$پردی سیرات$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەزموونی مرۆڤانەی مرۆڤ نیشانی داوە ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بکەنە بەهەشت، خراپەکاری لە دونیادا نەهێڵن، پێیان وایە زۆری تاوانی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری ڕوودانی ڕووداوی سرووشتی و غەزەبی خوا بۆیە لە ڕێگەی دەستگا سەرکوتکەرەکانیانەوە دەکەونە قەڵاچۆکردنی تاوانە زاهیریی و کەسییەکان، دەبێت بزانن بەم کارانەیان دۆزەخێکی داختر لەو دۆزەخەی کە ئێستا تێیدان بۆ مرۆڤایەتی داخ دەکەن. ئەوەی هەوڵی دابەزاندنی بەهەشێتک بۆ دونیا دەدات پێ بزانێت یا نەزانێت دۆزەخێکی خراپتر لەوەی هەیە دەخوڵقێنێت.
گەر قەرارە باوەڕمان بە بەهەشتێک هەبێت ئەوا نابێت لێرە بۆی بگەڕێین، بەهەشت نە لێرەیە نە لێرەش شیمانەی درووستبوونی هەیە، کەرەستەکانی ئێرە کەرەستەی بەهەشتی نین، ئێرە بوونێکی شێلراو و ئالودەیە بە نەخۆشی و ناخۆشی و تاوان و گوناه، گرنگترین خاسیەتی بەهەشتیش ئەوەیە ناخۆشی و تاوان و قسەی بەرز و نزمی تێدا نابێت. ئەوەشی پێدەگوترێت پردی سیرات گەر حەقیقەتێکی هەبێت هیچ ئاماژەیەک لەقورئاندا بۆ بوونی ئەم پردە نییە ئەوە دونیا و ژیانەکەی دونیا هەمان ئەو پردی سیراتەن، کە مرۆڤ بەسەریدا بۆ بەهەشت لێیەوە دەپەڕێتەوە. دەبێ لێرە بۆی بگەڕێین نەک لەوێ. ئەوەی تێیدا مایەوە و نەیتوانی بپەڕێتەوە ئەوا لەنێۆ دۆزەخدا ماوەتەوە. ئەوەشی تێیدا نەمایەوە، هەوڵی نەدا بیکاتە بەهەشت، وەک ماڵی هەمیشەیی لێی نەڕوانی، خوایەتی نەکرد بەسەر ماف و ئازادییە کەسییەکانی ئەوانی دیکەوە، دەستگاکانی نەهی لەمونکەر و ئەمر بەمەعروفی نەکرد بە جەللاد بەسەر خەڵکەوە، ڕاگوزەرانە وەک غەریبێک لە خۆی و ئەهلەکەی ڕوانی و وەک ئەوەی خۆی هەیە قەبوڵیکرد نەک وەک ئەوەی دەیهەوێت ببێت، ئەوا بە خێرایی ڕووناکی تێیدەپەڕێنێت و دەکاتە ئەوبەری.
گەر ئاگری مەحەببەتی شک بەم لە دۆزەخا،
ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام. [1]