کۆنگرەی شەشەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان#- (پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق – #01-07-1964#) ، لەسەر داوای سەرۆک #مەلا مستەفا بارزانی# و ڕەزامەندی لێژنەی باڵای چاودێری و پشکنین لە شاری قەلادزە ئەنجامدرا، دوای ئەوەی لەلایەن مەکتەبی سیاسی ....حزبەوە لە کۆنفڕانسی ماوەتی 1964 هەوڵ بۆ دوو لەت کردنی پارتی درا.
کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان- (پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق – 1ی تەمووزی 1964) ، لەسەر داوای سەرۆک مستەفا بارزانی و ڕەزامەندی لێژنەی باڵای چاودێری و پشکنین لە شاری #قەلادزێ# ئەنجامدرا، دوای ئەوەی لەلایەن مەکتەبی سیاسی حزبەوە لە کۆنفڕانسی ماوەتی 1964 هەوڵ بۆ دوو لەت کردنی پارتی درا.
$هۆکاری بەستن$
لە ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانی 1963 هێرشی بۆسەر کوردستان دەستپێکردەوە و ڕژێم هەرچی هێزی چەکدار هەبوو ناردیە مەیدانەکانی شەڕ. لەم هێرشانەدا ڕژێم یارمەتیی لە هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکەش وەرگرت، هێزی ئاسمانیی تورکیا و ئێران کە ئەندامی پەیماننامەی سەنتۆ بوون، ڕێگەیان پێدرا سنووری ئێراق ببەزێنن و بنکەکانی پێشمەرگە بۆردومان بکەن، سوپای سووریاش لە ڕێگای وشکانییەوە هاتە نێو خاکی ئێراق و لە ناوچەکانی بادینان یارمەتیی سوپای ئێراقیدا، هەرچی هێزە نێودەوڵەتییەکان بوون وەک یەکێتی سۆڤیەت و بەڕیتانیا، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە دەستیانکرد بە یارمەتیدانی سوپای ئێراق.
لەشکری کوردستان بە مەبەستی داکۆکیکردن و بەرگریکردن لەخۆ، چەندین بەرەی جەنگی کردەوە و بەرپەرچی پەلامارەکان درایەوە. لە و ماوەیەدا لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانییەوە چەند بروسکەیەک بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی نێردران و داوا لە #ئیبراهیم ئەحمەد#ی سکرتێری حزب و مەکتەبی سیاسی کرا لەلایەن خۆیانەوە چەند هێرشێک لە ناوچەکانی خۆیان بۆسەر سوپا ئەنجام بدەن، بەڵام مەکتەبی سیاسی و بەتایبەتی ئیبراهیم ئەحمەد، وەڵامی داواکارییەکانیان نەدایەوە، تەنانەت ڕێگریشیان لە و فەرماندەیانە کرد کە بێ پرسی ئەوان هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی حکوومەت. ئەم هەڵسوکەوتانە وایانکرد ساردییەک لەنێوان سەرۆک مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد درووست ببێت.
لە ڕێکەوتی 18ی تشرینی دووەمی 1963 حکوومەتەکەی بەعس لەلایەن سوپاوە کودەتای بەسەردا کرا و ڕووخا. دوای کودەتا، عەبدولسەلام عارف دەسەڵاتی گرتە دەست و ڕاستەوخۆ داوای دانووستانی لە سەرکردایەتی شۆڕش کرد. لە مانگی کانوونی یەکەمی 1963 دوای ڕاوێژی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی دانووستانەکان دەستیانپێکرد و عەقید عەبدولڕەزاق مەحموود پارێزگاری سلێمانی وەک نوێنەری حکوومەت هاتە شاری ڕانیە و لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی، جەلال تاڵەبانی و نوری شاوێس ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە و گفتوگۆکان ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو لای لێکەوتەوە و بەیاننامەی ڕێککەوتن لە 10ی شوباتی 1964 لەلایەن حکوومەتەوە ڕاگەیەنرا کە تێیدا هاتبوو دەوڵەت دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا دەنێت.
لە ڕێکەوتی 17ی شوباتی 1964 ئیبراهیم ئەحمەد، عەزیز شەمزینی و عومەر مستەفا دەبابە هاتنە سەنگەسەر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە، ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕازی بوونی هەموو لایەک بوو لەسەر ڕێککەوتنەکەی 10ی شوبات. دوای حەفتەیەک مانەوە لە سەنگەسەر، ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی گەڕانەوە ماوەت، لەوێ جارێکیتر دەستیان بە دژایەتییەکانیان کردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری فەرماندە و پێشمەرگە ماوەت جێبهێڵن و بچنە لای سەرۆک بارزانی لە سەنگەسەر و پلانەکەی مەکتەبی سیاسی بۆ سەرۆک بارزانی ئاشکرا بکەن. دوای هاتنی فەرماندەکانی پێشمەرگه، سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کردن و دوای ڕاوێژکردن، بڕیاریدا تەواوی ئەو فەرماندانە لابدات کە دوای مەکتەبی سیاسی کەوتوون و لە جیاتی ئەوان چەند فەرماندەیەکی تر دابنێت کە جێگای متمانەبن. فەرماندە لابراوەکان بریتیبوون لە: جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و کەمال موفتی. لەبەرانبەردا ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی لە ڕێکەوتی 9ی نیسانی 1964 کۆنفرانسی ماوەتیان ئەنجامدا و بڕیاری سڕکردنی سەرۆک مستەفا بارزانیان لە سەرۆکایەتی حزب دەرکرد.
بەهۆی بڕیاری سڕکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. لێژنەی باڵای چاودێری و پشکنینیش بۆ پاراستنی یەکڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاری سازدانی کۆنگرەی شەشەمیان کرد. بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ماوەت- بارەگای مەکتەبی سیاسی و سەنگەسەر- بارەگای سەرۆکیان کرد. لە ئەنجامدا سەرۆک مستەفا بارزانی ڕەزامەندی سازدانی کۆنگرەیدا، بەڵام مەکتەبی سیاسی لەگەڵ سازدانی کۆنگرەدا نەبوو.
$بەستنی کۆنگرە$
کۆنگرە لە ڕێکەوتی 1 تا 7ی تەموزی 1964، لە شارۆچکەی قەڵادزێ بە ئامادەبوونی 639 نوێنەر بەسترا. هەر لە سەرەتای دەستپێکی کۆنگرەوە لە 1ی تەمووز بە بڕیاری سەرۆک مستەفا بارزانی، شاندێکی دوازدە کەسی لە نوێنەرانی کۆنگره، کە پێکهاتبوون لە: ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی هەژار، مەجید ئەتروشی، ئەحمەد ئەتروشی، فاتح محەمەد ئەمین، جەلا مەحموود بەگ، ...هتد، سەردانی ماوەتیان کرد بۆئەوەی گرووپی کۆبوونەوەی ماوەت ئامادەی کۆنگرە بن و کێشەکانیان لە کۆنگرەدا بخەنەڕوو، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆنگرەدا بکەن. هەرچەند کۆنگرە چەند ڕۆژێک دواکەوت، بەڵام دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد کە گرنگترینیان: دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنفرانسی ماوەت و دەرکردنی چواردە ئەندام لە کۆی ئەندامی سەرکردایەتی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بریتیبوون لە: ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوەیس، عومەر مستەفا دەبابە، سەید عەزیز سەید عەبدوڵڵا شەمزینی، جەلال تاڵەبانی، عەلی حەمدی، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەلی عەسکەری، ئەحمەد عەبدوڵڵا، حیلمی عەلی شەریف ، محەمەد حاجی تاهیر، مەلا عەبدوڵڵا ئیسماعیل مەلا ماتۆر، نوری ئەحمەد تەها و عەلی عەبدوڵڵا.
سەرۆک مستەفا بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە و کۆمیتەی ناوەندی نوێی حزبیش هەڵبژێردران، لەوانە چواردە کەس لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە ڕاستەوخۆ هەڵبژێردران، سێ کەسیش لەلایەن سەرۆکەوە پاڵێوران بۆ ئەندامی سەرکردایەتی، کە بریتیبوون لە: مستەفا قەرەداغی، محەمەد ئەمین محەمەد عەلی و عومەر شەریف. نوێنەرانی کۆنگرە سەرۆکیان سەرپشک کردبوو، لە هەڵبژاردنی ئەو ئەندامانە.
$کۆمیتەی ناوەندی نوێ پێکهاتبوو لە$:
مستەفا بارزانی، سەرۆک
حەبیب محەمەد کەریم، سکرتێر
دکتۆر مەحمود عوسمان
ساڵح یوسفی
عەزیز ئاکرەیی
دکتۆر فوئاد جەلال
#یەدوڵا فەیلی#
عەلی قاسم شنگالی
نەعمان عیسا شەریف
ئیسماعیل عارف
هاشم حەسەن ئاکرەیی
ئیسماعیل مەلا عەزیز
شێخ محەمەد هەرسین
مستەفا قەرەداغی
محەمەد ئەمین محەمەد عەلی
عومەر شەریف
ڕەمەزان ئاکرەیی
فاتیح محەمەد ئەمین.
دواتر کۆمیتەی ناوەندی بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سکرتێریان هەڵبژارد، کە پێکهاتبوون لە: حەبیب محەمەد کەریم، سکرتێر، دکتۆر مەحمود عوسمان، مستەفا قەرەداغی، ئیسماعیل عارف غەفور و هاشم ئاکرەیی. لێژنەی باڵای چاودێری و پشکنین لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە ڕاستەوخۆ هەڵبژێردران کە بریتیبوون لە: شەوکەت حاجی عەلی، فارس کۆرەمارکی، محەمەد مەلا قادر، سەبری بۆتانی، مەلا ساڵح حاجی و مەلا حەیدەر محەمەد حسێن.
هەروەها کۆنگرە سەرکردایەتییەکی نوێی هەڵبژارد و پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پەسند کرد. [1]