ناونیشانی بابەت: خۆت دەتوانیت باشترین هەویری ددان بۆ خۆت هەڵبژێریت
ئامادەکردن: د. #تروسکە عەبدوڵڵا#
پێش هەموو شت دەبێ لە خۆت بپرسیتتۆ چیت دەوێ؟ چ کێشەیەکت هەیە؟
- ئیلتیهانی پوکت هەیە؟
- جگەرە دەکێشی و دەتەوێ ددانت سپی ببێتەوە؟
- بۆنی ناخۆشی ناو دەمت هەیە؟
- لیکت کەمە و هەست دەکەی دەمت وشکە؟
- ددانت ڕەنگیان زەردربووە؟
تۆ دەبێ بە پێی جۆری کێشەکەت مەعجونەکەت هەڵبژێریت ، هەر شەریکەیەکی مەعجون چەندین جۆر مەعجونی هەیە هەر یەکەیان و تایبەتن بە چارەسەری کێشەیەک، بۆ نموونە ، کە تۆ ئیلتیهابی پوکت هەیە دەبێ مەعجونێک بەکاربێنیت تایبەتبێت بە ئیلتیهابی پوک نەک سپیکردنەوەی ددان!
$پرسیارە باوەکانی ناو خەڵک$
1- مەعجونی سەر عەرەبانە و بازاڕ جیاوازی هەیە لەگەڵ هی دەرمانخانەکان؟
2- مەعجونی سپیکردنەوە بەکاربێنم زیانی هەیە؟
3- مەعجونی سرووشتی تا چەند باشە بەکاری بێنم؟
4- منداڵە بچوکەکەم دەتوانێ ئەو مەعجونە بەکاربێنێ کە هە مومان لە ماڵەوە بەکاری دێنین؟
5- ئەو مەعجونانەی ڕیکلامیان بۆ دەکرێ لە پەیجەکان زیانیان هەیە؟
6- ڕاستە دەڵێن مەعجون هەیە بە یەک هەفتە ددانت سپی دەکاتەوە؟
$وەڵامەکانی من$
1- مەعجونی سەر عەرەبانە بێت یان دەرمانخانەکان کە لە شوێنێکی گونجاو هەڵنەگیرا و خۆری بەرکەوت خراپە و پێکهاتەکەی تێکدەچێ ، بۆیە پێویستە لە شوێنێک بیکریت کە بزانیت شێوازی هەڵگرتنەکەی گونجاوە و ڕێکەوتی بەسەرچونەکەی نزیک نەبێ.
2- مەعجونی سپیکردنەوە دەکرێ بەکاربێت ، بێ زیان لەژێر ئەم ڕێنمایانەدا:
- ددانی کەسەکە هەستیار نەبێت.
- بەردەوام بەکاری نەهێنێ
واتە هەفتەی سێ جار یان چوار جار بەکاری بێنێ و بە هاوبەشی لەگەڵ جۆرێکی تری مەعجون بەکاربێت بۆ ئەوەی بە دووربیت لە زیان گەیاندن بە ددانت.
3- مەعجونی سرووشتی هیچ زیانی نییە ئەگەر بەکاربێت ، بەڵام زۆر ڕوونە کە فلۆراید یەکێکە لە پێکهاتەکانی زۆربەی مەعجونەکان و زۆر کەڵک بەخشە بۆ بەهێز بوونی ددان و پاراستنی ددان لە کلۆر بوون، بەڵام مەعجونی سرووشتی ئەم ماددەیەی تێدانییە.
4- منداڵە بچوکەکەت پێویستی بە مەعجونی تایبەت بە خۆیەتی ، ئەو ڕێژە فلۆرایدەی بۆتۆ پێویستە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بۆ منداڵ پێویستە، ئەمە جگە لەوەی تامی مەعجونی کەسانی پێگەیشتوو زۆر جیاوازە لە و تامانەی لە مەعجونی منداڵدا بەکاردێت ، بۆیە زۆر گونجاوتر و باشترە مەعجونی تایبەت بە منداڵی بۆ بەکاربهێنی.
5- ڕیکلام مانای ئەوە نییە بەرهەمەکە خراپ بێت بەڵام مانای ئەوەش نییە زۆر باش بێت ، بۆیە زیرەکی خۆت لەجیاکردنەوەی باش و خراپ لێرەدا دەوردەبینێ ، هەر مەعجونێ ڕیکلامی بۆ کرا یەکسەر باوەڕ مەکە باشە ، بپرسە لەسەری لە کەسانی شارەزا و دەتوانی سێرچی بۆ بکەیت و لەسەری بخوێنیتەوە.
6- کورت و پوخت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە هەر مەعجونێ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ددانت سپی بکاتەوە ، زیان بە ددانت دەگەیەنێ ، مانای ئەوەیە ماددەی ڕووشێنەر وزبری تێدایە و چینی یەکەمی ددانت زیانی پێدەگات، مەعجونێ بەکاربێنە لەماوەی مانگێک کاریگەریەکەی دەربکەوە نەک لە ماوەی سێ ڕۆژ بۆ ئەوەی بە دووربیت لە زیان گەیاند بە ددانت و تووشی هەستیاری نەبیت.
$تێبینی$
- مەپرسن بۆ ناوی هیچ جۆرێکی مەعجوونی ددانم نەهێناوە ، زۆربەیان باشن و بە نزیکەیی هەمان پێکهاتەیان هەیە ، ئەگەر من لێرە ناوی شەریکەیەکی مەعجون بێنم خەڵک دەبێتە دوو بەرە هەیە دەڵێ بۆ بەس ناوی ئەو جۆرە دێنێ خۆمن فڵان جۆر بەکاردێنم زۆریش باشە ، هەیە دەڵێ ڕیکلامی بۆ دەکات دیارە ڕێکەوتنێکی هەیە لەگەڵ ئەم شەریکەیە ، بۆیە تەنیا ئەوە ڕوون بێت لات بەشی زۆریان باشن و سوودیان لێدەبینی ئەگەر بە وریایەوە بیکریت و بزانی لە کوێ دەیکریت و چۆن بەکاریدێنیی.
- گرانترین مەعجون بەکاربێنیت، ناتوانی ددانت سەد لە سەد بپارێزی ئەگەر شێوازی شۆردنی ددانت هەڵە بێت و پەتی ددان بەکارنەهێنی، بۆیە ئەوە بزانە مەعجونی ددان ڕێگایەکی بچوکی پاراستنی ددانتە نەک هەمووی! [1]