$عەدالەت وەک دەستی خودا لەسەر زەوی!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بەیەک وشە تا دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەنی ئازای تێروتەسەل درووست نەبێت نەوەک درووستبکرێت هیچ شتێک چاک نابێت، نەک هەر چاک نابێت دوێنێ لەمڕۆ زیاتر و سبەینێش لەمڕۆ کەمتر دێنێت.
هەڵبژاردن، پارلەمان، حکومەت و میدیا دەشێت وەک میوەی دیموکراسیی چاویان لێبکرێت، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی دڵ و بڕبڕەی پشتی هەموو دیموکراسییەکە. دەشێت دیکتاتۆرترین و خوێنڕژترین و دزترین دەسەڵاتدارەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردن و پارلەمان و حکومەتی بنکە فراوان و میدیای ئاکتیڤ و تەنانەت ڕەخنەگریش هەبێت، بەڵام هێندەی مەحاڵ نەکردەیە مرۆڤێکی بچوک و ترسنۆک و ناخ شێواو و سایکۆپات و کەللەرڕەقی وەک کەسێتی دیکتاتۆر باوەڕی بە دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ هەبێت. لە بەشار ئەسەد و ئاردۆگان و سەدام و قەزافی و موبارەکەوە بۆ پوتن و هیتلەر و مۆسۆلینی هەموویان بە هەڵبژاردن هاتونەتە سەر تەخت، میدیای ئاکتیڤیان هەبووە، حکومەتەکانیان چەند ساڵ جارێک گۆڕیوە، پارلەمانیان بە هەڵبژاردن داناوە بەڵام ئەوەی ئەمان نەیانبووە و هەمیشە لێی ترساون دەسەڵاتێکی دادوەریی موحاید و ئازا و بێلایەن و جەسوور بووە.
ئەمڕۆ بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێز و بوونی لانی زۆری عەدالەت لە ئامریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و لیبراڵدا هیچ کەسێک ڕووت و بێکەس و بێ لانە نییە، سواڵکەرترین و بێ مەئواترین بێنەواترین کەسانی سەرجادەش بێ بەهرە نین لەم مافەی عەدالەت. کەس ناتوانێت سنووری کەس ببەزێنێت. ئەوەی لەوێ ژیانی یەکسانی بێمەرجی بۆ هەموان دابین کردووە ئەوەیە عەدالەت کراوەتە پێشمەرجی ژیان. گرنگترین میوەش کە عەدالەت پێشکەشی ژیانی بکات ئازادییە نەوەک پارلەمان و حکومەتی بێسەواد و میدیای زبڵدان.
کە عەدالەت کرایە پێشمەرج، ئازادی بۆخۆی تەحسیل حاسڵە، کە ئازادیش هەبوو کەس ئیتر کەس ڕووت نابێت.
مرۆڤ چەندە بۆ عەدالەت بژی، عەدالەتیش ئەوەندە پەردە لە ڕوی خۆی بۆ لادەدات. بەو شێوەیە نییە عەدالەت هاوردە بکرێت بەڵکوو عەدالەت لە ناوەوەی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێت بۆ دەرەوە. لە تەرمینۆلۆژی کۆنی ئیسلامییدا قسەیەک هەیە دەوترێت تەنیا کەسانی موعتەدیل و خاوەن عەدالەت و ئاشتیی ناوەکیی دەتوانن عادل بن لە دەوڵەتدارییدا. مەحاڵە کەسێک لە ناخی خۆیدا و بەرانبەر خۆی ناعادل بێت بتوانێت کۆمەڵگا و حکومەتێکی عەدالەتخواز سەرڕێبخات. ئەم شتە لە ناوەوە دێتە دەرەوە.
لەم جۆرە وڵاتانەی ئێمەدا دەسەڵاتی دادوەریی کە دەبێت پشت و پەنای خەڵک بێت زۆر جار بە فیتی سیاسیی و لەژێر فشاری میدیای دەوڵەمەنددا لە دژی خەڵکەکەی خۆی مۆبەڵایز دەکرێت. ئەمڕۆ لاوازترین دەسەڵاتک کە بشێت لەم وڵاتانەی لەمەڕ خۆمان بیبینین دەسەڵاتی دادوەرییە. زۆرجار کاریگەریی دادوەرێک یا داواکارێکی گشتی یا ئەنجوومەنێکی وەک ئەنجوومەنی شورا لە کاریگەریی نووسەرێک یا میدیاچییەکی میدیایەکی دەوڵەمەند کەمترە. هەر ئەمەیە وادەکات بەشی زۆری خەڵک متمانە بەو دەسەڵاتە نەکەن و دیوەخانەکانی پێش هاتنی ئیسلام هێشتا ئاوەدان بن و جمەیان بێت بۆ سوڵحی ژنهەڵگرتن و خەلەوخەرمان سووتاندن و چەتەیی و ڕاووڕوت.
لاوازیی و پاسیڤیی دەسەڵاتی دادوەری لای ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی بە جۆرێکە هیچ کەسێک بە خەیاڵیشیدا نایەت ڕۆژێک لەڕۆژان بتوانێت سەرۆک، سوڵتان یا پادشای وڵات بباتە بەردەستی ئەو دەسەڵاتەوە، ئەمە نەوەک واقیع نییە، هێشتا نەبووەتە خەونیش!هیچ کەسێکی حیجازیی بیری لەوەکردۆتەوە ڕۆژێک مەلیک سەلمانی سعودیە بچێتە بەردەم دادوەرێک؟ ئەمە لەبەر ئەوەنییە زۆر عەدالەتخوازە و بەچاوی یەکسان لەهەموان دەڕوانێت، نەخێر هۆکارەکەی نەبوونی ئەم دەزگایەیە لە زیهن و خەیاڵدانی خەڵکدا، کاتێکش شتێک لە زیهندا نەبوو مەحاڵە لە واقیعدا جێکەوت بکرێت.
لەسەرۆک گەڕێ کە زیاتر وەک خودایەک لێی دەڕواندرێت لە ڕۆژهەڵات و جیهانی سێدا، لە مێشکی خەڵکدا حاشییەنشین و دەربارەکانیشی ڕۆژێک لەڕۆژان کەس ناتوانێت ڕاپێچی دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییان بکات. کاتێکیش کەسێکی پلەچوار یا پلە پێنجیان دادگایی دەکرێت و دادگا بە حیسابی خۆی عەدالەت دەچەسپێنێت و بڕیارێکی لەدژ دەردەکا ئیدی دەبێتە جەژن لای خەڵک، چونکە خەڵکەکە هەر لەسەرەتاوە لە گرنگیی ئەم دەزگایە تێنەگەیشتووە ئێستاش هەر لێی تێناگات! گەر مرۆڤێک دەساڵە دزە ئەم دەزگایە چۆنە پێشتر لێی نەپرسیوەتەوە؟ گەر دزیش نییە دیارە ئەم بڕیارە عەدالت نییە.
وەک چۆن یەکەمین ئۆرگانی مرۆڤ لە پاش مەرگ لەکار دەکەوێت دڵە، بەهەمان شێوە لە مەنزومەیەکی فاشیل و دیکتاتۆرییشدا یەکەمین دامەزراوەیەک کە لەکار دەکەوێت دامەزراوەی دادوەرییە، ئیدی لە پاش لەکارکەوتنی ئەم دڵە زیندووە ماکیاجکردنی جەستەیەک کە دڵەکەی لە لێدان کەوتووە لە تراژیکۆمیدییەکی تەمام عەیار زیاتر نییە. بوونیی میدیا و پارلەمان و حکومەت و ڕۆژنامە و ئیدیعای بوونی ئازادیی هەمان ئەو ماکیاجکردنەیە، بە تێپەڕبوونی کات ماکیاجکردن دادی جەستەکە نادات و بۆگەن دەبێت. بەقەولی مەحوی دەبێتە قەسابخانەیەکی بۆگەنیو:
لەعارف عامییەک پرسی هەواڵی مەسلەخ و قەساب
بەئەنگوشتی شەهادەی کرد کە شوێنی مەحکەمە و نائیب [1]