$ئێران چی لە هەولێر دەوێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
سەرەتا ویستم ناونیشانی بابەتەکە بەم جۆرە بنووسم: ئیسرائیل لەگەڵ تۆمە ئاردۆگان گوێت لێبێ، دواتر پێم باشبوو ڕۆڵی هەولێر نادیدە نەگرم. ئیسرائیل وەک بزنەکەی هەیاسی خاسی لێهاتووە بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێر، ئێران ناتوانێت سیخوڕە ئیسرائیلییەکانی نێو تاران و بنکە ئەتۆمییەکانی خۆی بدۆزێتەوە کە ڕۆژانە پلەداری سەربازی و زانا بەناوبانگەکانیان تەسفیە دەکەن، ئێستا چۆن دەتوانێت لە وڵاتێکی بێخاوەن و بێ سیادەی وەک ئێراقدا دەستنیشانیان بکات؟
ئەوەی دامەزراوەی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنی فەڕمی ئێران صدا و سیما گوتوویەتی گوایە چەند سیخوڕێکی ئیسرائیلییان لە هەولێر کوشتوون، پێشتر لەدوای بۆردومانکردنی ماڵی شێخ بازەوە ئیرەج مەسجیدی وەعدی ئەوەی دابوو کە ئەمە کۆتا هێرش نابێت و چەند ئامانجێک هەن لە هەولێر دەبێت بیانپێکن. ئەم قسانەی ئێرانییەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ قسەکانی سەرەتای ئەمساڵی ڤلادمێر پۆتن دژ بە ئۆکرانیا، تەنیا جیاوازییەک هەبێ ئەوەیە سیاسییەکانی ئۆکرانیا پشت هەڕەشەکانیان دەخوێندەوە و بە جورئەتەوە توانیویانە سەد ڕۆژ زیاترە بەرەنگاری پۆتن و ڕژێمەکەی ببنەوە و ڕای گشتی جیهان لەبەرژەوەندی خۆیان بجوڵێنن، بەڵام ئەوانەی ئێمە هێشتا هەر خۆیان لە گێلیی دەدەن، ئێران خۆی چەند جارێک دەڵێت من بوومالاعتراف سید الادلة ئەمان هەر بەیاننامەی شەرمنانە دەردەکەن خۆیان لەقەرەی مەحکومکردنی بکەری ڕاستەقینەی ئەو موشەکباران و ئاگر بارانانەی تورکیا و ئێران نادەن، نەک هەر ئەوە تا ئێستاش سەرکۆنسوڵگەری ئەو وڵاتانەیان وەک عورفێکی دیپلۆماسیی باو بانگهێشتی دامەزراوەکان نەکردووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ڕوویدا و بەردەوام ڕوودادا. ئێران بە پێنج زمان دەڵێ منم، من بووم، لەداهاتووش هەر من دەبم بەڵام سەرۆکی گەورەترین پارتی دەسەڵاتدار کە هێزی بەسەر سەرۆکی حکومەت کوڕەکەی و سەرۆکی هەرێمەکەدا زاواکەی دەشکێت لە ڕوونکردنەوەکەیدا پاش پازدە کاتژمێر لە ڕووداوەکە بە تەحەفوزەوە دەڵێت ئەو دەستانە ئاشکران لە پشت پەلامارە تیرۆستییەکەوە بوون، هەربەڕاست ئێرانێک بەو زەبەلاحییە ڕازییە بارزانی بە تیرۆرست ناوی بهێنێت؟
من نامەوێت دیوی سیاسیی ئەم ڕووداوە لێکبدەمەوە، چونکە پێم وایە ئەوەی لە ئێراق بەگشتی و هەرێم بەتایبەتی دەگوزەرێت سیاسەت نییە، بەڵکوو شاگردییە و جارجاریش گوێڕاکێشانێکی واشی هەر تێدەکەوێت.
لە پەڕتووکی حکمة ڕوح الصوفیدا مەیسەم ئەلجەنابی پێناسەیەکی ورد بۆ هێز دەکات و پێی وایە مێژوو بە مانا ئەدەبییەکەی بریتییە لە گەڕان بەدوای مانادا، بەڵام بە مانا سیاسییەکەی عیبارەتە لە گەڕان بەدوای هێزدا، لە کوێ سیاسەت هەبووبێ هێزیش وەک جمکێکی لێکدانەبڕاوی قوت بووەتەوە، دال و مەدلولی یەکن. ئەوەی سیاسەتی میکیاڤیالیانەی دونیای ئەمڕۆ داوای دەکات تەنیا و تەنیا هێزە نەوەک مانا. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر نەخشەی جیۆپۆلیتیک و وزەی ناوچەکەش هەر هێز هێڵەکانی بۆ دەکێشێت نەک نووزە نووز و شیعر و کڕوزانەوە و بەرجەستەکردنی مەزڵومییەتی گەلی کورد لەنیوەڕۆخوانێکی ڕێستۆرانتێکی گرانبەهای شارەکە لە بەردەم بێکارێکی وەک سەرکۆنسوڵگەری ئامریکا لە هەولێر.
دەردە سارییەکەی کورد ئەوەیە ئەوکاتەی هێزی هەیە خەیاڵدانی بۆ شیعرو مانا گەرم دەبێ لەبری ئەوەی مامەڵەی لۆژیکی بە هێزەکەیەوە بکات، بەیەک پاکێج هەموو ئەو هێزەی کە سەد ساڵ کاری بۆ کۆکردنەوەی کردووە دەخاتە خزمەت ئەژێندایەکی هەواڵگریی وڵاتێکی دەراوسێ یاخود خەونی سەرکردەیەک کە لە هەرزەکارییدا بۆ کورد دیوێتی. ئەو کاتەشی کە دەبێ دانیشێت و تەفەککوری قوڵ بکات و لە دووی مانا بێت، هێز دەجوڵێنێت و شەڕی خۆی دەکات.
بە شێوەیەکی گشتیی هەموو شیعر و مانای ئێمە لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا لەخزمەت هێزدا بووە و سیاسییانە جوڵاوەتەوە، سیاسەتەکەشمان سەرلەبەری شیعریی و کڕوزانەوە بووە، ئەم سەودایەش هەشتا ساڵە بەرهەمێکی وای بۆ کورد نەبووە. کورد دەبێت ئیدی لەدەرەوەی ڕووداوەکان تەماشای ڕوداوەکان بکات، تا ئەو دەمەی لەژێر کاریگەریی ڕوداوەکاندا دەمێنێتەوە ناتونێت کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی نێو ماڵی خۆی جێبهێڵێت.
ئەدەبیاتی شیعر و پەخشانی هەشتا ساڵی ڕابردووی ئێمە بە بێ هەڵاوێرد تا بینەقاقای بە سیاسیی کراوە و سیاسەتەکەشمان هەمووی شیعرێندراوە.
ئەدیبەکانمان ئۆپۆزسیۆن و موسڵیحی سیاسیین بوون، بەڵام هەموو سیاسەت و ستراتیژی سیاسییمان شیعر و شانامە و حیقایەتەکانی گۆی ئاگردانیان تێنەپەڕاندووە!
سیاسییەکانمان هەمیشە بە چوارینەیەک ئیعلانی شەڕیان کردووە و بە غەزەلێکی بێکەڵکیش بوونەتە عەشیقەی هەزار و یەک یار و ئەغیار. لای خەڵکی خۆیان زۆر مەغرورن و لای ڕەقیبیشیان گەلێک مەجبورن. ئاو و کارەبا و موچەو بژێویی بە پەخشانە شیعر تێگەیشتوون، هەڵەی ستراتیژی وەک ناڕێکی وەزن و قافییەی شیعری و خۆخۆریی و خۆفرۆشیش وەک نامەیەکی دڵداریی پاش تۆرانێکی هەرزەکارانەی عەشیقەکانیان لێکداوەتەوە.
سیاسەتکردن پێویستیی بە جورئەت و عەقڵکارییە نەوەک حیقدی مێژوویی و کۆنە قین و دوژمن داتاشین و شیعر و کڕوزانەوەی بێکەڵک، کاتێک تۆ لە پایتەختی شەرعی و یاسایی و حەقیقی وڵاتەکەی خۆت دوور دەکەویتەوە کە مافی فیدراڵی و زیاتر لە نیمچە دەوڵەتێکی پێداویت و بە سەنەدێکی بەهێزی وەک دەستوورەکەی ئیقراری ئەوەشی کردووە، تۆ هەر ملدەجەڕێنیت و دەچیتە کۆشی هەواڵگریی پایتەختێکی فاشیستەوە، پەیوەندییە دەوڵەتییەکانت لە وڵاتەکەی خۆت دەکەیتە قوربانی پەیوەندی هەواڵگریی و خێزانی وڵاتێکی دیکە، بە زاراوەی خۆت دەوڵەتێک تەڵاق دەدەیت کە حیسابت بۆ دەکات بەڵام دەبیتە کۆیلە ئەفسەرێکی دەرەجە سێی هەواڵگری وڵاتی دووەم ، نەوت و غاز و موقەدەراتەکەی لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەش دەکەیت، دەبێت ئەوەش قەبوڵ بکەیت کە هەواڵگریی لایەنی سێیەم لێتی قەبوڵ ناکات، دۆڵ و شیوە پڕ خوێن و ئێسک و پروسکەکەی ئەوان لە چاڵدرانەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و تا دێت هەر قوڵ دەبێتەوە، زۆر لەو قووڵترە بە فەریکە سیاسیی وەک جەنابت پڕ ببێتەوە. بۆیە چاوەڕێ مەکە هێرشی سەر هەولێر کۆتایی بێت تا خۆت کۆتایی پێدێنی و باڵانسەکە ڕێک دەکەیتەوە.
[1]