$دارا دوو داری نەدی!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
دارا دوو داری دی... دوو داری زۆر دوور، نازانین دارا لەم دنیا فراوانە بۆچی تەنیا دوو داری دی! گریمانەیەک هەیە دەڵێ دارا بە یاسای دار وای لێکراوە کە جگە لە دوو دار هیچی کە نەبینێت! گریمانەیەکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوایە دارا وەک تاکێکی کۆمەڵگەیەک کە باوەڕی بە تیۆری مێگەلیزم هەیە خۆی لە بینینی ئەو دونیا فراوانە گێل کردووە. گریمانەی کۆتایی باوەڕی بەوە هەیە کە دارا بواری پێنەدراوە بینینەکانی دیکەی بنووسیت تا خوێندکاری کورد لیی بەئاگابێ. بەهەرحاڵ پێشبینی کردنی هەر گریمانەیەک لە جیهانی سێ ڕاستە چونکە لەوێ دار حاکمە. ئەوەی من دەمەوێ لە زاری دارا بیگوازمەوە ئەوەیە کە تازە بە تازەیی دارا ددانی بەوەدا هێناوە کە ئیدی ئەو زۆر جیاوازە لەو دارایەی دە ساڵی ڕابردوو، دارا دەڵێ ئەمڕۆ زیاتر دەبینێ و ئەو دوو دارە چیدی ناتوانن ڕێگر بن لەو دونیا فراوانەی کە دارا دەیەوێ بیبینێ ، چونکی دار کە کلۆر بوو ناتوانێت وەک پێشووی ببێتە بەربەست لە بینینی ئەوانی دیکە، یان ئەبێتە سووتەمەنی و لە تونی گەرماوەکاندا بەکار ئەهێنرێت یان لە شوێنی خۆی ئەپوکێتەوە تا بچوکترین ئاسەواری نامینێت.
وانەی یەکەمی ئەمڕۆی 'ئەلفبێ' زۆر جیاوازە لە یەکەم وانەی هەژدە ساڵ لەمەوبەر ، خۆشبەختانە دارا پاش هەژدە ساڵ زیاتر لە دوو دار نیشانی ئێمە دەدات، ئەو شەوە سوورەکانی پشت ئەو دارانە بە چاوی خۆی دەبینێت، دەست لە ڕەگە تەنک و پتورکاوەکانیان دەدا ، واقی لە پەلوپۆ وشکەکانیان وڕ دەمێنێ ، هەرچەندە وشەکانی 'ڕەگ ، شەوی سوور ، پەل و پۆی وشک ' لەوانە نییە زۆر ئاسان بێ بۆ وانەی یەکەمی ئەلف بێ بەڵام چار نییە ئیبراهیم باڵدار ئەم جیاوازیانە لە پەڕتووکەکەیدا دەکات و دەبێ خوێندکارانی وانەی یەکەمی ئەلف بێ ئگاداری ئەو جیاوازییانە بن و فێری ببن.
ئەو شتەی دارا ئەخاتە حیرەتەوە ئەوەیە کە ئەو دوو دارە هەردوو لە تەنێشت یەکەوەن ، چەند پێیەکە نێوانیان ، لەسەر یەک ئەستێرەن پێی دەوترێت زەوی ، یەک هەتاو لێیان دەدا ، لەیەک ئاو دەخۆنەوە ، بەڵام وەرزەکان لە یەکێ بۆ ئەوی دیکە دەگۆڕێ ، دارا تێناگا لەوەی چۆن هاتنی بەهارو پاییز لەیەک کاتدا دەگونجی؟! تێنەگەیشتنی دارا لەم دژیەکە ئاساییە چونکە ئەم دیاردە نامۆیە زانایانی فیزیاو جوگرافیشی تووشی شۆک کردووە، لە دەنگوباسی کاتژمێر دە باسی ئەوە کراوە کە خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ لە شیکاری ئەم هاوکێشەدایە...
دار لای دارا ئەو دارە نییە کە بەردت تێگرت بەرت تێگرێ نا هەزار جار نا بەڵکوو دارا لە میژە چاوەڕێی بەر نییە لێیان ، ئامادەش نییە لە چلەی تەمموز تاوێ لەژێر سێبەرەکایان بحەسێتەوە، چونکە نایەوێ ببێتە مەیتەر و بارەبەریان.
شوومی ئەم دوو دارەی کە دارا دیونی هەر ئەوە نییە ڕێگری لە سەوزبوون و نەشونماکردنی نەمام و دەغڵ بکەن ، زیاتر لەوە بواری شین بوونی تاڵە دڕکێکیش ناهێڵنەوە، ئەمەش هۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی دارا زیاتر لەو قسەیەی مامۆستای کشتوکاڵ ورد بێتەوە کە دەیوت ''هیچ شتێک لەژێر سێبەری شتێکی دیکەدا نە سەوز دەبێ نە نەشو نما دەکا''.
ئیدی دارا پیچەوانەی هەموو مرۆڤە کانی دنیا نەک هەر کەیفی بە دار نایە، بەڵکوو دار لای ئەو بێزراویشە، وا بۆ چارەکە سەدایەک دەچێ ئەوان بوونەتە مڵۆزم لە بەردەم بینین و تەنانەت بیرکردنەوەکانیشیدا.
دارا ئەوان زیاتر وەک ئەو دارانە تەماشا دەکا کە ئامادەن لەپێناو مانەوەی خۆیان خوێنی هەزارانی وەک حەللاج بە قەدەکانیاندا بێتە خوارەوە و پێشیان شەرم نەبێ. ئەوەی دارا زیاتر ئەحەپەسینێ ئەوەیە کە ئاخۆ دەبێ سوودی ئەم هەموو لق و پۆ وشکە چی بێ و چ هیوایەک ببەخشن؟
دارا سەری بەقەدەر هەموو بوون گەورە بوە بەڵام دارەکان گوماناویترین شتی دونیای داران، هەرچەندە لە وڵاتە ژینگە پارێزەکاندا دار نیشانەی ژینگەیەکی پاک و تەندرووستە بەڵام دارا هەستی بەوە کردووە کە ئەو دارانە هۆکاری پیسی هەوای گوندەکەی ئەون ، چونکە ئەو دارانەی دارا دیونی پێچەوانەی هەموو دارەکانی دونیا لەبری ئۆکسجین دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن، هەناسە توندی دارا شایەتییەکی باشە لەسەر ئەم ڕاستییە.
دارا پاش دەرککردنی هەموو ئەم بەدبەختیەی کە تێی کەوتووە چاوەڕێی ڕێگا چارەیەکە لە مامۆستای وانەی یەکەمی ئەلفبێ، مامۆستا ئامۆژگاری دارا دەکا بەوەی کە بێدەنگ بێ لە وتنی ئەم ڕاستییانە لە وانەکانی داهاتوو، چونکە لەوانەیە یەکێ لە خوێندکارەکان بینیەکانی دارا بۆ دارەکان بگێڕێتەوەو ئەوانیش بێبەزەییانە پەتی جۆلانەکەی بۆبکەنە پەتی سێدارە ، و ئیدی کەس لەناو کورد فێری خوێندن نابێ چونکی دارایەک نامێنێ دوو دار ببینێ.
باڵداریش پاساو بۆ دارا دێنێتەوە بەوەی کە کە ئەو سەرپشک نییە لە قەتیس کردن و پاشانیش بچوککردنەوەی ئەو لەو دوو دارەدا ، بەڵکوو ئەوە ئەو کلتوورە سەرپشکە کە پێوەرێکی درووست و گونجاوی نییە بۆ فەلسەفەی دار . کۆمەڵگایەک لەناخیدا هیچ پرسیارێکی نەبێ بەرانبەر دار و بیری لێنەکاتەوە، یان هەر بیرکردنەوە نەبووبێتە بەشێک لە ژیانی ، کلتورێک جارێ دەنگدەر بێت و جارێ جنێودەر ، کۆمەڵگەیەک گانج و بچووکی بووبنە ڕٶبۆتێکی بەردەم شاشە ڕۆتینییەکان ، هەمیشە ئەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلی دار ، نەخۆی بەدیهێنەری بووە و نە تواناو دەسەڵاتیشی هەیە بەنێو ئەم شەپۆلانەدا ببزوێ ، چونکە نە لق و پۆی ناسیون و نە ڕەگ و دیوە تاریکەکانی.
کاتێک کۆمەڵگەیەک زەوق و هەواو هەوەس بڕیاری پیدەدا ، و کەوچکێ لە ڕۆمانسییەت دەکاتە هەموو شتێکەوە ، لای ئەوان باشترین کتیب ئەوە نییە کە داهێنەرانە نووسراوەو کۆمەڵی پرسیاری ورد لەسەر کێشەکان دەخاتە ڕوو ، بەڵکوو ئەوەیانە کە زۆرترین فرۆشی هەیە ، لای ئەوان باشترین ئەجێندای سیاسی ئەو ئەجێندایە نییە کە زۆرترین مانای عەقڵی هەیە و چارەسەریشە بۆ خەمەکانی وڵات ، بەڵکوو ئەو بەرنامەیەیە کە زۆرترین پڕو پاگەندەی ئایدۆلۆژی بۆ دەکریت و دەغدەغەی سۆزو مەیل و هەواو هەوەسی دەنگدەرانی دەکا ، ئیدی لەبەرهەم هێنانی دوو داری وشک دەبێ چاوەڕێی چی دیکەی لێبکرێ. [1]