خوێندنەوەیەک بۆ (من ئۆرژیناڵم) ی داستان بەرزان 02
#بەیان سەلمان#
دواتر دەڵێت:''من زۆرم چەشنی –با- بۆیە بوێرییم هەیە کە بڵێم: من زۆرم چونکە دەبینم کە –با-کان لە مندا هەڵدەکەن و لە مندا بۆ هەمیشە هێور نابنەوە...'' ئەودیوی (با) شنە و سروەیە کە نەرمی و ئارامییە. تەوژمی هەلکردنی با لەشاعیردا، بەکۆ ئاماژەی پێ دەکات (باکان) ، بۆ سەلمانی توخمێکی نەگۆڕە، کە هەڵدەکەن چیتر هێور نابنەوە. هەڵبژاردنی با هەمان وێنەی تەحەدایە، سەرپێچیکردنە لە نەریتی خواست و خۆزگە کە وێنەی سروە و شنە بە زۆری بەکار دەبرێت بۆ دەربڕینی ناسکیی هەست و سۆز. لە کاتێکدا (با) کان پڕ لە مەترسی و هەڕەشەیە، وەلێ شاعیر خۆی دەداتەبەریان.
لەهەڵبەستی ''من دۆزەخم'' وەها دەست پێ دەکات: ''من خۆمێکی ڕەنج بەخەسارم هەیە...'' ئەم خۆمە تەواو لە خودی خۆی جیاکراوەتەوە. ''خۆمێک'' هەیە لەناواخنی ''من''دا کە بکەرە و هاندەرە بۆ ئەوەی لەویتر خۆی جودا بکاتەوە هەتا ئەو ڕادەییەی ئەویتر لێرەدا دەکاتە ڕووبەڕوو و پاساو بۆ کرداری خۆویستی و خۆشەویستی خۆم کە هەر ئەوە:''... ئاخر بۆیە من خۆمم زۆرزۆر خۆشەوێت، تۆش لەبەر خۆتمە هەر نەبێت، کەمێک هۆشت بەخۆتەوە بێت، نەفڕێت...'' ئەم ئامۆژگاری نەفڕینە وەک ئامۆژگارییەک هەر بۆ''خۆ''یەتی، واتە سەرەڕای یاخیبوونی، مەترسییەکیشی هەیە لەوەی بکەوێتەخوارێ، چونکو نەفڕیت فەرمانە، دەکاتە: ئەگەر فڕیت دەکەویت! ئەم کۆپلەیە لە بەشەکانی دواتر باشتر ڕوون دەبێتەوە کاتێ دەڵێت:''رەنگە بفڕم و بچمە ناو ئاوێنەکەوە، بیرم کەوتەوە، هەموو فڕینێک هەوڵێکە بۆ کەوتن.'' شاعیر هەمیشە بەدوای فڕینەوەیە، بەڵام وشەی''ئەگەر''ی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی محاڵبوونی دۆخەکەی بخاتەڕوو، هەر بۆیە بەدەرئەنجامێکی فەلسەفییانە کۆتایی پێدەهێنێت کە هەموو فڕینێک هەوڵێکە بۆ کەوتن! ئەمە هەوڵەکانی پێشینانمان وەبیردەهێنێتەوە وەک عەباس بن فەرناس کە لەفەڕینەکەیدا سەرنەکەوت. بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەو هەڵوێستەی عەباس بن فەرناس هەوڵێکە بۆ شیعرییەت! شاعیریش لێرەدا فڕین وەک ئەودیوی ئازادی بەکار بردووە. ئازادی هەمیشە مەترسیەکە، بۆ دەربازبوون پێویستە خۆت لە مەترسی بدەیت. بەکارهێنانی ئاوێنە وەک دیوێکی محاڵە بۆ تیشکدانەوەی بیرۆکەی فڕین و ئازادی، کە بەوشەی ئەگەر ئەو خواستی ئازادییە دەردەبڕێت.
تەرخانکردنی زەمینەی شیعری لەلای شاعیرانی تر وەک هەور، ئەستێرە و خۆر هەڵبین... بۆ خۆیشی''بەڵام بۆ خۆم کێشەم لەگەڵ هەور و ئەستێرە و خۆردا هەبوو، بۆیە لە شیعری خۆمدا، ئەوان و زۆر شتی دیکەم ئەتککردن، تاکو بڕۆن و جارێکی دیکە ڕوویان نەبێت بێن و بڕەوێنەوە و بربیسکێنەوە و بکوژێنەوە هەڵبێن و پاشان ئاوابن.'' وشەی ئەتککردن جۆرە توندییەکە بۆ وەستانەوە دژی ئەوەی دووبارە دەبێتەوە. هەڵاتنی خۆر و ئەستێرە... ئەم وێنەی بێزارییە کە شاعیر هەراسان دەکات، دیسان بە ڕەتکردنەوەی ڕیتمی خۆدووبارەکردنەوەی ڕۆژانەیە، کە ئەو لێیان ڕادەمێنیت؛ وەک خۆرهەڵهاتن و شەوداهاتن کە بێگومان ئەستێرەکان نوێنەری شەون. دواتر هەمان ئەو وێنەیە لە دووبارەبوونەوەی بەیانی، نیوەڕۆ، ئێوارە... بەناو یەکدا دەچن و لەبازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە. بێگومان ئەوە هەستی شاعیرە کە دووبارەبوونەوەیان بۆ ئەو، لە هەمان کاتدا مایەیی بێزاری و دڵەڕاوەکەیە. ئەم دڵەڕاوکەیە لە نەزانینی گریمانەی داهاتووە، لەوەی ئاخۆ ''من''ی شاعیر چی بەسەردێت؟!.
شاعیر کە دەنووسێت هۆشی بەخۆی و بەدەوروبەری هەیە. تێگەیشتووە لەوەی خۆی پڕە لە کەموکووڕی، بەڵام ڕەتی هەموو بیروڕای ئەوانی تریش دەکاتەوە. بەرنگاریی هەموو جۆرە خۆشییەکیش دەبێتەوە کە تاکەکان هۆشیان بە هیچ نەبێت:''ئێوە دەڵێن: کە من چەوتم لار و وێڵ و گێل و خێلم، بۆ ئاگاداریتان من خۆشم ئەوانە دەزانم، کەواتە لێگەڕێن کۆیکەمەوە، ئەم قاپ و قاچاخی خەونە، ئەم نون و بوون و کەونە، بەڵکوو ئێوە فریا بکەون ئەو خەڵکە چیتر هەڵە نەکەن لار نەوەستن سەلار سەنگین ڕەنگین بە ڕێیبکەن ژیانێکی خۆش- بەڵام بەبێهۆش...
خۆ خستنە بەرابەر بەنێوەندی گەمەی: ئێوە/ خۆم، شاعیر خۆی دەکاتە خانەیەک و ئەوانی دی لەخانەیەکی دیکە. ئامانجی ئەم جۆرە شیعرە بەرگریکردنە لەدۆزێک، وەستانەویە دژی هاوبەشکردن، لەگەڵ ئەوانەی کە لە ڕاستیدا گوێی لێ ناگرن، گوێی پێ نادەن، بایەخی پێنادەن... بەڵام داواشیان لێ دەکات هاوبەشی تووڕەیی ئەو بن وەک مرۆڤێک. بۆ پێکاندنی مەبەستەکەیشی، ئەو پرۆسانەی بەکاریهێناون بریتین لە: بانگەوازکردنی خوێنەر، بواری وشەسازیی و فەرهەنگیی، چەمکی توندوتیژی، دادپەروەری، بۆچوون، دووبارەکردنەوەی وشەی سەر کۆپلەکان، دژییەکەکان. تەوەری مێژوویی، سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، هتد.
جیهان لەسەر شانی قورسە
شاعیر دەڵێت: ''منتان وەک شەیتان دێتە پێشچاو؟ ئێوە هەرگیز بیرتان لە پیاوێک کردۆتەوە لە بۆشاییدا؟ ئەو پیاوە، دەڵێم کە ڕۆژانە خەریکە خۆی دەکێشێت، هەمان ئەو پیاوە نووسین فریای ناکەوێت، جیهان لەسەر شانی قورسە، ڕۆژەکان بۆ ئەو بارێکن کە ناتوانێت بیانگوێزێتەوە بۆ داهاتوو...'' ئەم وێنەی بەراوردکردنە بە فیگەری شەیتان، بێگومان لە وێناکردنی ئەوانی ترەوە بۆ ''ئەو'' لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەسوڕێتەوە. وشەی خۆی دەکێشێت (consumer) بۆ نیشاندانی توندوتیژیی نەمانی هێز و وزەیەتی. ''پێشتر ویستم بڵێم: بەستەڵەکە ئەم جیهانە، چونکە هەرچی شتەکانی هەیە پێشترت بڕیاریان لێدراوە، جوان باش خۆش خراپ ناشیرین ناخۆش، ئەی من کارم چییە؟'' لێرەدا دێینەوە سەر تەواویی یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی هەموو وێنەیەک و بیرۆکەیەک، کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە. ئەم بڕیارە بە ''کۆ'' وەرگیراوە، هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی مانگ جوانە، ڕۆژ کرانەوەیە... بۆیە ئەو دەپرسێت کە ئێوە پێشتر هەموو بڕیاڕێکتان دەرکردووە چی بۆ ''من''ی شاعیر دەمێنێتەوە تاکو قسەی لەسەر بکەم و بەو شێوەییەی ''خۆم'' دەمەوێت قسەی لێ دەکەم، نەک بەو جۆرەی ئێوە پەسەندی دەکەن.
بێهودەیی لەم کوپلانەدا: ''خەون نەخۆشییە کوشندەکە- من خەونەکانم وەک دڵۆپەی ئاو، لە شاخێکی بەرزەوە بۆ سەر ڕووی گابەردێک دەتکێنە سەر گیانم، و لەسەرخۆ چاڵی دەکەن، کونی دەکەن، وردی دەکەن، ئەم گیانە هەرزان و تاڵانە...'' دەچنە تەک بێزاری و دڵەڕاوکە. جەستەی شاعیر وەک فیزیکی نییە لێرە، چونکو وشەی، گیانم بەکار دەبات، کە لایەنی ڕۆحییش دەگرێتەوە، هیچ بەهایەکی لەلای نەماوە. بەڵام، ئەم بەهایە هەمیشە گەمەیەکە، بەمبەستەوە ئەوپەڕ و ئەمپەڕی پێ دەکات. ئەم جێگۆڕکێیە بۆ قووڵکردنەوەی هەستی تەنیاییە کە ''من، خۆم'' لە دنیای ئەوانی تر ناگونجێم. ئەم وسیتێکی ئازدانەیە بۆ مانەوە لەبەرەی نەفرەتلێکراوەکان! پاشان هەست دەکەین کێشەیەکی گەورە لە ئارادایە، وەک ئاکامی نەهامەتیەکانی، سەبارەت بەخۆشەویستی، ''من ئەگەر هێزی خۆپیشاندانم هەبێت، یەکەمجار لەدژی خۆم ڕادەپەڕم، بەهەموو توانام، بەرانبەر خۆم دەوەستم و هاوار دەکەم: بڕوخێ دڵ... بڕوخێ دڵ... بڕوخێ دڵ...'' ئەم دروشمی یاخیبوونە مەجازیە لە دژی دڵ، بێگومان ئەودیوی دەکاتە هەرچیم بەسەرهاتووە هەتا ئێستا بەهۆی دڵە، بەهۆی خۆشەویستییە، وەلێ لەبەر ئەوەی هێزم نەماوە، بەرگریشم لەدەستداوە. کەوابێت خۆپێشاندانیش ڕوو نادات!.
لەبنەڕەتدا گەمەیەکی زمانەوانییە
شیعرەکەی بەوە کۆتایی پێ دەهێنێت کە، ''پاش چەند ساڵێک، ڕۆژێک ئەو قسانەی سەرەوەم بیر دەکەونەوە، زۆر پێکەنینم بەخۆم دێت، چونکە بۆم دەردەکەوێت، شتەکە چ گاڵتەجاڕییەک بوو! بەڵام ئەوەی باشە، ئەوکاتە من بۆ هەمیشە خەوتووم. شەوتان شاد/ ژیانتان شاد.'' لێرەدا قفڵکردنی بابەتەکەی بەتەواویی لەسەر وشەی خەوتنە نەک ئەوەی بەدوایدا دێت؛ کە جۆرێک لە سڵکردنەوەی تێدایە بەرانبەر بە بەکارهێنانی وشەی مردن، چونکە دەەربڕینی ڕستەیەکی پەنهان لەم چەشنە: '' (بۆ هەمیشە) خەوتووم'' دوولای تێدایە، هەمیشە/ خەوتن، کە هەردووکیان پشتگیری لە واتای مردن دەکەن. هەرچی بەدوایشیدا دێت: ''شەوتان شاد/ ژیانتان شاد'' تەنیا ڕستەیەکی پێشهاتە و پێش وەختە، کە لە هەنووکەوە بۆ داهاتووی ''خۆم'' لە مردنیدا ئاشکرای دەکات، وەک بزانێت کە ئاکامی ئەوەی دەیچێژێت هەر بەم شێوەیە کۆتایی پێدێت. بەڵام، گشتی لەبنەڕەتدا گەمەیەکی زمانەوانی شیعرییەتە، کە شاعیر بۆ پێکانی مەبەستەکانی دەبوو لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی قفڵکردنی شیعرەکەی بەو شێوەیە دەربڕینەکانی ''خۆم'' بخاتەڕوو. تەنانەت کە لەسەرەتایشەوە پێداگریی لەسەر ناوی ڕاستی خۆی دەکات: ''مەترسی داستان بەرزان'' ئەوەش هەر گەمەیەکە لە بەکارهێنانی ڕاستی بۆ خزمەتی داهێنانی دەقێکی شیعریەت و خەیاڵیی.[1]