$شۆکی پێش هەرەس یا هەرەسی دوای شۆک؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەندێ جار دەساڵی دوێت تا ڕووداوێک درووستدەبێت ببێتە هەواڵ و بەدوای خۆیدا خەڵک شۆکبکات، هەندێ جاری دیکە لە ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێکدا هێندەی دەساڵ ڕووداو درووستدەبن، کە دەبنە هەواڵ دوای خۆیان شۆک لەسەر شۆک درووستدەکەن. ئەم شۆکە بەردەوامانە کاریگەرییان بە جۆرێکە خەڵک وردەوردە خاڵی مۆلەقی بۆ شۆکبوون بەرزدەبێتەوە و هیچ ڕووداوێک دواتر شۆکی ناکات و نایهەژێنێت. بەشی زۆری ئەو ڕووداوانە بە ئەنقەست درووستدەکرێن و میللەتی پێ بۆمباردمان دەکرێت تا بەتەواوی ئەدرێناڵینەڕژێنەکەی کە بەرپرسە لە شۆکبوونی کۆنترۆڵ و کەپت دەستەمۆ بکرێت. ئیتر دواتر هیچ شتێک شۆکی نەکات. تەماشا تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا زیاد لە سەد حاڵەتی کوشتن، خۆکوشتن، مردن بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوە لە سێ شاردا ڕویانداوە کەس ناهەژێ، بەڕۆژی ڕووناک دارستان دەبڕدرێتەوە و تەورەکەش تورکی و ئێرانی نییە زۆر ئاساییە، زەوی گرانبەها داگیردەکرێت بۆ درووستکردنی نێرگەلەخانە مێشێ میوان نییە، بەنزین لە سەدا سەدوپەنجا گران دەکرێت لەکاتێکدا لە وڵاتان لەسەر پرسێکی واو بەرزبوونەوەی چەند سەنتێک گرانبوون حکومەتی دەڕوخێندرێت، لێرە کەس نوتقێک ناکات، بەهەفتەیەک دووکاتژمێر ئاو دەدرێتە هاووڵاتی، نەخۆشخانە بێدەرەتان و بێدەرمانە، کارەبا لە حەلوەلادایە، بەڵام کەس نوزەی لێوە دەرناچێ، گەر نوزەیەکیش هەبێ لەوەها دۆخێکی نزیک لەهەرەسدا گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی پۆپیولیزم مەشرەب دێت ئەویش خەفە دەکات بەوەی دەڵێت خەمتان نەبێ خۆ هەم تەحەداتان بۆ بکەم، لەداخی دەسەڵات بە جلیکانە بەنزین دابەش دەکەم و بە مەسینە و تراکتۆ و تەنکەریش ئاوتان بۆ دێنم، گەر سەرانی دەسەڵات ڕێگام لێنەگرن لەپارکی ئازادی خۆپیشاندانی ملیۆنیشتمان بۆ ڕێک دەخەم و شۆڕشتان بۆ دەکەم. سەرۆکی پارتێکی دیکەش لاقرتی بەخەڵک دەکات و توانجیان لێدەدات بەوەی قاچیان دەکەنە هەوا و ڕادەکشێن ناچن بۆ دەنگدان، بۆیە ئەمان هەرگیز خۆیان بە بەدیلی گەندەڵەکانی دەسەڵات نازانن، نازانم ئیدی دوای ئەو وتانە بۆ خۆیان هەڵنەوەشاندەوە! هەرچی سێیەمیانە خەمی زیندووکردنەوەی موباح و سونەتی تەعەدود زیاتر و گرنگترە لای لە خەمی زیندووکردنەوەی فەریزە و واجبی ڕووبەڕووبوونەوەی سوڵتانی جائیری سەردەمەکەی.
نازانن ئێمە بۆیە پێمان دەگوتن مامە چۆلەکەمان بۆ بگرن، بەڵام ئێستا ئەوان هاتوون داوای چۆلەکە لە خۆمان دەکەنەوە. خەلک یەکسەرە بووە بەبارمتەی دەستی تراژیدیای دەسەڵات و کۆمێدیای ئۆپۆزسیۆن. بەهەردوکیشیان دەرهێنانێکی عەنتیکەیان بۆ شانۆگەرییەکی تراژی-کۆمیدی هەزارو یەکشەوەی تەمام عەیار کردووە لسەر شانی ئەو ئەکتەرە ماندووەی پێی دەڵێن میللەت.
$لەشیرازە دەرچوون چۆنە؟$
تێکچوونی شیرازەی و بە دیاریکراویش شیرازەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تێرمێکی فەلسەفی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمە، زیاتر بۆ ئەو گەل و نەتەوانە بەکار دەهات کە لە جەنگەکە تێوگلابوون و دۆڕابوون. هەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بتوانێت دوو دەیە بە بێ شەڕ و ماڵوێرانیی و ئاوارەبوونی ناوخۆیی و دەرەکیی بەڕێبکات بەڵام بە جۆرێک شیرازەکەی تێک چووە لە ئەردەشیرەوە تا ئێستا مانەند و مەسیلی نەبووە. ئەمڕۆ لە کوردستان نە سیستمێکی سیاسیی دیاریکراوی هەیە تا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەیت و پەنجە لەسەر هەڵەکانی دابنێیت، نە سیستمێکی ئابووری و تەندرووستی و پەروەردەی واش هەیە تا بتواندرێت بە ئەدات و میکانیزمی سیاسیی و ئابووری و تەندرووستیی و پەروەردەیی جیاواز تەقوییە بکرێن و ئیسڵاحیان تێدا بکرێت، ئەوەی باسی چاکسازیی دەکات بە قەولی #نەوشیروان مستەفا# هەم خۆی هەم دەرەوەی خۆشی دەگەوجێنێتٚ. چونکە چاکسازی لە سیستمی باش و دیموکراتدا دەکرێت، تەنانەت گەر هەوڵی کودەتا و قڵپکردنەوەش هەبێت دواجار بە چاکسازیی لە سیستمەکەدا و بەسوودی خەڵک و سیستم کۆتایی دێت، هەرچی بێ سیستمیی و سیتمی تۆتالیتار هەیە بەرگەی بچوکترین هەوڵی چاکسازی ناگرێت، هەموو هەوڵێکی چاکسازیی بە کودەتا و قڵپکردنەوەی سیستم کۆتایی دێت بۆ خاڵی سفر.
ئەوەی هەیە لە سیستم لێرە نە دیکتاتۆرە نە دیموکرات، نە تۆتالیتارە نە خاوەنی تۆلێرانس، خڵتەو تێکەڵەی نەزمێکی کۆنی کۆمیونیستیی، ناسۆنالیستیی، چەپ و ئیخوانی - سەلەفیی موتوربەکراوە بە کاپیتالیزمێکی بێ سنوور و بێ مۆراڵی لۆردەکانی نەوت بە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەچی ئەجێندا شەخسییەکانی خۆی جێکەوت دەکات، لە کوێش بەرژەوەندییان خواستی دەبنەوە بە کۆمیونیستێکی تەمام عەییار یا سەلەفێکی ساڵح شیعەیەکی دوازدە ئیمامیی. [1]