#کامەران ژاژڵەیی# دەڵێت: خواردنی میوە ڕۆژانە زۆر پێویستە بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر نەخۆش دوور دەکەونەوە لە خواردنی میوەی تام شیرین لە ترسی بەرز بوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، لەکاتێکدا زۆربەی میوەکان یارمەتیی ڕاگرتنی ئاستی شەکرە دەدەن لەوانەش هەرمێ، شلک .
دکتۆر کامەران ڕەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراک، لە نووسینێکدا ئاماژە بەو میوانە دەدات، کە بۆ نەخۆشى شەکرە گرنگن و دەقى نووسینەکەشى بەمجۆرەیە:-
خواردنی میوە ڕۆژانە زۆر پێویستە بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر نەخۆش دوور دەکەونەوە لە خواردنی میوەی تام شیرین لە ترسی بەرز بوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێن دا، بەڵام زۆر گرنگە، کە بزانن، زۆربەی میوەکان یارمەتیی ڕاگرتنی ئاستی شەکرە دەدەن و ڕێگری دەکەن لە بەرز بوونەوەی زۆر لە ئاستی شەکرە و خۆپاراستن لە نزم بوونەوەی شەکرە لە خوێن دا لە ڕێژەی ئاسایی، کە زۆر ترسناکترە لە بەرز بوونەوەی، بە مەرجێک بڕی مامناوەند و بە تازەیی و لەنێوان ژەمەکان بخورێت نەوەک بە شێوەی شەربەت و وشککراو.
ئەو کەسانەی پاپەندی سیستمی ( کیتۆ یا لۆکارب ) و هاوشێوەکانین پێویستە ئەو جۆرانەی میوە بخۆن، کە ڕێگاپێدراون لەگەڵ بڕی دیاریکراو .
$باشترین جۆرەکانی میوە بۆ نەخۆشی شەکرە چین؟$
یەکەم: هەرمێ.
دووەم: شلیک.
سێیەم: شاتوو و تووی سوور و تووتڕک و بلاک بێری.
چوارەم: مزرە سێو و سێوی سەوز و هەڵوژەی سەوز.
پێنجەم: قۆخ.
شەشەم: کاڵەک.
حەوتەم: ئۆڤۆگادۆ.
هەشتەم: سندی و لیمۆ و پڕتەقاڵ.
نۆیەم: کێوی و گێلاس.
$ئەو میوانەی پێویستە نەخورێن یان ڕۆژانە یەک جار زیاتر نەخورێن بە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ کامانەن؟$
یەکەم: شوتى، یەک قاش پڕ بە دەستی نەخۆش.
دووەم: مۆزی تەواو گەیوو، یەک دانە.
سێیەم: هەنجیر، دوو بۆ سێ دەنک.
چوارەم: خورما، یەک بۆ سێ دەنک.
پێنجەم: ترێ بە تایبەت ترێی ڕەش، هەشت بۆ 12 بۆڵ ڕۆژانه.
شەشەم: هەنار، یەک هەنار بە قەبارەی دەستی نەخۆشەکە. [1]