ناوچەکانى بادینان لە ساڵانى 1961 – 1963 ژمارەیەک شەڕ و چالاکى بچووک و گەورەى بەخۆیەوە بینى، ئەم شەڕە لە ڕێکەوتی #06-12-1962# ڕوویداوە، شەڕەکان بەگشتی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاڕاستەى شۆڕش هەبوو و بەرەو قۆناغێکى پێشکەوتووترى گواستەوە، ئەو نیگەرانییەى ڕەواندەوە کە لەلایەن هەندێک کەس لەسەر چارەنووسى شۆڕش هەبوو. هەروەها کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەبوو لەسەر وروژاندنى هەستى کوردایەتى و گەڕانەوەى هەندێک لە هێزە خێڵەکییەکان بۆ ڕیزى شۆڕش.
عەبدولکەریم قاسم هەر لەسەرەتاى شۆڕشی ئەیلوولەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لافى لێدابوو گوایە سەرى شۆڕشى پانکردۆتەوە، بەڵام ئەو سەرکەوتنە بەراییەى شۆڕشگێرانى کورد لە دەڤەرى بادینان لەلایەک هەموو دەنگ و باس و هاشوهوشەکانى حکومەتى بەدرۆ خستەوە و ناچار حکومەت لە جاران زیاتر پشتى بە جاش و بەکرێگیراوانى ناوچەکە بەست، ئەم پشت بەستنەى حکومەت لەوەوە هاتبوو کە سوپا شارەزاى سرووشت و ڕێگەو پیادە ڕێى چیایە سەختەکانى کوردستان نەبوو، هەروەها سوپا ورەى داتەپیبوو و شارەزاى شەڕى پارتیزانى نەبوو.
جگە لەوەش جاشە ڕێکانییەکان ڕوویان لە تورکیا کردبوو لەلایەن حکومەتى تورکییەوە ڕادەستى لایەنى ئێراقى کرابوونەوە تا لەڕێگەى (#کانى ماسى#) بگەرێنەوە بۆ #موسڵ#، ئەوانە بە کرێگیراو بوون مەبەستییان درووستکردنى بەربەستێک بوو لەنێوان شۆڕشگێرانى کورد و دێهاتە کوردییەکانى باکوورى کوردستان کە هەموویان لەگەڵ شۆڕشى کورد هاوسۆز بوون بەسەر و ماڵ لەگەڵیدا بوون. هەر بۆ نموونە پێشمەرگەیەکى بەشدار بوو لە ڕووداوەکانى ئەوکات ئاماژەى کردووە و نووسیویەتى: ژمارەیەک لە تێکۆشەرانى کوردستانى تورکیاش بۆ پشتگیرکردن لە بارزانى و شۆڕش گەیشتنە ناوچەکە، (سادق مارینۆس) فەرماندەیان بوو، هێرشى بردە سەر جاشەکان و زەبرێکى کوشندەى لێدان.
حکومەت بە هەموو تواناکانى خۆى ویستى گەلى زاوێتە بگرێت، بەمەبەستى برەودان بە پێشڕەوییەکان ژمارەیەکى زۆر لە سوپا و پۆلیس و جاشەکانى هێنابووە ناوچەکە، ڕەوشى بەرەى شەڕ لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە بەم شێوەیە بوو: لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەکە بە فەرمانداریەتى (محەمەدامین میرخان، حاجى بێڕۆخى، مەلا شنى بێدارونى، حارس بێدارونى و حادێ حەسکۆ بوو کە #حسۆ میرخان ژاژۆکى# یاریدەدەرى بوو. لە بەرەى ڕۆژاواوە فەرماندەکانى وەک: ئەسعەد خۆشەوى، #عیسا سوار#، عەلى خەلیل، حسۆ میرخان، عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى و سلێمان میرخانى لێ بوو کە ژمارەیەکى زۆر لە پێشمەرگەکانى هۆزە کوردییەکانى بادینان وەکو: مزوورى ژێرى، بەروارى ژێرى، دۆسکى ژێرى، گولى، سندى و نێروەیی بەشدار بوون.
دواى ئەوەى سوپاى حکومەت کە پێکهاتبوو لە فەرماندەى دووى دهۆک بە هاوکارى جاش و پۆلیس بە مەبەستى گەمارۆدانى ناوچەى زاوێتە بە چەکى قورسەوە بە بەکارهێنانى تانک و زریپۆش و تۆپى جیاجیا کە ببوونە دوو بەشى سەربەخۆ بەشێکیان ڕاستەوخۆ بە ئاڕاستەى گوندى زاوێتە چوون، بەشەکەى تر کە زۆربەیان جاشەکان بوون بەرەو گوندى ئیمینکێ، بابلۆ، سیرک، تەنیرکا پاشان لە گوندى زاوێتە یەکبگرنەوە، ئەم هێزانە دواى ئەوەى ناوچەکەیان تۆپبارانکرد هێرشیان دەسپێکرد، مەلا مستەفاى بارزانى لە نزیک بەرەى شەڕەکە بوو، پێشمەرگە چاوەڕوانى فەرمانى ئەو بوون، لە سەرەتادا بارزانى فەرمانیدا شەقامى سەرەکى هاتنى سوپا تێکبدەن، بۆ ئەوەى بەر لە پێشرەوییەکە بگیرێت، ئامانجى بارزانى لەم کارە سەرقاڵکردنى سوپا و ئازادکردنى شارەدێى سەرسەنگ بوو، هەندێ لە ڕەبیەى جاشەکان لە جادەى زاوێتە مابوون.
هێزەکەى حکومەت کە لە 5 – 6 کانوونى یەکەمى 1961 گەیشتبووە گەلى زاوێتە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ درابوون و هێرشیان کرایە سەر لە ئەنجامدا هێزەکانى حکومەت پاشکشەیان کرد و جاشەکانییان بۆ ئامێدى ڕاونا، مەلا مستەفا بارزانى بڕیارى دا شارەدێى سەرسەنگ ڕزگار بکرێت، بەمەش وروەى پێشمەرگە بەرز بۆوە، هێزەکانى بەرەو سەرسەنگ چوون پەیوەندییان بە هێزى حکومەت و خەڵکى ناوچەکە کرد، دەستییان بەسەر بنکەى پۆلیسى سەرسەنگ داگرتوو، بەبێ شەڕ لە 10ى کانوونى یەکەم شارەدێى ناوبراو ئازادکرا. ئیتر پێشمەرگە بە تەواوى دەستییان بەسەر دۆڵى زاویتە داگرت کە گرنگى هەبوو لە ڕووى ستراتیجییەوە ناوچەى سەرسەنگ دەروازەیەکى گرنگ بوو بۆ گەیشتن بە گەلى زاوێتە، هەروەها ئەو ناوچەیە بەسەر شارى دهۆکى دەڕوانێ و لە هەمانکاتدا ئەو ناوچەیە نزیک بوو کە بارەگاى بارزانى کە لە گوندى (گر بەراسکێ) بوو، لەلایەکى دیکەشەوە زۆر نزیک بوو لە ناوچەى (قەدش) کە شۆڕش نەخۆشخانەیەکى لە ئەشکەوتى (ئینیشکێ) کردبۆوە، بۆ گەیاندنى خێراى بریندارەکان و پاراستنى نەخۆشخانەکە لە مەترسى تۆپبارانکردنى دوژمن.
دەستکەوتەکانى ئەم شەڕە لە ڕووى مینۆکییەوە گەورە بوون، چونکە پێشمەرگە سەرسەنگى ئازاد کرد، جاشە ڕێکانییەکانى ڕاونا، تەکانێکى باش بوو کە تەنیا سێ مانگ بوو بەسەر هەڵگیرسانى شۆڕشەکە تێپەڕببوو، هەروەها دەنگدانەوەیەکە مەزنى هەبوو خەڵک ئەو ڕاستییەى بۆ دەرکەوت کە دەکرێت بە خۆ بەختکردنى پێشمەرگە ئەو واقعە تاڵەى کوردستان بگۆڕدرێت و سەرکەوتن بەسەر سوپاى گەورەى دەوڵەت بەدەست بێت و حکومەتیش لە دواى ئەو شەڕە تەواو لە توانا و بوێریى و بیروباوەڕى شۆڕشگێران گەیشت.
لە ئەنجامى ئەو زنجیرە شەڕانەدا لەگەڵ هەوڵە زۆرەکانى حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەى شۆڕشگێران و کۆکردنەوەى هێزەکانى خۆیان بۆ ئەوەى پێگەکانى خۆیان بگەڕێنەوە دەڤەرەکە و ناوچەکان داگیر بکەنەوە، بەڵام لە دواى شەڕى گەلى زاویتە حکومەت لە داستانى لۆمانە تووشى شکستێکى گەورەتر بۆوەو، بەهۆیەوە ناچارى پەنا بردنە بەر دانووستان بوو.