$خودا خۆی نیشانی کێ دەدا؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
داستانی موسا و بینینی خودا داستانێکی بووە بە سوژە و نێچیرێکی زۆر ئاوکێش بۆ ئەدیبان و شاعیران و بەردەوام بە مێتافۆر و جۆری جیاواز لە شیعرەکانیاندا ڕەنگدەداتەوە.
لەتەوراتدا و لە ئایەتەکانی Exodus 33:19–23 داستانەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات: موسا وتی ئەی خودا خۆتم نیشان بدە، خودا پێی گوت: موسا تەماشای ئاساری من بکە لە ڕەحمەت و خۆشەویستی، وبەزەیی و چاکەی ڕەها ئێستا کارێک دەکەم هەموو ئەو جێکەوتانەی ئاسارەی من لەبەرچاوت ڕەت ببێ. مووسا سوور دەبێت لەسەر ئەوەی خودی خودا ببینێت، خودا پێی دەڵێت: ئەی موسا ئەوەی من و دەمووچاوی من ببینێت ناتوانێت بە زیندیی بمێنێتەوە. من ئێستا تۆ لەنێو دەستەکانی خۆمدا دەپارێزم و خۆم بۆ ئەو بەردەی بەرانبەرت نیشان دەدەم بزانە چۆن هەپروون بە هەپروون دەبێت، دواتر دەستەکانم دەکەمەوە تۆ دەتوانیت تەماشای پشتم بکەیت
هەرچی لە قورئاندا ههەیە داستانەکە بەم جۆرە باسی لێوەدەکرێت کە موسا هات بۆ ژوانمان، پەروەردگار قسەیە لەتەکدا کرد، موسا وتی ئەی پەروەردەکارم ڕێگەم بدە لێت بڕوانم! خودا وتی موسا تۆ ناتوانی من ببینینت، بەڵام تەماشای ئەو شاخە بکە لەبەرانبەرتەوە، گەر توانای خۆڕاگرتنی هەبوو لەبەرانبەر دەرکەوتنی مندا ئەوا تۆش دەتوانیت بمبینیت، کە خودا خۆی بۆ شاخەکە نیشاندا، شاخ لەشوێنی خۆی بوو بەخۆڵ و هەپرون بە هەپروون بوو، موساش لە بینینی ئەوە بێهۆش کەوت، کە هۆشی هاتەوە بەر خۆی وتی: پاک و بێگەردی بۆ تۆ، تۆبە لەوەی وتم و داوام کرد، ئێستا یەکەمین ئیماندارانی تۆم الاعراف 143
هەم ئایەتەکانی تەورات و هەم ئایەتەکانی قورئان هەمان ڕووداو بەهەمان ناوەرۆک و بەنزیکەییش هەمان داڕشتن دەگێڕنەوە کەبەسەر موسا دێت. ئەم ئایەتانە لێوانلێون لە نهێنی و قسە و تەفسیری نەگوتراو. دەیان هەزار دێڕ قسە هەڵدەگرن، من ئەمە دادەنێم بۆ کاتی خۆی، ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەم باسە چۆن لەئەدەبیاتی کلاسیکی ئێمەدا باس کراوە و قووڵکراوەتەوە:
سەعدی شیرازی لە غەزەلیاتەکەیدا پێی وایە ئێمە کە شیاوی ئەوە بووین بگەینە شاخی طور لەسینا پێویست ناکات داوا لەخوا بکەین تا بیبینین و بڵێین خۆتمان نیشاندە ارنی، چونکە ئەم ئاوات و خۆزگەیە خۆزگەیەکی تەواو لاواز و لەرزۆکە لەبەرانبەر وەڵامە جەرگبڕ و نائومێدکەرەکەی لن ترانی. ئەم خۆزگەیە بەرابەر نییە لەگەڵ ئەو وەڵامە توند و نائومێدکەرەدا:
چو ڕسی به کوه سینا ارنی مگو و بگذر
که نیرزد این تمنا به جواب لن ترانی
بەگوێرەی تەرمینۆلۆژی تەسەوف ئەم بۆچوونەی سەعدی وەک سیر الی الله لێکدەدرێتەوە.
حافیزی شیرازی پێی وایە ئێمە گەر لیاقەتی ئەوەمان پێ بڕا و توانیمان بگەین بگەین بە طوری سینا، واباشە داوای بینین بکەین بەخودا بڵێین ارنی خۆتمان نیشاندە، بەڵام کە ئەم داوایەمان کرد چاوەڕێی بینینی نەبین، بەڵکوو گوێ هەڵخەین بۆ ئەوەی دەنگی خودا ببیستین، گرنگ نییە ئەو دەڵێت دەتوانیت بمبینیت یان نا، گرنگ ئەوەیە ئێمە گوێمان لەدەنگی ئەو بێت، بۆیە دەڵێت کە داوات لێکرد بیبینی، گوێ بۆ دەنگەکەی هەڵخە نەوەک مانای وەڵامەکەی کە دەڵێت لن ترانی:
چو ڕسی به طور سینا ارنی بگو و بگذر
تو صدای دوست بشنونه جواب لن ترانی
لە تەسەوفدا ئەم بۆچوونەی حافیز زیاتر بە سیر فی اللە لێکدەدرێتەوە.
مەولانا جەلالەدینی بەڵخی کەمێک کامڵتر دەردەکەوێت، پێچەوانەی حافز و سەعدی پێی وایە کەسێک داوای بینینی خودا دەکات کە پێشتر ئەوی نەدیبێت و دەڵێت کەسێک دەڵێت ارنی کە پێشتر تۆی نەدیبێت، کە تۆ هەمیشە لەگەڵم بیت، چ باکمە بە وەڵامەکە چ تری یا لن تری بێت:
ارنی کسی بگوید که ترا ندیده باشد
تو که با منی همیشه چه تری چه لن ترانی
ئەم بۆچوونەی مەولانا زیاتر لە سیر من اللهدەچێت!
ئەم دێڕە لەهەندی سەرچاوەدادەدرێتە پاڵ مەولانا، بەڵام لە شوێنێکی دیکەدا کە لە غەزەلیاتی شەمسدا هەیە لە وەسفی پێغەمبەری ئیسلامدا دەڵێت: وەک عیسا بەنێو فەلەکدا بێ و بڕۆ، وەک موسا داوای ارنی بکە، خودا هەرگیز بە تۆ ناڵێت بێدەنگ بە ناتوانیت بمبینی لن ترانی:
به فلک برآ چو عیسی ارنی بگو چو موسی
که خدا تو ڕا نگوید که خموش لن ترانی
سالمی ساحێبقڕان پێی وایە چەندێ داوای بینین بکەین هەر بۆ ئەوەیە دەنگی خۆی ببیستین، ئەگەرچی وەڵامەکە وەڵامێکی وەک لن ترانیش بێت:
لیقا خواهیش دەکەم هەمیشە کە بنوێنێ وەلێ ناچار
ڕەزام حەرفێ لە جوابت بشنەوم گەر لن ترانی بێ
مەلا عەبدڕڕەحیمی وەفایی پێی وایە ئەوەی خودا بیڵێت خۆشە، تەنانەت گەر وەڵامێکی وەک وەڵامی لن ترانییش بێت:
هەرچی تۆ پێت خۆشە مەحزی ڕەحمەت و مەقسوودی دڵمە
گبەر عیتابی لن ترانی یا خیتابی أو دنا بێ
مەلای جزیری دەڵێت لەبەرانبەر ئەو فکرە موساییەی کە لە سەرمدا دێت و دەڕوات بۆ دیتنی تۆ، دڵ هەڵقرچاوە وبووە بە طوری سینای وەڵامی لن ترانی تۆ:
دلۆ ئەر تێ مەکە گازی جەوابا «لن ترانی» دا
ژ بەر فکرێ د مووسایی دلێ من توورێ سینایە
عەلامە تەباتەبائی خاوەنی تەفسیری میزان دەڵێت: دەمەو بەیان و لە وەختی سەحەر بە ئەسپایی هاتمە بەر دەرکەکەت تا بە نهێنی بتبینم، بە بێ ئەوەی جارێک داوای بینینت ارنیت بکەم دوو هەزار جار گوتت لن ترانی:
سحر آمدم به کویت که ببینمت نهانی
اَرِنِی نگفته گفتی دوهزار لَن تَرانی
حاجی قادری کۆیی پێی وایە گەر خودا مەنعی نەکا لە دیتنی و خۆی نیشان بدات ئەوا ئەم بەیەکجاری و یەکسەرە دەمرێ، کە ڕێگری لە دیتنی دەکات و پێی دەڵێت لن ترانی ئەم ئیدی وەک موسا بە بیستنی ئەم وڵامە بێهۆش دەبێت خر موسی صاعقا، وەڵامی لن ترانی لە دیدی حاجی قادردا بۆ ئەوەیە بەیەکجاری نەمرێت چونکە بەرگەی دیدار ناگرێت:
من دەبێ بمرم ئەگەر مەنعم نەکا حاجی لە خۆی
با جەوابی لَن ترانی، خَرَّ موسی ساعیقە
مەحوی لە قەسیدەی بەحری نووردا پێی وایە کە موسا بە خودای گوت خۆتم نیشاندە، بە لن ترانی وەڵامی درایەوە، حەزرەتی محەمەد بەبێ ئەوەی داوای بینین بکات خودا بێ پەردە خۆی نیشاندا:
کەلیم أرنی کە فەرموو هەر جوابی لن ترانیی دی
موشەڕڕەف بوو محەمەد بێ تەڵەب بەو مەرتەبە و شانە
تەبیعی ئەوەی مولانا تەعبیرە لە حاڵێکی زۆر قوڵ کە مەگەر بەس ئەمسالی خۆی تێی بگەن... [1]