خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ پەڕتووکی کۆژان نۆت و تێکستی چەند بەرهەمێک (1974-2004)
عادل محەمەد کەریم
خۆشحاڵ بووم کاتێ ئاراس ئیبراهیم داوای لێ کردم خوێندنەوەیەک بۆ پەڕتووکی کۆژان بکەم، بۆیە سەرەتا پڕ بەدڵ سوپاسی دەکەم. چونکە بەخوێندەنەوی پەڕتووکەکە کۆمەڵی زانیاری بەسوودم وەرگرت، کە پێشتر بە و زانیارییانە ئاشنا نەببووم.
ئاشکرایە لای هەموان ڕەوتی بواری نووسین و شەنوکەوی کارە موزیکییەکان لە کوردستانی گەورە بەگشتی و لەباشووری کوردستان لەسەرەتادایە، ئەمەش نەنگی نییە نەک لە کوردستان، بەڵکوو لەلای گەلانی دەوروبەریش بە بەروارد بەلایەنە زانستی و هونەرییەکانی تر، نووسین لەبواری موزیک وگۆرانی دەگمەنە، چونکە شرۆڤەی موزیک و گۆرانی و نووسین لەسەر کارە موزیکییەکان کارێکی ساناو ئاسان نییە هەروەک هەندێک کەس وای بۆ دەچن!.
بۆیە لەگەڵ زۆرێک لەبرادەرانی بواری موزیک گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی دەڵێین هەرچ هەوڵێک یان هەنگاوێک بۆ ئەم بوارە بەپیرۆز دەنرخێنرێت.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم پەڕتووکە تایبەتە بەکاری هەردوو هونەرمەندی ئازیز دوو مامۆستا لە لووتکەی وەفا لە لووتکەی پەروەردەی موزیک دوو هونەرمەند بەواتا نیشتمانپەروەر بەواتا خۆشەویست و لەدڵدا شیرین. دوو هونەرمەندی ڕاستگۆ، دیارە لە واتا فەلسەفییە جوانییەکەی واتای هونەر، ڕاستگۆیی مەرجی بنەمای کارێکی هونەری درووستە، بۆیە کارەکانی ئەم بەڕێزانە لەبەرئەوەی تەژین لە خەسڵەتی ڕاستگۆیی، کەواتە پشکێکی گەورەی جوانی هونەرییان بەباڵادا دەبڕێت. دیارە بە هاوکاری کۆمەڵێ گۆرانیبێژ و موزیسیانی تر.
$کەتواری خەبات$
کارەکان هەڵقوڵاوی گیانی شۆڕشگێڕی و کەتواری خەباتی شۆڕشی پیرۆزی نەتەوەیەکی بێ کیانن. هەڵقولاوی دونیادیدەی مامۆستا دلێر و کاکە ئاراسی ڕۆشنبیرن، کارەکان لەلایەک لە جۆش وخرۆشی شۆڕشگێڕان و جوانی و مەدەنییەتی شاری سلێمانی، لەلایەکی تر لە سرووشتی گوندە دڵڕفێنەکانی باشووری کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
ناوەرۆکی ئەم پەڕتووکە ئەو کارە هونەرییە بەرزانەی تیادا یاداشت کراون، بۆیە بەهای ڕۆشنبیری هونەری خۆی هەیە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش.
مەکسیم گۆڕکێ لە دوای تەمەنی (40) ساڵییەوە، ڕۆمانی (دایک) کە یەکێکە لە شاکارە ئەدەبییەکانی بە مەرامی ئەوەوە نووسی کە بە هەموومان بڵێ، مرۆڤ ئا لە و سەردەمەدا نابێ بۆ خۆی بژی! بەڵکوو هەمیشە بە و هیوایە ژیانی پڕ بکا و بەردەوام بێ، کە بەردەوامی سرووشت لانکەزای ئیلهامەکانییەتی.
لەم پەڕتووکەدا جگە لە نۆتی گۆرانی و سروود و ئۆپەرێت و داستانی هەڵەبجە. هەندێ سەرگوزشتەی سەیری تیادایە بەهای ڕۆشنبێری فیکری هونەرییان هەیە بۆ بواری دیراسە و لێکۆڵینەوەی زانستی سوودی زۆریان لێدەبینرێت. ئەو سەرگوزشتانە ئەوە دەهێنێنن وردتر لەسەریان بوەستین و شانازی بکەین بە خەباتی شۆڕشی نوێی نەتەوەکەمان، کەسانی وەکوو مامۆستا دلێر و کاک ئاراس و هاوڕێ هونەرمەندەکانیان لەنێو ڕیزەکانی ئەو شۆڕشەدا بوون، جگە لە بیروباوەڕی پیرۆزی کوردایەتی، هەڵگری خەباتی بەبەهای هونەری موزیک بوون لە ڕیزی شۆڕشدا .
ئەم پەڕتووکە بەڵگەیەکە پێمان دەڵێت ئەگەر ڕوسەکان خاوەنی شۆستاکوڤیچ بن کە لە جەنگی دووەمی جیهاندا لەژێر بۆردومانی چڕی بێ ڕەحمی نازییەکان سیمفۆنی (پاڵەوانێتی) لە کاتی گەمارۆکەی ستالینگراند نووسی و پێشکەش کرد، ئەوا ئێمەش دەبێت بڵێین لە شۆڕشی نوێدا خاوەنی تیپی شەهید کارزان و ئەو هونەرمەندانەین لەژێر بۆردومانی بێ ڕەحمی ڕژێمی سەرکوتکەری بەغدا ئەو شاکارانەیان تۆمارکردووە.
$پێگە و بوونیادی سەرەکی ناسنامەیە$
سایمۆن ماندی لە پەڕتووکی موزیک و جیهانگەراییدا دەڵێت: (موزیک زۆر لەوە مەزنترە کە بۆ کات بەسەربردن و پڕکردنەوەی کات بەکاربهێنرێت، تەنانەت لە وڵاتەکانی دوای قۆناغی پیشەسازیش موزیک یەکەیەکی بەهێزی چوونە ناویەک و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بووە.) لە جیهاندا موزیک بەشێکی پێویستی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، هەروەها پێگە و بوونیادی سەرەکی ناسنامەیە چ بۆ تاک چ بۆ کۆمەڵ هەر لەبەر ئەم هۆیەشە موزیک ڕۆڵێکی بەرفراوانتر لە کات بەسەربردنی هەیە.
لێرەدا کاتێ لەم وتەیە ورد دەبینەوە کاری هونەری هونەرمەندانی خێر نەدیوی نەتەوەکەمان بەبیردا دێت، کاتێ نەوەکانی داهاتوو گوێ لەم بەرهەمانە دەگرنەوە و لەگەڵیدا ئەم پەڕتووکە ناوازەیەیان لەبەردەستدا بێت، ئەو کات تێدەگەن کە هونەری ئەو کاتە چۆن بووە و ئەو کاتە دەڵێن سایمون ماندی لەخۆوە ئەو قسەیەی نەکردووە.
کارەکانی ئەمان فریادڕەسی خەم و ئازاری بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردەواریمان بوون، واتە پێویستی بابەتی کۆمەڵە، لەکات و ساتی خۆیدا، ئەم گۆرانی و موزیکە پڕ بەپێستی ئەم کۆمەڵگەیەیە، چونکە هەڵقوڵاوی خەم و ئازارەکانێتی.
ئەوەتا مامۆستا دلێر پێمان دەڵێت لە ڕێگە، لە قەیوانەوە لەگەڵ پۆلێ لە پێشمەرگەکانی (ی، ن، ک) بەڕێکەوتین بەرەو شار بەڕێگاوە من لە بیری دانانی گۆرانی کەڵکی قەیوان بووم من بۆ چالاکی پێشمەرگە هاتبووم، بەڵام ناخی هونەرمەند دوور لە و کەتوارەی تیایدایە بە و پەڕی هەست و سۆزەوە بەدەم ڕێگاوە ئەم لە دانانی ئاوازێکی بەرزی سۆزداریدا بووە بە نێوی (کەڵکی قەیوان) .
ئەمە ئەوەمان بەبیردێنێتەوە مرۆڤە مەزنەکان ئەوانەن هەمیشە لەکاتە دژوار جەنجاڵەکاندا بەوپەڕی هێمنی و سەلیقەوە بیردەکەنەوە و بەربەستێک نابینن بۆ داهێنان. ئالێرەدا کارەکانی مامۆستا دلێر و ئاراس و هاوکارەکانیان لە لووتکەدان.
$سەرگوزشتەی دانانی سرودەکانی$
سەرگوزشتەی دانانی گۆرانی و سرودەکانی نێو ئەم پەڕتووکە ئەو وتانەی سەرەوەمان بۆ دەسەلمینێت.
لە دووتوێ پەڕتووکەکەدا ئاراس ئیبراهیم تێکست و نۆتی (50) کاری هونەری لە (گۆرانی و سروود وکۆراڵ وئۆپەرێت) بەموزیکی پێشەکی سەربەندو ناوبەندو میلۆدی بنەڕەتی گۆرانییەکان و شیعری ژێر نۆتی میلۆدییەکانی بۆ نووسیوینەتەوە، ئەمە بۆ خۆی سەروەتێکی گەورەیە، ڕەنگە هەندێ نۆت دووبارە بن لەهەندێ پەڕتووکی تریشدا نووسرابنەوە، بەڵام هیچ کام لە بەهای ئەوی تر کەمناکاتەوە.
ئێستاش بە و هیوایەم ئەگەر زەمینەسازی هەبێت و بەربەستەکانی خوێندنی باڵای بواری موزیک لە شاری سلێمانی لاببرێت دەیان توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەم کارانە بەئەنجام دەگەن و پێویست دەکەن جارێکی تر ئەم نۆتانە بنووسرێنەوە وەک پێویستییەکی بابەتی بکەونە بەر دیدەی هەوادارن و تویژەرانی بواری موزیک وگۆرانی کوردی.
لەم (50) بەرهەمەی کە نۆتڕێژکراون 36 گۆرانیان سروود و گۆرانی نیشتمانین (9) دانەیان گۆرانی ئاساین (2) گۆرانی منداڵانن (2) ی تریان ئۆپەرێتن لەگەڵ کۆڕاڵی داستانی هەڵەبجە.
لێرەدا لە بەرهەمەکان وەک ژمارە پشکی شێر بەر تیپی مۆسیقای شەهید کارزان دەکەوێت لەکۆی ئەم پەنجا گۆرانی و سروودە (27) یان بەرهەمی تیپی مۆسیقای شەهید کارزانە و (9) گۆرانی و سروودیان بەرهەمی تیپی منداڵانی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی و (6) گۆرانیان بەرهەمی تیپی مۆسیقای سلێمانی و دوانیان کۆرسی خوێندکارانی بەشی موزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، دوو بەرهەمیشیان تیپی مۆسیقای بێخودە و چوار گۆرانیش بێ ئاماژەدان بەهیچ شوێنێک بەهەوڵی کەسی کراوە.
لە پاشکۆی پەڕتووکەکەشدا ئەوەی شایەنی باسە هەندێ دەلیلی چالاکییەکان و وێنەی زۆر ڕەنگینی چالاکییەکان و هونەرمەندان خراونەتەڕوو، کە بۆ خۆیان تەواوکەری هەندێ لە باسەکانن. ئەمەش خاڵیکی ترە بۆ سەرنجڕاکێشانی پەڕتووکەکە و وێنە و بەڵگەکان یەکەیەکی بابەتین و یەکدەگرنەوە لەگەڵ وتارەکان و نۆتی گۆرانییەکان.
ئینجا با بێینە سەر هەندێ وردە ڕەخنەی تەکنیکی پەیوەست بە چاپ کە ئەم ڕەخنانە لە بەهای گشتی کارەکە کەم ناکاتەوە لەوانە:
1- پێم باشبوو نۆتی ئەو کارانەی لە دوو پەڕە زیاترن لە چەپەوە ڕیزبکرانایە چونکە وەک دەزانین نۆتی موزیک لە چەپەوە بۆ ڕاست دەخوێنرێتەوە.
2- دەکرا بەرهەمە هونەرییەکان بەپێی ساڵەکان ڕیزبەندیان بۆ بکرایە، (کرنولوجیا) . لە کۆنترینەوە بۆ تازەترین.
3- ژمارەکان دەبوو بە ئینگلیزی نەنووسرانایە و بە کوردی پەیڕەوکراوی لای خۆمان بنووسرایە.
4- کارەکان بەتێکەڵی دانراون دەکرا جیا بکرانایەتەوە بۆ نموونە هەموو کارەکانی تیپی شەهید کارزان بەجیا، کارە هونەرییەکانی تیپی منداڵانی چالاکی قوتابخانەکان بەجیا و کارەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانیش بەجیا ... تا دوایی.
لە کۆتادا دووبارە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە ئاراس ئیبراهیم دەکەم، پەڕتووکخانەی کوردییان بەم پەڕتووکە هونەرییە جوانە ڕەنگاڵەتر کرد و ئەمیش بووە سەرچاوەیەکی بەسوودی تر بۆ ڕەوتی نووسین لە بواری موزیک وگۆرانی کوردیدا.
هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ ئاراس ئیبراهیم دەخوازم، هیوادارم دوا کاری نەبێت و چاوەڕێی بەرهەمی باشتری لێدەکەم.[1]