سەرچاوەی کێشەکان ژیری نین و ژیری درووستی نەکردوون، بەڵکوو حەز و ئارەزوو و ویستەکانی کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکی نادان و سایکۆپات و دواکەوتوو لە سەردەمەکەی خۆیان درووستیان کردوون، لە وەها دۆخێکدا چاوەڕوانیکردن لە ژیری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر نالۆژیکیی و ئەحمەقانە و نەکردە دێنە پێش چاو. چونکە ئەوە تەنیا کێشە عەقڵییەکانن دەشێ لەڕێی ژیری و مەعریفەوە چاوەڕوانی چارەسەرکردنیان لێبکرێت.
کاتێک کە وڵات پڕ دەبێت لە کێشەی نا عەقڵی و نامەنتیقی، نەکردەیە مەعریفە بتوانێت یەک هەنگاو بۆ چارسەرکردن بهاوێت. سەرەتا دەبێت سیستمە ناعەقڵانییەکە قڵپ بکرێتەوە، دواتر سیستمێکی عەقڵانی بەدیل سەرڕێ بخرێت، ئەوسا خاڵە لاوازەکانی ئەو سیستمە عەقڵانییە لە ڕێگەی ڕەخنەی بەردەوام و ئەزموونەوە دیاری بکرێن، ئەنجا بێین چاوەڕوانی ئەوە لە ژیری بکەین هەڵەکانی دەستنیشان بکات تا چاکیان بکات.
بەیەک وشە یاسا بەرهەمی عەقڵە، عەقڵیش تەنیا لەکێشەی عەقڵی سەردەردەکات، کێشە ناعەقڵانییەکان هەرگیز لەڕێگای یاسا عەقڵانییەکانەوە چاکناکرێن. ئەوانەی دەڵێن یاسا سەروەرە دەبێت باش بزانن کێشە ناعەقڵانییەکان بە یاسا چارەسەر نابن، دواجار ئەم کێشە ناعەقڵانیانە دەبێت بێنەوە دیوەخانە تاریکەکانی مارەبەجاش و ژنبەژن و ڕەدووکەوتن سوڵحی خەلەوخەرمان سووتاندن و خوێن خۆشکردنی ناحەق .
هەر لەبەر ئەم هۆکارە نامەنتیقییەیە کە زانکۆ و دامەزراوە دێنە وڵاتی ئێمە وەک فاشن و مۆدیل دێن نەوەک بەرهەمهێنەری عەقڵی سیاسیی و ئابووری و بەڕێوەبردن. لێرەوە ئیدی نە مامۆستاکەی و نە خوێندکارەکەی ئەدای ڕاستەقینەی کاری خۆیان ناکەن.
ئەم هۆکارە دەشێت ببێتە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی کە دەپرسن: بۆچی هیچ چاکسازییەک لە سیستمە ڕۆژهەڵاتییەکاندا ڕوونادات؟ بۆچی بەردەوام شۆڕش و کودەتا و قڵپکردنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتدا دووبارە و سەدبارە دەبنەوە؟ ئایا کێشەکە لە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیدایە؟ بۆچی هەموو هەوڵێکی کودەتاو قڵپکردنەوە و شۆڕش لە وڵاتانی ڕۆژاوا و لیبراڵدا بە چاکسازی بۆ سیستمەکە کوتایی دێت؟ ئایامرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی جیاوازییان هەیە؟ کەی هەمووشتێک چاک دەبێت؟ [1]