سۆزانییەکی ڕاستگۆ
#کاروان عومەر#
گوێم بۆ بگرە من کەسێکی نهێنی پارێز!.
کەسێکی داخراوم، سرووشتم وایە هەمیشە کارەکانم لە دەوروبەرم دەشارمەوە. حەز ناکەم کەس لە ژیانم تێبگات. وا بزانە هیچ لەنێوانماندا ڕووینەداوە. باشترە واز لەم کاری لەشفرۆشییە بهێنیت. وەرە ڕۆڵی دادوەرێک بگێڕە.
بۆ لێم تێناگەیت!. من تەنیا لەشی خۆم دەفرۆشم، بەڵام زۆربەی دادوەرەکانی دنیا یاسا دەفرۆشن. من کەسێکی سۆزانیم و بە درێژایی مێژوو زۆر لە ڕۆماننووس و چیرۆکنووسان ئەگەر بە دێڕێکیش بێت، منیان کردووە بە بەشێک لە نووسینەکانیان. زۆر کەمن ئەوانەی لە نووسینەکانیاندا پشکی شێر دەدەنە دادوەر. بۆیە دەمەوێت هەروا بە نەمریی بمێنمەوە. ئیتر سەریشم مەیەشێنە و دەست بکە بەگێڕانەوە. با بزانم ڕووداوەکانی ناو ئەم چیرۆکە بەرەو چ دۆزەخێک دەمبات.
ئاخر ئەو هێزێکی موگناتیسی لە دەنگ و تۆنی قوڕگیدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسوکەوتی بە جۆرێک بوو لە هی شاژنەکان دەچوو. هەرگیز لەو نەدەوەشایەوە ڕۆڵی کەسایەتییەکی وا بەرجەستە بکات. بۆ ساتێک بێدەنگ بووم و بیرم کردەوە. ئەو شوێنانەی لەشفرۆش کاری تێدا دەکات هەموویان زەریف و شۆخ و شەنگن. بۆیە هیچم نەگوت و تەنیا گوتم ئامادە بە. سێ، دوو، یەک، ئەکشن!.
کاتژمێر یازدە و نۆزدە چرکەیە، شوێن، هەر بستە زەمینێکە کە لەم شێوە ڕووداوە تێدا ڕوو دەدات یان ڕوویداوە.
تۆمەتبار بەرانبەر دادوەر ڕاوەستاوە و وەک ئەوەی لەژێر وێستگەی پاسێکدا، چاوەڕێی هاتنی پاسەکەی بکات. ڕوخساری ترس و دڵەڕاوکێی پێوەی دیار نەبوو. جارجارە نەرمە گازێکی لە سمێڵە ڕەشەکەی دەگرت و تاڵێک مووی لێدەردەهێنا. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانی بەناو هۆڵی دادگاکەدا دەگێڕا. تەنیا شتێک مێشکی جەنجاڵ کردبوو ئەوە بوو نەیدەتوانی دۆست و دوژمنی خۆی لەیەک جیا بکاتەوە. ئاخر یەکێک لە کوژراوەکان نزیکترین کەسی بکوژەکە بوو.
جۆرێک لە بێدەنگی لە هۆڵەکەدا هەستی پێدەکرا. ئەوە نەبێت بەهۆی جموجۆڵی چەند کەسێک ناوبەناو جیڕەیەک لە کورسییەکاندا دەهات. دەکرێت وا بیر بکەیتەوە ئەوانەش ئەو کەسانە بوون خواستیان بوو هەرچی زووترە گوێیان لەکۆتا بڕیاری دادگا بێ. دادوەر پیاوێکی گۆشتن و ڕوخسارێکی گرژومۆن و شەڕەنگێزی هەبوو. هۆکاری گرژبوونەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بکوژ، کە ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆبوو، هەر بەو چەکەی کە بەرگری لە هاووڵاتیان و سامانی نیشتمانیی پێدەکات، بە هەمان چەک دوو هاووڵاتی دەکوژێت.
ڕووی کردە بکوژەکە و بە دەنگێکی گڕ پێی گوت: بەرلەوەی دادگا دوا بڕیاری خۆی بدات، مافی خۆتە ئەگەر شتێک بۆ وتن ماوە پێمان بڵێیت. گەورەم سوپاس بۆ گەورەییتان. ئەوەی هەمبوو لە پێشتردا لە ڕێگەی پارێزەرەکەمەوە بە بەڕێزتان وترا. تەنیا شتێک کە نەوتراوە ئەو خەونەیە کە دوێنێ شەو بینینم.
ئەم قسەیەی بێدەنگی هۆڵەکەی شکاند. جیڕەی کورسییەکان زیاتر دەبیستران. ئەو دەیگوت لە ترسان وڕێنە دەکات، ئەمی تر دەیگوت عەقڵی لە دەستداوە. هەر یەکەوە بە تەشییەک دەیڕست. هەندێکیان بێدەنگ دانیشتبوون، نوتقیان لێوە نەدەهات. ئەوەندەی نەمابوو کە دادگاییەکە بشێوێت. دەنگی چەکوشەکەی دادوەر هەموویانی بێدەنگ کرد.
بڵێ و بزانم خەونەکەتان چی بوو؟ گوێمان لێت!. سوپاس گەورەم. وەک من بیستوومە خەون یان ڕابردووی خۆی دووبارە دەکاتەوە یان هەندێ شتە لە ئاییندەدا ڕوودەدا. هیوادارم هیچ کامیان ڕاست نەبێت، چونکە هەردووکیان بۆ من دەردەسەرییە.
جەنابی دادوەر من و تۆ دراوسێی یەک بووین، دوو خانووی جوانمان هەبوو، پەرژینێکی نزم کە لە تەختە درووست کرابوو، سنووری خانووەکەمانی لەیەک جیا کردبوویەوە. لەو کاتەدا کە سەرقاڵی ئاودانی باخچەکە بووم، کەڵەشێرەکەم بە دوو باڵ خۆی گەیاندە لای مریشکەکەی ئێوە و چەند جارێک پێیدا تسی. هەتا هێزی هەبوو چەکوشەکەی گرتە تاوانبار و کێشای بە سەریدا. لەناکاو لەشفرۆشەکە قاقایەکی بەرزی لێدا و پێی وتم: کاکی نووسەر نەمگوت پیشەکەی خۆم باشترە، ئەگینا ئێستا دەبووم بە پیاوکوژ.[1]