ناونیشانی بابەت: ئایا کلۆری ددان و ھەوکردنی پووک دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی نەخۆشییەکانی دڵ؟
ئامادەکردن: د. #تروسکە عەبدوڵڵا#
نەخۆشییەکانی پوک و کێشەکانی دەم و ددان بەگشتی کاریگەریان لەسەر تەواوی جەستەی مرۆڤ ھەیە و ئیھمالکردن و چارەسەر نەکردنیان دەبێتە ھۆ سەرھەڵدانی چەندان نەخۆشی تر لە جەستەی
مرۆڤدا.
- دەمی مرۆڤ چەندین بەکتریای تێدایە کە خۆشبەختانە بەشێکیان زیانیان نییە بەڵام بەشەکەی تریان زیانبەخشن و لای ھەموومان ڕوونە کە مرۆڤ لە ڕێگای دەمەوە ماددە خۆراکیەکان و گازەکان وەردەگرێت و لەم ڕێگەیەوە دەکرێت بەکتریا زیانبەخشەکان بچنە ڕێرە وی ھەناسە دان و ھەرسکردنەوە و لە ئەنجاندا ببێتە ھۆی ھەوکردنی ئەندامەکانی ناوەوە.
- بەرگری لەشی مرۆڤ لە کاتی ئاسایدا دەتوانێ ئەم بەکتریا زیانبەخشانە کۆنترۆل بکات ، بەڵام لەگەڵ ئیھمالی و پاک ڕانەگرتنی دەم و ددان و پووک ، دەبێتە ھۆی زیاد بوونی بەکتریا زیان بەخشەکان و سەرھەڵدانی ھەوکردنی پوک و کێشەکانی ددان بەگشتی.
- لەگەڵ زیاد بوونی بەکتریا زیان بەخشەکانی ناو دەم و درووستبوونی ھەوکردنی پوک مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و ھەوکردنی سییەکان زیاتر دەبێت ، ئەویش بە ھۆی گواستنەوەی ئەم بەکتریا زیانبەخشانە لە دەمە وە بۆ بەشەکانی تری جەستە لە ڕێگای خوێنەوە ، کاتێ ڕووپۆشی ناو دەم بریندار ئەبێ بەھۆی ھەوکردن یان کلۆربوونی ددانەوە ئەگەری زۆرە بەکتریای زیان بەخش لە ڕووپۆشی ناو دەمەوە بچێتە ڕێڕەوی خوێن و لەوێشەوە بگاتە زۆر ئەندامی ناوەوەی جەستە لەوانە دڵ، سییەکان، جومگەکان، ئەو بەکتریا زیان بەخشانە کاتێ ئەگەنە دڵ ئەبنە ھۆی ھەوکردنی دیواری ناوەوەی دڵ کە ئەمەش زۆر جار ئەبێتە ھۆی درووست بوونی زۆر کێشەی تر بۆ دڵ و مێشک و سییەکان.
- مەترسی گواستنەوەی ئەم بەکتریا زیان بەخشانە زیاد دەکات لەگەڵ زیاد بوونی کلۆری و کێشەکانی ددان و ھەوکردنی پووک، بۆیە زۆر گرینگە لەگەڵ ھەستکردن بەم کێشانە سەردانی پزیشکی ددان بکرێت و خۆتان ڕزگار بکەن لەم بەکتریا زیان بەخشانە بۆ ئەوەی دواجار نەبێتە ھۆی درووستبوونی کێشەی تەندرووستی گەورەتر.
$چۆن تەندرووستی دەم و ددانەکانمان بپارێزین؟$
1- ڕۆژانە دووجار شۆردنی ددانەکانمان بە شێوازێکی درووست.
2- بەکارھێنانی پەتی ددان بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە یەکجار ، بۆ ئەوەی نێوانی ددانەکان پاک بکرێتەوە و نەبێتە ھۆی درووستبوونی نەخۆشی پووک.
3- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازیەکان و جگەرە کێشان و ماددە کحولییەکان.
4- پێویستە زیادەڕەوی نەکرێ لە خواردنی شیرینیدا.
$تێبینی$
- زۆرکەس دەلێت پەتی ددان بەکار ناھێنم لەبەر ئەوە کە بەکاری دێنم پووکم خوێنی لێدێ و ئازاری ھەیە!
- ئەگەر تۆ یەکێکیت لەوانەی ئەم حاڵەتەت ھەیە ، ئەوە مانای ئەوەیە ھەوکردنی پووکت ھەیە و پێویستت بە چارەسەرەو ئیھمالی تێدا مەکە ، پووکی تەندرووست ڕەنگێکی پەمەیی و جوانی ھەیە و لەکاتی ددان شۆردن و بەکارھێبانی پەتی ددان خوێنی لێنایەت و ئازاری نییە. [1]