$کاک قوباد چۆن هێزی ئەمنی هۆشیار دەکەیتەوە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
جێگری سەرۆکی حکومەت: قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوێتی ئەرکی پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان ھۆشیارکردنەوەی کارمەندەکانیانە لەسەر پیشەیی بوون و ڕێزگرتنی کەرامەتی ھاوڵاتیان. زۆرم هێناو برد نەمتوانی لە تەلیسمی ئەم قسەیە تێبگەم! پارادۆکسێکی عەنتیکە لەم قسەیەدا هەیە.
فەرماندەیەک چۆن دەتوانێت ئەندامێکی هێزەکەی هۆشیار بکاتەوە و پێی بڵێت لە دیسپلینی سەربازی و ئیتاعەتکردنی بێ چەند و چۆن لابدات لەکاتێکدا کاری ئەو هێزە تەنیا و تەنیا ئیتاعەتکردنی بێ پرسیارە؟ ئەسڵەن کامە فەرماندە خۆی ڕووناک و هۆشیار بوەتەوە تا هێزەکەی هۆشیار بکاتەوە؟
دەبوو جێگری سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ باش لەوە بگات لە بنەڕەتدا کاری پۆلیس لەسەر لۆژیکی ئیتاعەت بوونیاتنراوە، کارەکەیان بەو جۆرەیە نەک خۆیان کەسانی باش یان کەسانی خراپ بن لە زاتی خۆیاندا، شتەکە زاتیی نییە و پەیوەندی بە خودی پۆلیسەکەوە نییە ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەرکەکەیەوە هەیە، شتێکمان نییە بەناوی پۆلیسی باش و پۆلیسی خراپەوە، ئەوەی هەیە سیستمی باش یان سیتسمی خراپە کە بوونی هەیە.
خەڵێکێک لێرەولەوێ جاروبار هاواری لێبەرز دەبێتەوە ئەوان بە براو کەسی خۆی دەزانێت، شیعریان بە سەردا هەڵدەڵێت: موغازەلەیان دەکات، ئەمە کوشندەترین جۆری بیرکردنەوەیە سەبارەت بەوان، چونکە کاتێک ئەوان لە ئەرکدان پارێزگاریی لە سیستم دەکەن و فەرمانی سەروو خۆیان وەک بەشێک لە ژیانیان بەجێدەهێنن نەوەک بەرگری لەوە بکەن چاوە کاڵەکانی ئێمە گەرد بگرن، ئەوان هەرگیز نابنە براو کەس و دۆستی کەس. سیستم کاری پێیانە و بەوجۆری ئەو دیهەوێت نەوەک خەڵک ئارەزووی دەکات هەڵدەسوڕێندرێن.
یەکجار بە فیکر ئەمە چارەسەر بکرێت ئیدی ئەم سوڕە بێ مانایەی بگرە و ولێدە و سەرکوتکە تەواو دەبێت. هێزی ئەمنیی کاتێک لە ئەرکدان دۆست برا و خزمی کەس نین، ئەوان پاسەوانی سیستمن، جا گەر سیستمە عادل و مرۆڤدۆست و ژینگە دۆست بێت ئەوا بە پەڕاندنەوەی قاز و مراویی سەر شەقامە قەرەباڵخەکانەوە سەرقاڵ دەکرێن وەک ئەوەی لە نیوزلەندا دەبیندرێت، گەر سیستمەکەش تۆتالیتار و سەرکوتکەر و ناعادل بێت ئەوا بە شەق لە کچێک یا ژنێکی بێدەسەڵات دەدەن. هێزی ئەمنی ئاوێنەی دەسەڵات و سیستمی شوێنەکەیەتی. کاک قوباد تەنیا بە گۆڕینی سیستم و بکەرەکانی دەتوانێت ئەوان هۆشیا بکاتەوەو وایان لێبکات ڕێز لەکەرامەتی مرۆڤانەی مرۆڤ بگرن. [1]