ماڵی بووکە شووشە
#بەختیار حەمەسوور#
بلیتی بۆ منیش کڕیبوو. نەمگوت منیش کڕیومە و لە دوێنێوە هەزار جار وێنای دوو کورسیم کردووە لە تاریکیدا کە من و تۆی مەحبوبی گچکەڵانەم لەسەری دانیشتووین و بە دەم تەماشای نمایشەکەوە دەستمان لە دەستی یەک ناوە و جارجار پێکەنیوین و جارجاریش خەمگین و جارجاریش، هەڵبەت هەر لە زەینمدا، سەرت ماندوانە لار بووەتەوە و لەسەر شانم ئارامی گرتووە و تاڵی قژت بەر ڕوخسارم کەوتووە و بزەم هاتووە. ناڵێم هەر دوێنێ جارێکی تر پەڕتووکەکەم داگرت و دەقی شانۆنامەکەم بۆ جاری نازانم چەندەم خوێندەوە، بە خاتری ئەوەی دواتر، کە بڕیارە وەک بینینی هەر شانۆییەک، گفتوگۆ بکەین، دانیشتنەکە ناکۆتا درێژ بکەمەوە.
نمایشی ئەو ئێوارەیەمان قەت نەدی، بلیتەکانیش قەت نەگەڕانەوە بۆ هۆڵەکە. هەر ئەو ڕۆژەی بڕیار بوو بچین، لەنێوانماندا قەوما و بۆ هەمیشە ڕۆیشت. لە گیرفانی چاکەتەکەمدا دوو بلیتەکەی دۆزیبووەوە، بە گومانی کەسێکی تر جیا لە خۆی، تۆمەتباری کردم. هەموو هەوڵێکم دا هێوری بکەمەوە، دەستیم گرت، ئەو دەستانەی کە دەبوو لەو ئێوارەیەدا و لە هۆڵەکەدا بە سۆزەوە بیگرم، بە ڕق و زەبرەوە دەستی لە دەستم ڕادەکاند و هەڵهات، دەستم تەنیا و خەمگین لە هەوادا مایەوە. بە تۆنێکی نائاشنا و ناخۆش وتی کە چیدی مەحبوبە گچکەڵانەکەی جارانی من نییە. دەستی دایە جانتاکەی، بە پەلە جلەکانی تێنان و بە خێرایی چاوێکی بە ماڵەکەدا گێڕا، چەق لە جێی خۆم وەستابووم و لێیم دەڕوانی، بە دوو هەنگاو ماڵەکەی چەرخە دا و تێپەڕی. ئەوسا و ئێستاش، تەنیا دەنگێک دەیبیستم و بیستنمی بۆ چرکەیەک جێنەهێشتووە، تەقەی توند و گوێکاسکەری بەیەکدادانی دەرگای ژوور و حەوشەیە کە بەردەوام پێکدا دەدرێن و زرمەیان دێت، زرمەیان دێت و پێکدا دەردرێن لە زەینمدا.[1]
ساڵانێکە.