وەڵامێک بۆ کاکە حەمە، خۆزگەم بێدەنگ بوویتایە
نووسینی: #عەلی مەحمود محەمەد#
لە یادی سێ ساڵەی مەرگی جەلادی گەلانی ئێران #قاسم سولەیمانی# لە شاری #سلێمانی# یەکێک لەوانەی بەشداربوو وە وتەی پێشکەشکرد بەڕێز کاک #محەمەدی حاجی مەحمود# بوو، گوایە لە وتەکەیدا زانیاری نەبیستراوی بڵاوکردۆتەوە، وەک لە مانشێتی هەواڵێکی شارپرێسدا هاتووە محەمەدی حاجی مەحمود زانیاریی نەبیستراو ئاشکرا دەکات.
بەڕێزی لە سەرەتای وتەکەیدا دەڵێت: سەرکەوتنی ئێران وایکرد نەفەسێک بۆ خەڵکی #کوردستان# درووستبێت و هێزی پێشمەرگەش لەڕوی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە زیادبکات. کاکە حەمە لێرە لە یەکەم وشەوە دەکەوێتە ناو هەڵەوە، سەرکەوتنی ئێران نا، چونکە ئێران لەوکاتە لەگەڵ کەس شەڕی نەبوو، بەڵکە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانە، ئەو شۆڕشەی گەلانی ئێران بە گشتی و لاوانی چەپگەرا بە تایبەتی ئالاکەیان هەڵکرد و حوکمی پاشایەتیان ڕوخاند، کە قاسم سلێمانییەکان کەمترین بەشدارییان تێیدا نەبوو، دواتر بووە جەلادی ئالاهەڵگرانی شۆڕش.
بەڕێزی یان زاکیرەی لاواز بووە یان فێڵ لە مێژوو دەکات، ئەوە شۆڕشی گەلانی ئێران و گەلی ڕۆژهەلات بوو بۆ دیموکراسی و مافی نەتەوەیی دژ بە فتوای خومەینی بۆ قەتڵ و عامی خەڵکی کوردستان ، وایکرد بوژانەوەیەک بە بزووتنەوە چەکدارییەکانی ئەوکاتی باشوور بدات، دەرگایەکیان بۆ بکرێتەوە لە دەست گەیشتن بە چەک و بوونی ناوچەی ئازادکراو و ئیمکانات، نەک کۆماری ئیسلامی ئێران ، کە بۆخۆی ئەوکات یەکێک بوو لەو جەنگاوەرانەی لە هەندێک کاتی مێژوودا سەنگەری لە کۆماری ئیسلامی گرتبوو، سەیرە کەسێک ڕابردووی خۆی لە یاد نەمابێت زانیاری بڵاونەکراوەش بڵاوبکاتەوە.
مەگەر ناوی شەهیدەکان و بەرەکانی شەڕتان لە یاد نەماوە لە ڕۆژهەڵات؟، لە یادتان نەماوە لەو ڕۆژگارەی باسی دەکەی سەنگەرتان لە کێ گرتبوو؟، بەرانبەر کێ دەجەنگان؟، ئەنوەر سوڵتانەکان لەکام بەرەی جەنگ گیانیان بەخش؟.
لە بارەی قاسم سولەیمانیەوە دەڵێت حاجی قاسمی سولەیمانی پیاوێکی هەڵکەوتوو و بەتوانا بوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر لەپێناو ئەو کۆمارەشدا خەباتیکردو شەهیدیش بوو.
ئەوانەی بەسەر قاسمی سلێمانی هەڵدەدەن، تەنیا پێاهەڵدانە بەسەر کۆماری ئیسلامی و ڕازی کردنی ئەوانە، نەبووە لە مێژوودا لەناو گەلانی قڕکراوی جیهانداوەک هەندێک لە سیاسییەکانی کورد ستایشی تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بکەن، ئابڕووی هەموو خەڵکی باشووریشتان برد، ئەم جارە ئاوارە بینەوە چۆن داوا بکەین دەرگامان لێبکەنەوە.
تۆیەک شەو ڕۆژ لە یادی #هەڵەبجە# و ئەنفال و #بارزانی# و.... بیت ، کەچی ستایشی کەسێک دەکەیت بەشداری کاریگەریی لە جینۆسایدی کورد و بلوج کردووە، هۆکاری تاوانی وێرانکردن و قەتل و عامی خەڵکی #مەریوان# و کیمیابارنی شاری #سەردەشت# و هەڵەبجە بووە، لە کەمپی ئەشرەف تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، تەنانەت دادگای ئیسپانی وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی بڕیاری لەسەر داوە، منداڵانی بە کۆمەڵ هانداوە بەسەر کێڵگە لوغمەکاندا بچن و خۆیان بتەقێننەوە، کلیلی بەهەشتی کردۆتە ملیان، کەسێک بڕیاری تیرۆری سەدان کوردی ڕۆهەلات و نەیارانی سیاسی دابێت، بەرپرسیارێتی دەیان تاوانی کردبێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەکانەوە، لە یەمەنەوە بۆ پاکستان، لە لوبنانەوە بۆ کینیا، لە هەمووشی شەرمندەتر سەرکردایەتی گرتنەوەی 51%ی خاکی کوردستان حەبیبەی کردبێت، کە کوڕێکت کردە قوربانی لە یەکێک لە بەرەکانی جەنگ، ئێستاش ستایشی دەکەیت؟، دەزانی بە دیار وتەکانتەوە سەدن هەزار کەس تنۆک تنۆک ئارەقیان دەخستە سەر زەوی.
پاشان وتی:حاجی قاسم تەنیا کەس و دەوڵەت بوو لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی داعشدا، یەکەم کەسبوو لەگەڵ 48 کەسی شارەزای لەبواری چەک و تەقەمەنیدا گەیشتنە کوردستان و بەرگریکرد، و دوان لەو 48 کەسەش لەناو مەخمور شەهیدبوون.
سەرەتا هیچ پاسدارێک لە بەرگریکردن لە شاری #هەولێر# و ئازادکردنی مەخمور بەشداری نەکردووە، تەنانەت لەوێش نەبووە، ئەمە کردنی جەلادی گەلە بە قارەمانی ئەفسانەیی، ئەو دوو پاسدارەی کوژران بەشێک بوون لە تیمێکی 5 کەسی شارەزا لە بەکارهێنانی ڕاجیمەی 12 یو و هاوەنی 120 ملم، ڕێک دوو هەفتە دوای گرتنەوەی مەخمور 10-8-2014 واتا لە ڕێکەوتی 24-8-2014 لە شارەدێی باقرتە قەراج بە گولەی هاوەن کوژران پێشتر بڵاوم کردبووەوە بە لوغم کوژراون.
بۆ شەڕی مەخمور تەنیا 40 داعش شارەکەی گرت ، لە یەکەم چرکەدا گرووپێک گەریلاو چەند خۆبەخش و پێشمەرگەیەک ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕی ناکرد لە باخچە مابوونەوە، ئەوی تر هەموو هەلاتبوون بۆ ئەو دیوی فلکەی گوێڕ - دیبەگە، زەندەقیان چووبوو لەوەی داعش لە گوێریشەوە هێرش بێنێت، تەنانەت گەریلاکان ئاگایان لەو چیرۆکە نەبوو، من زانیاریم داپێیان بۆ ئەو ئەگەرە.
لەو ساتەو ڕۆژانی دواتریش خەبەڕێک لە حاجی قاسمەکەو 48 کەسەکەی نەبوو، دیارە ئەو ڕۆژە ورە ڕوخابوو هەولێر بەشێکی هەڵاتبوو، بە تایبەت بەرپرسەکان، لێ پێشمەرگە دێرینەکانی زۆرینەی لایەنەکان و پێشمەرەگەی ڕۆژهەڵات و گەریلا، چەقین و مانەوەیان لە قەرەچووغ پارسەنگەکەی گۆڕی و ورەی بەخشییەوە بە حکومەت و بەرپرسان و خەڵکی هەولێر، ڕۆژانی دواتر پێش ئازادکردنەوەی مەخموریش ژیان بوەوە ئاسایی.
لە ڕاستیدا هێزەکەی داعش زۆری پاتاڵ خۆر بوون، لە یەکەم دەقەوە کەوتنە تاڵانی گەنمی ناو سایلۆکە بە بەرچاومانەوە ، داعش هێزی گرتنی شارێکی گەورەی وەک هەولێری نەبوون ، هەولێر جیایە لە موسڵ ، موسڵ خۆیان بوون بە داعش ، بەڵام هەولێر جیابوو، گرووپێکی زۆر بچووکی ئیسلامییەکان نەبێت لایەنگریان نەبوو، بۆیە هێزی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی شارەکەیان نەبوو، دەنا دەهاتن بۆ تاڵانیش بوبێت.
دەشێت دوایی سلێمانی خۆی و ستافەکەی 48 کەس بێت یان حەفتا، هاتبێتنە کوردستان و ئێراق بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی داعش وەک ئەرکی کارەکەی خۆی، چونکە ئەو کەسی یەکەمی #ئێراق# بوو، وە ئێراقیش ئێستا وڵاتێکی ئێرانەنو چۆن #مەهاباد# و زاهیدن و تەبرێز و ئەهواز و گومبەت کاوس دەپارێزێت لە جودا خوازە کورد و بلوج و عەرەب و تورکمان و ئازەرییەکان ئاواش ئەرکی بوو ئێراق بپارێزێت لە گەڕانەوە بۆ ژێر دەستی عەرەبی سوونە، ئەمە ئەرکە نەک فەزڵ، ئەمە پاراستنی هیلالی شیعییە نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی کاکە حەمە هاتبێت.
دواتر لە بڕگەیەکدا دەڵێت: کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا تەنیا لە ڕێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەنگی خەفەکراوی کورد گەیشتە وڵاتانی دونیا، هەر لە ڕێگەی ئێرانیشەوە بریندارەکانیان ناردە دەرەوە بۆ چارەسەر، تائەوکاتەش زۆربەی وڵاتانی دونیا پشتیوانییان لەحکومەتەکەی سەدام دەکرد.
پرسیارێک دەکەم، کێ ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجەدا هێنا؟، مەگەر تۆ و شەوکەت و حامید و ساڵح ژاژەڵەیی.. و پدک حەمیدە فەنی و حیزبەکەی حاجی کامیل نەبوو، بوونە شاگردی حاجی قاسم سلێمانی؟، ئێرانتان هێنا بۆ هەڵەبجە، ئەوە هاوکێشەیەکی ئاڵۆز نییە، منداڵی سەر بێشکەش ئێستا دەزانێت ئێوە و ئێران تاوانبارن لەو دۆسیەیە، تاوانی ئێوە زۆر کەمتر نەبوو لە تاوانی بەعس ، تا ئێستاش غیرەتی ئەوە ناکەن داوای لێبووردن لەو خەڵکە بکەن، ئێستا وێنە گرتنی قوربانیان و چارەسەری بریندارەکان بە فەزڵی ئێران دەفرۆشنەوە بەسەر ئەو خەڵکەیا، لە کاتێکدا ئێران خۆی هۆکار بووە نەک هاوکار، کاتی ئەوە هاتووە بێنەوە سەر خۆتان و ڕاستییەکان بڵین و دەرخەن و داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، بەم قسە هەلەق و مەلەقانەتان زیاتر کەرامەتی گەلێک مەشکێنن.
کە هەموو جیهان دژ ئێران بوو، ئێوەش چووبوونە باوەشییەوە، ئەمەش گەمژەییەکی دیکەی بەناو سەرکردایەتی کوردە هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی 10%ی گەلی کورد بکەنە قوربانی بەرگەی هاتوچۆتان بۆ کەرەج و #سەقز#. [1]