$کۆدەکانی دوعاکردن چۆن بشکێنین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە سادەترین مانایدا دوعاکردن ویست و ئیرادەکردنی مرۆڤە بۆ زنجیرەیەک ئەگەر Probabilitiy لەناو میلیاران ئەگەری دیکەدا، کە گەر بێتو ئەم زنجیرە ئەگەرە سنووردارە پێکەوە ڕێکبەون و گونجایش و هارمۆنی لەنێوانیاندا درووست بێت ئەوا کەسی دوعاکەر ئەنجام و ئامانجێکی وای دەستدەکەوێت کە ئەو ملیارد ئەگەرە عەشواییە ناڕێک و ناتەبایە لەخۆیاندا ناتوانن و توانایی ئەوەیان نییە درووستی بکەن.
دوعاکان دەبێت هەمیشە لەچوارچێوەی ئەو یاسا سرووشتی و سونەتە کەونیانەدا بکرێن کە خودا بۆ جوڵە و هەلومەرجی ئەم گەردوونە دایناون. بۆنموونە دوعایەک نابێتە دوعا کاتێک کەسی دوعاکەر هەستێت داوا لە خوا بکات هێزی ڕاکێشانی زەوی لەسەر زەوی بۆ ئەم نەهێڵێت. گەر کەسەکە دەیان ساڵیش شەونوێژ و هەزاران خەتمی قورئانیشی بۆ بکات ئەم کارەی بۆ نایەتە دی. نەک هەر نایەتە دی لە خۆشیدا ئەم جۆرە لە دوعا دەبێتە بێڕێزی بەرانبەر بە خودا بەوەی تۆ داوای لێیدەکەیت لەبەر خاتری نوزە نوزێکی لەژێر لێوەوە کە تۆ بۆی دەکەیت سونەتێکی گەردوونیی میلیارد ساڵەی خۆیت بۆ بگۆڕێت.
دەبێ شتێک ڕوون بێت کاتێک ئێمە لە خودا دەپاڕێینەوە پاڕانەوەکانمان وەک پاڕانەوەی کۆیلەیەک لە پاشاکەی نەبێت، خودا بەپڕۆسەی مرۆڤاندن ئەنثرۆپۆمۆرفیزمدا نەبەین، هەڵەی سەلەفێکان دەقیق لێرەدایە. بۆ ئەوەی بزانین چۆن دوعا دەکەین دەبێت چەمکی خودا نەجەڕێنین لەڕێگای مرۆڤاندنییەوە، واتە بەمرۆڤی نەکەین. یەکەمین هەنگاوی نەمرۆڤاندنی خوداش لەوەوە دەستپێدەکات کە باوەڕی تەواومان بەوە هەبێت خودا وەک ئێمە چاو لە دونیا و ئەگەرەکانی ناکات، چاکە و خراپە، خێر و شەڕ، ڕەش و سپی، ڕاست و ناڕاست شتانێکی ئیعتبارین، واتە ئەوە ئێمەین ئەو مانایانەیان دەدەینێ، بە نیسبەت ئێمە بوونیان هەیە، دەنا لە میزانی خوادا شتێک نییە بەناوی چاکە یا خراپە، ئەوەی هەیە یاساگەلێکی گەردونی و گشتگیرن، ئێمە دێین مانای مرۆییان دەدەینێ. واتە شتگەلێک بۆ ئێمە مانای خراپ دەدەن بۆ خودا پێناچێت وابێت. تەماشا منداڵێک کە لەئەنجامی پەیوەندییەکی ناشەرعی درووست دەبێت، بەهەمان ئەو شێوازەی منداڵێک کە لەئەنجامی پەیوەندییەکی شەرعی و شتێکی پیرۆزی وەک نیکاحەوە درووستدەبێت قۆناغەکانی کۆرپەلەیی دەبڕێت و دەبێت بە مرۆڤێکی ساغ و تەواو و دیارە لەدوای لەدایکبوونیشی یاساکانی ژیان بە هەمان هێندەی منداڵێکی مەشروع بۆ ئەمیش فەراهەم کراوە. ئەوە دیدە کۆمەڵایەتی و دینی و مرۆڤانەکەی ئێمەیە زۆرجار سنوور بۆ ژیانیان دادەنێت دەنا خودا هیچ خۆهەڵقورتاندن و هەڵاوێردێکی نییە بۆ ئەم منداڵە تەنیا لەبەر ئەوەی نامەشروعە بەوەی نەهێڵێت ببێت یا تۆڵەی لێبکاتەوە و بە شێواوی بهێنێتە سەر دونیا. دوو کەس بە مەشروع بێت یا نامەشروع کاتێک جوت دەبن پێ بزانن یان نا دوعایەک دەکەن بۆ ئەوەی چەند ئەگەرێک لەنێوان ئەو هەزاران میلیاردە لە ئەگەر پێکەوە ڕیز ببەستن بۆ لێکەوتنەوەی ئەنجامێک.
دوعاکان دەبێت هەمیشە لە چوارچێوەی یاسا گەردوونییەکاندا بکرێن، ئەوسا خودا تەفیقی جێبەجێ بوون دەدات. تەوفیق بە یەک وشە بەمانای ڕێککەوتنی کۆمەڵێک ئەگەر دێت کاتێک کەسێک ئیرادەیان بۆ بکات ببن.
وەختێک زانایەک بە شوێن دەرمانی شێرپەنجەدا دەگەڕێت، ئەم کەسە خۆنەویستان دێت دوعا دەکات لە چوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و ئەگەردا کۆمەڵێکیان هەڵبژێرێت تا خودا تەوفیقی بدات لینکی نێوان ئەم ئەگەرانە بدۆزێتەوە و بگاتە ئەنجامێک. شتێکی زۆر مەحاڵ و نەکردەیە تۆ ژەهر بخۆیت و چاوەڕێ بکەیت خودا شیفای نەخۆشییەکەت بە ژەهرە بدات. یاسا سرووشتییەکان دەڵێن ژەهر بکوژە بەڵام دەرمان شیفایە.
ئەوانەی ئەمڕۆ دوعای مەحاڵ دەکەن، داوای سەرکەوتن دەکەن بەبێ کارکردن بۆی، خوێندنەوەی وشەکانی قورئان وەک شیفای شەکرە و زەخت و شیزۆفرینیا چاو لێدەکەن، بەستنەوەی پەڕۆ و پاتاڵ بە درەختێک یا مەزارێکەوە دەکەنە دەستکەلای سەرکەوتنیان، بەردێکی ڕەشی بێگیان لەو کەعبەیە دەپەرەستن، لەهەمانکاتدا لەیاسای ئەگەرە خوداییەکان ڕێساکانی سرووشت تێناگەن هیچ نین جگە لەوەی دێن سوکایەتی بە خودا و درووستکراو و یاساکانی دەکەن، بە زمانێک دەڵێن ئێمە ئەوەندە بەڕێزین خودا یاساکانی خۆی لەبەرژەوەندیمان دەجەڕێنێت بەوەی ئێمە و تەمبەڵی و تەوەزەلیمان پێی خۆشە. [1]