دواى ئەوەى ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و بەشێک لە سەرکردە دێرینەکان، پڕۆژەیەکیان ئامادەکردبوو بۆ ئەوەى بیخەنە بەردەم مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیدا ئاماژەیان بەوەدابوو، بێبەریبوونی خۆیان لە دۆخی یەکێتى ڕادەگەیەنن.
ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی بە ھەماھەنگی ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییە دێرینەکانی حزبەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە و ڕاپۆرتێکن بۆ بەرپرسانی باڵای یەکێتی، بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەکەشیان چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە.
هەروەک پڕۆژەکە داواکاریی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی و ھەڵبژاردنی سەرکردایەتیەکی نوێی تێدابووە و پێیانوایە، ئەم سەرکردایەتیەی ئێستا توانای ئیدارەدانی دۆخی حزبەکەی نییە و پێویستە لە ئاستی باڵاوە گۆڕانکاریی بکرێت.
#دلێر سەید مەجید# لەگەڵ #بافڵ تاڵەبانی# کۆبۆتەوە و پەیامی سەرکردە دێرینەکانی پێگەیاندوە و پێیوتوە کە پێویستە بەشێک لەو سەرکردانە لەناوەندی بڕیاری یەکێتیدابن، تاڵەبانیش دلێری سەید مەجیدی ڕاسپاردوە لەگەڵیان دابنیشێتەوەو بزانێت ناوەرۆکی پڕۆژەکە چییە و نیگەرانیەکانیان لەسەر چین.
پێشتریش ئەنجوومەنی سیاسی لە ڕێگەی حاکم قادرەوە پەیامی خۆیان گەیاندۆتە تاڵەبانی و داوای بەستنی کۆنگرەیان کردووە بۆ باشکردنی دۆخی حزبەکەیان و ماوەیەکی دیاریکراویش دادەنێن بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکارییەکان و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکانیاندا، بێبەریبوونی خۆیان لە دۆخی ئێستای حزبەکەیان ڕادەگەیەنن و ئەگەری ئەوەش ھەیە لە دەرەوەی یەکێتی لیستێکی نوێ درووستبکەن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو.
دواى ئەوەى وردەکاریی داواکاریی و پڕۆژەکە لەلایەن دلێرى سەید مەجیدەوە بە بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى گەیەنراوە، ڕاستەوخۆ تاڵەبانى وتویەتى:هیچکام لەو داواکارییانە بە ئێمە جێبەجێناکرێت.
وەڵامەکەى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى بە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا و بەشێک لە سەرکردە دێرینەکانى ئەو حزبەکە گەیشتۆتەوە، بەڵام نازانرێت ئەوان لەبەرانبەردا بڕیارى چى دەدەن. [1]