ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی نۆیەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$شوێنەوارەبە جێ ماوە لە ئایینی جوو لە کوردستان$
بە تێپەڕینی کات و گۆڕانکارییە جیۆگرافی و سیاسییەکان، کە دەبنە هۆی گواستنەوە و نەمانی قەوم یان گەلێک، کۆمەڵێک ئامراز و نیشانە لە بوون و ژیانی ئەو خەڵکانە بەجێ دەمێنن، کە دەبنە هۆی سەلماندنی بوونیان و زیاتر ناسینەوەیان.
سەبارەت بە شوێنەوارەکانی کوردە جووەکانی کوردستان دەبێ بڵێین، کە ئەوانیش وەک هەر خەڵکی دیکە، کۆمەڵی شتیان لە پاش خۆیان بەجێ هێشتووە، کە بریتین لە شوێنەوارە بینراوەکان، وەک بینا و پارچەی بەنرخی کۆن، کە دەچێتە قاڵبی شوێنەوار، یان کۆمەڵێ دابوونەریت و کولتووری جیاواز لەگەڵ خەڵکی دیکە، کە دەبنە هۆی ناسین و نووسینی مێژووی تایبەت بەو خەڵکە.
لێرەدا ئاماژە بە چەند شوێنەوارێکی گرنگی کوردە جووەکان دەکەین:
$گەڕەکی جووەکان$
گەڕەکی جووەکان، بەو بەشەی شار گوتراوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی جوو بووە، چونکە ئەوان بەگشتی هەوڵیان داوە، کە هەمیشە لەیەک نزیک بن و لە دەوری یەک کۆ ببنەوە، بۆیە زۆربەی خانووەکانی کەوتوونەتە لای یەک، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەوان لە پەراوێزی شاردا نیشتەجێ بوون، یا ماڵەکانیان دوور بێت لە ماڵی خەڵکی ترەوە، بەپێچەوانەوە، کە لەسەر نەخشەی شارەکان بۆ گەڕەکی جووەکان بگەڕێین دەبینین، کە ئەو گەڕەکە دەکەوێتە ناوەندی شار و زۆر نزیکە لە شوێنە گشتی و گرنگەکانی شار، بەتایبەت بازاڕە ناوەندییەکان.
$گەڕەکی جووەکان لە هەولێر$
جووەکانی شاری هەولێر سەرەتا لەناو قەڵا نیشتەجێ بوون، بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی قەڵا و هاتنە خوارەوەی خەڵک بۆ دەوروبەری قەڵا، ئەوان لە شوێنێک لەنزیک قەڵا نیشتەجێ بوون، کە ئێستا 2023 (گەڕەکی خانەقا) ی پێ دەگوترێت.
سەبارەت بەو خانووانەی، کە سەردەمانێک خەڵکی جوو تێیدا نیشتەجێ بوون دەبێ بڵێین، کە ئێستا لەو خانووە کەلەپوورییانە کۆمەڵێ ئاسەواری وێران و ڕووخاو بەجێ ماوە، کە بەهۆی پشتگوێخستنیان و لە هەندێ حاڵەت تێکدانیان لەلایەن خەڵکەوە بۆ درووستکردنی بینا و باڵەخانە و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل، ئەو گەڕەکە سیمای کۆن و کەلەپووری خۆی لەدەست داوە و خانووەکان بەرەو نەمان، یان ڕووخانی یەکجاری دەڕۆن.
$گەڕەکی جووەکان لە سلێمانی$
سەرەتای هاتنی جووەکان بۆ شاری #سلێمانی# بۆ درووستبوونی ئەم شارە لە ساڵی 1784 دەگەڕێتەوە، واتا پێش درووستبوونی ئەم شارە خەڵکی جوو لە ناوچەکانی دەروبەری سلێمانی وەک #قەرەداغ# و #پێنجوێن# و #هەڵەبجە# نیشتەجێ بوون و لەگەڵ درووستبوونی شاری سلێمانی ڕوویان کردووەتە ئەم شارە و لە گەڕەکێک نیشتەجێ بوون، کە دواتر بە گەڕەکی جووەکان (جوولەکان) بەناوبانگ بووە، واتا گەڕەکی جووەکان یەکێکە لە حەوت گەڕەکە سەرەتاکانی سلێمانی.
هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کە هاتنی جووەکان بۆ شاری سلێمانی بە ویست و داوای دامەزرێنەری شارەکە (#ئیبراهیم پاشا#) بووە، کە بڕوای وا بووە شار کاتێک بە شارێکی تەواو دەچێت، کە لە خەڵکی ئایینە جیاوازەکان پێک هاتبێت، بۆیە بە ناردنی نێردراوێک بۆ (قەرەداغ) و گوندەکانی دەوروبەری داوا دەکات، کە جووەکان ڕوو لە شارە تازە دامەزراوەکەی سلێمانی بکەن و لەوێ نیشتەجێ ببن، بەو شێوازە، یەکەم کۆمەڵەی جوو ڕوو لە شارەکە دەکەن.
جووەکان لە بیناسازی و درووستکردنی خانوو شێوازی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەتایبەت لە درووستکردنی دەرگا و پەنجەرە بۆ ماڵەکانیان.
$گەڕەکی جووەکان لە پێنجوێن$
بە گوتەی هەندێ لە سەرچاوەکان، ناوی پێنجوێن لە بناغەوە بە واتای پێنج جوو هاتووە، واتا لە سەرەتای درووستبوونی ئەم ئاواییە، پێنج ماڵی جوو لەوێ نیشتەجێ بوون، بێجگە لەم بابەتە هەبوونی گەڕەکی جووەکان لەم قەزایە، سەلمێنەری هەبوونی کوردی جووە.
بێجگە لەو سێ شارەی باسمان کرد لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان، وەک ئاکرێ و ئامێدی و کۆیە و هەڵەبجە و دهۆک گەڕەکێک بە ناوی گەڕەکی جووەکان هەیە، کە کۆمەڵێ پاشماوەی بیناسازی و خانوو لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەپاراستنیان و پشتگوێخستنیان زۆربەی شوێنەوارەکان بەرەو نەمانی یەکجاری دەڕۆن.[1]