$نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، سەقامگیریى سیاسى و ئەو ڕێککەوتنە بە ئامانج دەگرێت کە حکوومەتى نوێى فیدراڵیى ئێراقى لەسەر دامەزراوە.$
بڕیارى ئەمڕۆى 25-1-2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى ئێراق بە نادرووستیى ناردنى شایستەى دارایى و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکوومەتى فیدراڵیى ئێراقەوە لە ساڵانى 2021 و 2022، بڕیارێکى تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە.
ئەو بڕیارە نەک تەنیا مووچەخۆران و خەڵکى کوردستان کە هاووڵاتیى ئێراقن، بەڵکوو تەواوى پڕۆسە و سەقامگیریى سیاسى و ئەو ڕێککەوتنەش بە ئامانج دەگرێت کە حکوومەتى نوێى فیدراڵیى ئێراقى لەسەر دامەزراوە.
ئێراق بە پڕۆسەیەکى درێژ و ئاڵۆزى سیاسى و ناسەقامگیریدا تێپەڕى تاکو دواجار حکوومەتێک لە #بەغدا# هاتە کایەوە کە خەڵکى ئێراق هیوا و ئومێدیان لەسەر قۆناغێکى سەقامگیر و باشترى داهاتوو هەڵچنى. هەموو چاوەڕوانییەک لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى ئێراق ئەوەبوو کە بە پاراستنى بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى ئێراق و بە ڕەچاوکردنى دۆخى سیاسى، نەبێتە هۆى شێواندنى ئەو دەرفەت و کەشە ئەرێنییەى بۆ چارەسەرکردنى کیشەکانى وڵات، بەتایبەتى کێشەکانى #هەولێر# بەغدا درووست بووە و سەقامگیریى سیاسیى ئێراق نەخاتە مەترسییەوە!
ئەم بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى ئێراق لەم کاتەدا، جگە لەوەى گومان و دەیان نیشانەى پرسیارى گەورە درووست دەکات، هەروەها بابەتى پەلەکردن لە دەرچوواندنى یاسایەکى تازە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەى دادگەکە دەهێنێتە پێشەوە، وەک بەشێکى گرنگ و سەرەکیى ڕێککەوتنى لایەنە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنى حکوومەتى نوێى فیدراڵیى ئێراق. [1]
#نێچیرڤان بارزانى#
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#25-01-2023#