#مەسرور بارزانی#:
دوای نزیک بوونەوەی ساڵێک لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ئێراق، سەبارەت بە نادەستوری بوونی پڕۆسەی نەوتی هەرێم.
لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی #بەغدا# دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە: (لە ئێستادا #24-01-2023# حکومەتی ئێراق، کار بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناکات).
حکومەتی ئێراق بەڕێکەوتن لەگەڵ هەرێم بۆ ماوەی شەش مانگ کارکردنی بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕاگرتووە تا هەردوولا لەسەر دەرچواندنی یاسای نەوت وغاز ڕێک دەکەون.
لە ئێستادا چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم یەکێکە لە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. بۆ دەرچواندنی یاساکە، بەغدا داوا دەکات نەوتی هەرێم هاوشێوەی نەوتی ئێراق لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ وە بفرۆشرێت و نوێنەرێک بۆ هەرێم لە سۆمۆ دابنرێت، بەڵام هەرێم دەیەوێت فرۆشتنی نەوتەکەی لە ڕێگای کۆمپانیایەکەوە بێت بەناوی (کۆمۆ) کە لە یاسای نەوت و غازی هەرێمدا هاتووە و تایبەتە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
هەرێم، داوا دەکات کۆمپانیای کۆمۆ وەک بەشێکی تایبەت بەهەرێم لەناو سۆمۆدا بناسرێندرێت.
جگە لە فرۆشتنی نەوت تا ئێستا 24-01-2023 گرێبەستی نێوان هەرێم و تورکیا و پشکی کۆمپانیاکان و جۆری گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکان گرفتی چارەسەر نەکراوی بەردەم تێپەڕاندنی یاساکەن و تا ئێستا ڕوون نییە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. [1]