کەڕامەت و ئازادی
نووسین: فاتمە سادقی
وەرگێڕان: چنوور فەتحی
شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، لە دوای کوشتنی تاڵ، بەڵام بەشکۆی ژینا ئەمینی، بۆتە ڕووداوێکی مێژوویی. لەم ڕووداوەدا وێنەکان پێش وشە و قسە و کەوتوون؛ جووڵەکان دروشمەکانیان بەجێهێشتووە و بوێری و ئازایەتی بە سەر ترسدا و سەمای ژیان و ئازادی بە سەر کۆیلەیی و ئەسیریدا سەرکەوتوون. ئەم بزووتنەوە چییە و چی دەوێ؟ بۆچی مەرگی (مەهسا / ژینا ئەمینی) لە کاتی دەستبەسەردا گرتنی، بوو بە هێما و سیمبۆلێکی وەها بەهێز؟ دەبێ چ ناوێک لەم ڕاپەڕینە مەزنە بنێین؟ هەرچەند ناونان لەم ڕاپەڕین و ئاخێزە زەحمەتە و خێرایی ڕووداوەکان تێیدا زۆرزۆرە، بەڵام بزووتنەوەیەکی ڕیشەدار و قووڵە.
$سووکایەتی و سەرکوتی سیستەماتیک$
“ژینا ئەمینی” سیمبۆلی دۆخێکی پر لە سووکایەتی پێکردنی تەواوە، ئەو بێ ئەوەی کە بیهەوێ پێنج بەشی گرنگ و تێکچڕژاوی پاژەکانی سیستەمی سەرکوتی سیستەماتیکی لە ئێراندا نمایش کرد:- یەکەم، ئەوەی کە ئەو ژن بوو. دووەم، ئەوەی کە لەلایەن “گەشتی ئیڕشاد”ەوە بەهۆی حیجابەوە دەستگیر کرا. سێیەم، ئەوەی کە کاتیک لەلایەن پۆلیسەوە برابوو بۆ ئەو گرتووخانەیە، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی هۆڤانەوە گیانی لە دەستدا. چوارەم، ئەوەی کە ئەو هاووڵاتیی یەک لە بێبەریترین و سەرکوتکراوترین ناوچەکانی ئێران، واتا کوردستان بوو. و لە کۆتاییدا ئەوەی کە لە دوای مردنیشی دامودەزگای سەرکوت دەستیان کرد بە سازدانی سیناریۆ و درۆکردن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ خۆیان.
“مەهسا” ژن بوو و ئێمە کە لەژێر سێبەری نیزامی پیرۆزدا ژیاوین، باش دەزانین کە ژن بوون لەم سیستەمەدا خۆی لە خۆیدا سووکایەتییە و هیچی لە جوو بوون لە ئەڵمانیای نازی کەم نییە. بەڵام مەهسا تەنیا ئەوە نەبوو کە ژن بێت، ئەو بەهۆی حیجابەوە دەستگیر کرا؛ یەکێک لە گەورەترین کەرستەکانی سووکایەتی پێکردن و سەرکوتی ژنان. هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە “یان ڕووسەری یان توسەری” باسی لەوە دەکرد کە ئامانج لەم حیجابە کەرامەتی ژن نییە. چۆن دەبێ کەرامەتی کەسێک بە سەپاندن و ناچارکردنی بە شتێک کە حەزی لێی نییە، بپارێزین؟ “یان ڕووسەری یان توسەری” تەنیا یەک مانای بوو: “هەم ڕووسەری هەم توسەری”. مەرگی “مەهسا” توندوتیژیی بێ سنوور و ڕادەی سیستەماتیکی پۆلیس و “نیروی انتڤامی” نیشان داین. جگە لەمانەش ئەو نوێنەری مرۆڤە پەڕاوێزخراوەکانی ئەم کۆمەڵگاش بوو؛ ئەو خەڵکی کوردستان بوو؛ ئەو شوێنەی کە بیرهێنەرەوەی کۆڵبەر و کوشتنیانە بە تاوانی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پاروویەک نان. هەر ئێرانییەک کە لانی کەم یەک لەم پێگانەی ئەزموون کردبێت، لەگەڵ مەهسا هاودڵە؛ ئەو ژنانەی تەنیا بەهۆی ڕەگەزیانەوە ئازار دەدرێن و سووکایەتییان پێ دەکرێت، ئەو کچانەی بە دەیان جار تامی تاڵی سووکایەتی پێکردنی گەشتی ئیڕشاد (پۆلیسی حیجاب) یان چەشتووە، ژمارەی هەرە زۆری ئەو ئێرانییانەی سەروکاریان لەگەڵ پۆلیس و دەستگیرکردن و زینداندا هەبووە و باش دەزانن لەوێ بۆ شکاندنی کەسایەتیی مرۆڤ و سووکایەتی پێکردنی چی دەکەن. سیستەمێک کە بۆ پاساوی خۆیان هەموو کارێک دەکات و لە ئەنجامدا ژمارەی هەرە زۆری ئەو ئێرانییانەی بەهۆی ئەم بارودۆخەوە بەرەو پەڕاوێزەکان پاڵ دەنرێن و کەمتر حیسابیان بۆ دەکرێت. سووکایەتی پێکردنی گشتی، هەستێکی هاودڵی و هاوسۆزی و یەکگرتوویی لەنێو ئێرانییەکاندا بەدیهێنا کە لە ڕاپەڕێنی ئەم ڕۆژانەدا بە چاو بینیمان.
$بە ئاسایکردنی شەڕ$
چاوەڕوان دەکرا کە بە هاتنە سەر کاری موحافیزکارەکان لە ساڵی 1400، فەزا پۆلیسی تر ببێت و هەرواش دەرچوو. لە حاڵێکدا کە ڕەخنەی زۆر لە سەرۆک کۆمار بەهۆی ناتوانیی لەڕادەبەدەر، بێ بەرنامەیی و لاوازیی دەگیرا، پێش چەند مانگێک هەر لە هاوینی ئەمساڵدا ویدیۆیەک لە ئاڵۆزیی نێوان دوو ژن لە پاسی بی ئاڕ تی بڵاو بووەوە. چەند ڕۆژ دواتر “سپیدە ڕەشنۆ” کە بەهۆی لابردنی لەچک لە ناو پاسەکە هێرشی کرابووە سەر و دواتر دەستگیر کرابوو، بە ڕوخسارێکەوە کە بە ئاشکرا ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدانی پێوە دیار بوو هێنرایە پێش کامێرای تەلەڤزیۆنی سەرتاسەریی ئێران بۆ ئەوەی کە دان بەوەدا بنێت کە “دوژمن” ناچاری کردبوو وا بکات.
لێرەوە دەرکەوت کە حکوومەت بەنیازە بە نیشاندانی ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر سیمای ئەو ژنە، ژنانی دیکەش چاوترسێن بکات. ئەم پەیامە بە کۆمەڵگا درا، کە سەیری کەن چەن بەهێزین! دەتوانین دەستەمۆتان بکەین. مەبەست لە نیشاندانی ئاسەواری ئەشکەنجە کە زۆر بە ئەنقەست بە سەر دەموچاوی سپیدەوە دەرکەوتبوو ئەوە بوو کە هۆشداریی بدرێتە باقی ژنان کە گەر نافەرمانی بکەن، چ شتێک چاوەڕێیان دەکات.
ئەوەی لەم جۆرە دواییەی سەرکوتدا تازە بوو بریتی بوو لەوەی کە پێشتر حکوومەت هەوڵی دەدا کاتێک قوربانییەکانی دێنێتە پێش کامێراکان، لانی کەم ئاسەواری ئەشکەنجە بە سەر و سیمایانەوە نەمابێت یان داپۆشرێت، تاکوو بەم شێوە دانپێدانانەکە ئاسایی دیار بێت. هەڵبەت ساڵانی دوایی کەم کەس هەبوو بڕای بەوە بێت کە بە ئەشکەنجە بەدەست نەهاتووە. بەڵام ئەمجارەیان گوایە بڕیار درابوو کۆپلەیەک لەوەی لە پشتی پەردە ڕوو دەدات، نیشانی خەڵک بدرێت. ئەم جارە ئامانجی دەزگای سەرکوت خودی دانپێدانانەکە نەبوو. ئەشکەنجەگەران گەیشتبوونە ئەو ئەنجامە کە تەنیا نیشاندانی دانپێدانان لە تەلەڤزیۆنەوە تەواو نییە بەڵکوو دەبێ ئەوەش دەربخەن کە چۆن دەتوانن کچێک بە سەرێکی بەرزەوە، بە قژی شەکاوە لە بادا و بە ئاخاوتنێکی بێ ترسەوە بگۆڕن بۆ سیمایەکی لاواز و تێکشکاو و زمانێکی کڵۆڵ. دەبوو لە ڕێگەی سیمای سپیدە و حاڵەتەکەیەوە نیشانمان بدەن کە گەر نافەرمانیتان کرد، چی چاوەڕێتان دەکات.
ئامادەیی بەربڵاوی گەشتی ئیرشاد لەسەر شەقامەکان بۆ ئیڕشاد نەبوو. بۆ ئاساییکردنەوەی شەڕڕ و نمایش کردنی لە بەرچاوی ڕێبواران بوو. بەڵام سیناریۆنووسەکان بیریان لەوە نەکردەبووەوە کە چیدی ئەو پاساوانەی بۆ سەرکوتی کۆمەڵگا و سەپاندنی حیجاب بە سەر ژناندا هەیانە، سواوە و کەس قانع ناکات. چیدی شەرعییەتێکیان بۆ نەماوەتەوە. لەو وڕووەوە کە هەرچەندە شەرعییەت و ئۆتۆریتی ڕوو لە کزبوون دەنێت، هەر ئەوەندەش سەرکوتکردن و نواندنی توندوتیژی زەروورتر دەبێت. زۆر و ناچارکردن دەرەنجامی بەرئاوەژووی لێدەکەوێتەوە و ئاگری ڕق و قین گەشتر دەکات. کوشتنی “مەهسا ئەمینی” وەکیتر هەنگاوێکی دیکە بوو لە ڕێگەی ئاساییکردنەوە شەڕ. بەڵام دیسانەوە ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتەوە. ئاگر تێبەردانی لەچک و ڕووسەری وەڵامێکە بۆ ئەم سووکایەتی پێکردنە سیستەماتیکە.
$ئەم بزووتنەوە چی دەوێ؟$
دوو تەوەری سەرەکیی کە ناڕەزایەتییەکان بە پێی ئەوان بیچمیان گرتووە بریتییە لە: ناڕەزایەتی بەرانبەر بە حیجابی زۆرەملی و هۆڤییەتی پۆلیس. یەکەمیان، داواکاریی ئازادییە و دووەەمیان، داواکاریی کەرامەت. ئەو دووانە هەردووکیان لە حەیاتی سیاسیی ئێراندا بوونیان نەبووە. هەر دوویان کەم تا زۆر لە هەموو دروشمەکانی ئەم ڕاپەڕینەدا دەبیسترێن. “ژن، ژیان، ئازادی” دیارترینیانە. ئەم دروشە نیشانی دەدات کە زۆربەی هەرە زۆری بەشەکانی ئەم کۆمەڵگا لە کۆماری ئیسلامیی تێپەڕیون و لێرەوە دابەزاندنی خواستەکانی ئەم بزووتنەوە بۆ لابردن و نەهێشتنی گەشتی ئیرشاد، بەلاڕێدا بردنێکی ئاشکرا و تەقلیلییە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!