بەداخەوە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵیی ئێراق، بڕیارێکی دیکەی لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی ڕێکەوتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی زۆر کەمکردەوە و بووە سەرەتای گرژکردنەوە ناکۆکییەکان.
دادگای فیدراڵی، چەندین جارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار لە دژی ماف و دەسکەوتەکانی دەدات. وێڕای ئەوەی کە گومان لەسەر دەستووریبوونی کۆی دامەزراوەکەش هەیە و پێویستە بەپێی بنەماکانی دەستوور دابمەزرێندرێت و ڕێز لە مافەکانی تەواوی پێکهاتەکان بگرێت و دادپەروەری و وەکیەکی لەنێوان هەموان بەدیبهێنیت. ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیان و قووتی فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. کاریگەریی خراپیش دەکاتە سەر ئەو لە یەککنزیکبوونەوە و لیکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتبوونە ئاراوە و خەڵکی هەموو ئێراق بە ئومێدبوون ببێتە سەرەتای کۆتایی ناکۆکییەکانی نێوانیان و جێبەجێکردنی مادە دەستوورییەکان و گێڕانەوەی مافی هەموو ناوچەکان.
ئەو بڕیارەی دادگا دەبێتە هۆکارێک بۆ فرانبوونی درزی نێوان ڕێکەوتن و پێکهاتنی سەرجەم پێکهاتەکانی ئێراق، لەبری نزیککردنەوەی هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەکان، پتر لە یەکیان دووردەخاتەوە و کێشە و ناکۆکی و ئاستەنگەکانی ئێراقیش زیاد دەکات.
بەناوی پەڕڵەمانی کوردستانەوە داواکارین هەموو ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکراون هەڵبوەشینرێنەوە و جارێکی دیکە دەرگا بۆ گفتوگۆ و ڕێکەوتن بکرێتەوە.
دادگا و بنەماکانی یاسا بۆ لێکتێگەیشتن و لەیەکەوەنزیکبوون و دادپەروەرییە، نەک بۆ دوورکەوتنەوە و ترازان و خۆسەپاندن.[1]
پەڕڵەمانی کوردستان
26ی 1ی 2023