ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی دەیەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$ئەلقووش$
دەکەوێتە 40 کیلۆمەتری باکووری شاری مووسڵ، ئەم شارەدێیە دەکەوێتە ناو زنجیرە چیایەک، کە هەردوو پارێزگای #دهۆک# و نەینەوا لە یەک جودا دەکاتەوە. مێژووەکەی بۆ پێش لەدایکبوونی مەسیح، واتا بۆ سەردەمی پەیامبەر ناحووم دەگەڕێتەوە.
ئەم ناوچەیە بە هەبوونی کڵێسە و مەزارگەی ئایینی و گەشتوگوزاری ئایینی بەناوبانگە، کە ساڵانە باوەشی بە ڕووی پەیڕەوانی ئایینەکانی جوو و کریستیان دەکرێتەوە.
گۆڕی ناحوومی ئەلقووشی، پەیامبەری نەینەوا، لە ئەلقووشدا بەڵگەیەکی گرنگە لەسەر بوونی ڕەگوڕیشەی جوو لەو شارەدا، لە دڵی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار، کە ھیچ جۆرە گفتوگۆیەک قبووڵ ناکات.
سەرچاوەی شوناسی ئەو شارە، نەک ھەر بە تەنیا دەزانرێ، بەڵکوو لەلایەن دانیشتووانی ئەلقووش دانیشی پێدا دەنرێ، کە زۆربەی دانیشتووانی پێشووتری ئەسڵی ئەو شارە بە ئایین جوو بوون، بوونی کەسێکی جووش بە ناوی ئەلقوون بەڵگەیەکی ترە.
ھەروەھا سەرچاوە سریانییەکان ھەمان شت دووپات دەکەنەوە و مانای وشەی ئەلقووشیان بە (خوداوەندی قەوسی) لێکداتەوەتەوە. دەکرێ بڵێین، کە ناوبانگی ئەو شارە بەھۆی مەزاری ناحوومی پەیامبەری جووەکان و سارای خوشکیەتی.
$مەزاری ناحووم$
ئەم شوێنەوارە، کە مەزارگەیەکی جووەکانە، دەکەوێتە 40 کیلۆمەتری باکووری شاری مووسڵ و 3 کیلۆمەتر لە ئەلقووش دوورە، نزیکترین دێر بەو شوێنەوارە دێری #ڕەبان هرمزد# و دێری (سەییدە ئەلحساد) ە.
لە پەڕتووکی پیرۆزی ئایینی جوو، لە چوارچێوەی سفرەکانی پێغەمبەران، ناحووم وەک دوازدەمین پەیامهێن لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین ناوی هاتووە.
(سفر تەورات) کە پەڕتووکی تایبەتی ناحوومی پەیامبەرە، لەنزیک ئەلقووش لە ناحووم هاتووەتە خوارەوە، کە بە گوتەی جووەکان، تەرمی پەیامهێن ناحووم لەوێ نێژراوە و ئێستا هەر بە ناوی (مەزاری ناحووم) ناسراو.
پەڕتووکە ئایینییەکەی ناحووم کاریگەرییەکی گەورە و قووڵی لەسەر دانیشتووانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار بەگشتی و جووەکان و کریستیانیەکان بووە.
هەندێ لە سەرچاوەکان دوو هۆکار بۆ ئەم بابەتە دیاری دەکەن، کە ئەوانەن: یەکێکیان ئەوە بوو، کە خوایەکی ئەبەدی لە ڕێگەی ئەو پەیامهێنەدا گوزارشت لە خۆی دەکات و دووەمیش ئەوەیە، کە لەم پەڕتووکەدا پێشبینیی کاولکاریی نەینەوای پایتەختی سریانەکان دەکات، کە لەو کاتەدا نەینەوا یەکێک لە گەورەترین و مەزنترین شارەکانی ئەو سەردەمە بووە.
$مەزاری نەبی یوونس$
ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ، کە لە ساڵی 767ی کۆچی گۆڕی پەیامهێن (یوونس) لەوێ دۆزراوەتەوە.
نەبی یوونس بە عبری واتا کۆتر و ئەم کەسایەتییە پیرۆزە لەلایەن هەرسێ ئایینی ئاسمانی بە پەیامبەر دادەنرێت و ناوی لە پەڕتووکی تەورات و قۆرئانیشدا هاتووە، کە لە قورئاندا بە چیرۆکی زیندوومانەوەی لە سکی نەهەنگ بەناوبانگە.
پەیامهێن یوونس لە سەدەی 8ی پێش زایین لە ئیسرائیل ژیاوە.
خودی مزگەوتی نەبی یوونس دەکەوێتە سەر گردێکی شوێنەواری، کە بە گردی (تەوبە) ناسراوە و لە زۆربەی سەردەمە مێژووییەکان بە گردێکی پیرۆز دانراوە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، مێژووی ئەم مەزارگەیە بۆ پێش ئایینی کریستیان دەگەڕێتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن، کە ئەمە لە سەرەتاوە پەرەستگەیەکی فارسەکان بووە و دواتر بووە بە هی کریستیانیەکان بە ناوی (دێر یونان بن ئەمتای) ، بەڵام ئەم شوێنە لەلایەن موسڵمانان بە (یوونس بن مەتا) ناسراوە و هەروها بە (زولنوون) ، واتا خاوەنی نەهەنگیش دەناسرێت.
ئەم شوێنەوارە لە تەمووزی ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارەکانی داعش بۆمبڕێژ کرا و تەقێنرایەوە، ئەم ڕووداوە بوو بەهۆی گەیاندنی زیانی یەکجار زۆر بەم شوێنەوارە ئایینییە، کە تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە.[1]