$بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان$
جێگەی داخە جارێکی تر دادگەی فیدڕاڵیی ئێراق هەڵوێستێکی تری دوژمنکارانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە کرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت کە بڕیار بوو لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
لێرەدا مەبەست بڕە پارە نییە بەڵکو، کێشە سەرەکییەکە پێشێلکردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەک ئاگادارن کە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی ڕوون و تێروتەسەل بووە کە هەموو لایەنەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە. دابینکردنی بەشێک لە شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستانیش کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بەشێک بووە لەو بەرنامەیە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە. بۆیە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی کوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حکوومەتی ئێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.
جێگەی سەرسوڕمانە هەر کات کەشێکی ئیجابی لەنێوان هەرێم و #بەغدا# درووست بووبێت و دەرفەتێک بۆ چارەسەریی گرفتەکان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی کاری بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە کردووە و بە بڕیارێکی دوژمنکارانە دەرفەتەکەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی کێشەکان. دیارە ئەجیندایەکی گوماناوی جێبەجێ دەکات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محکمة الثورة) ی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.
لێرەدا داوا لە حکوومەتی ئێراقی و لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەکەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلکاری و دژایەتیکردنە نیشان بدەن کە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. [1]
#مەسعود بارزانی#
#25-01-2023#
$تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!$