خەڵات محەمەد دەڵێت: مادەی ئاسن یەکێکە لە کانزا گرنگەکان بۆ گەشەی جەستە و مێشکی منداڵ، کەمی ئەم مادەیە دەبێتە هۆی کەم خوێنی، چونکە مادەی ئاسن یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکیەکانی خوێن، دەشڵێت، ئەو منداڵانەی لە دوای تەمەنی شەش مانگ زیاتر شیر دەخۆن و کەمتر خواردن دەخۆن تووشى ئەم نەخۆشییە دەبن.
دکتۆر خەڵات محەمەد، پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لە دایکبووان، لە نووسینێکدا ئاماژە مەترسییەکانى کەمى ماددەى ئاسن لە جەستەى منداڵ دەکات، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە:-
مادەی ئاسن یەکێکە لە کانزا گرنگەکان بۆ گەشەی جەستە و مێشکی منداڵ، کەمی ئەم مادەیە دەبێتە هۆی کەم خوێنی، چونکە مادەی ئاسن یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکیەکانی خوێن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆکسجین بە باشی لە سییەکانەوە نەگاتە بەشەکانی تری جەستە بە تایبەتی مێشک و ماسەلکەکان.
بەپێى ڕاپۆرتێکی WHO کە لە ساڵی 2002 بڵاو کراوەتەوە کەمی ماددەی ئاسن لە منداڵانی تەمەن خوار دوو ساڵ دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی مێشک ئەمەش کاریگەریی لەسەر توانای فێربوونی منداڵ دەبێت لە کاتی چوونە قوتابخانە.
کەمی ماددەی ئاسن یەکێکە لە کێشە باوەکان لە ناو منداڵاندا، هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ کەمی ئەو ماددەیە لەو سەرچاوە خۆراکیانەی، کە منداڵ دەیخوات، هەندێک نەخۆشیش هەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاسن لە جەستە وەک نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
$ئەو منداڵانە کێن زیاتر تووشی کەمی ئاسن دەبن؟$
یەکەم: منداڵی نەبەکام یان ئەوانەی کێشیان کەمە.
دووەم: ئەو منداڵانەی لە دوای تەمەنی شەش مانگ زیاتر شیر دەخۆن و کەمتر خواردن دەخۆن.
سێیەم: ئەو منداڵانەی 1 ساڵ بۆ 5 ساڵن بە ڕێژەیەکی زۆر شیر دەخۆن یان ئەو خواردنانە کەم دەخۆن، کە دەوڵەمەندن بە مادەی ئاسن.
چوارەم: ئەو منداڵانەی بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ مادەی قورقوشم هەیە وەک خواردنی بۆیەی دیوار.
پێنجەم: هەبوونی کێشەی تەندرووستی و نەتوانینی خواردن بەپێی پێویست یان ئەو منداڵانەی، کە کێشیان زیادە.
$نیشانەکانی کەمی ماددەی ئاسن لە منداڵدا چین؟$
یەکەم: زەرد هەڵگەرانی ڕەنگی منداڵ.
دووەم: زوو ماندووبوون و ساردبوونی دەست و قاچ.
سێیەم: نەمانی ئارەزووی خواردن.
چوارەم: دواکەوتنی گەشەی منداڵ.
پێنجەم: هەندێک جار دەبێتە هۆی هەناسە توندی.
شەشەم: تورەبوون و ڕەفتاری نائاسای.
حەوتەم: خوگرتنی منداڵ بەو خۆراکانەی هیچ بەهایەکی خۆراکیان نییە وەک خۆڵ و قوڕ.
$چۆن دەتوانرێت ڕێگری لە تووشبوونی منداڵ بکرێت لەم کێشەیە؟$
یەکەم: خواردنی ئەو خۆراکانەی ماددەی ئاسنیان زۆرە وەک گۆشت، پاقلەمەنیەکان و سەوزەکان.
دووەم: مادەی ئاسن بە شێوەی قەترە بدرێت بە منداڵ لە دوای تەمەنی 4 مانگ ئەو منداڵانەی نەبەکامن دەبێت زووتر پێیان بدرێت.
سێیەم: کەمکردنەوەی خواردنەوەی شیر لە دوای تەمەنی ساڵ.
چوارەم: خواردنی ئەو خۆراکانەی هەڵمژینی ئاسن زیاد دەکەن لە ڕیخۆڵەکان وەک ڤیتامین C و زینک.
تەمەنی 9 مانگ بۆ ساڵ تەمەنی کەم خوێنیە لە منداڵاندا بەهۆی کەمی ئاسنەوە، بۆیە پێویستە لەو تەمەنە پشکنین بۆ منداڵ بکرێت. [1]