ناونیشانی بابەت: شیعر و ستایشی #ئەمین شنۆیی# بۆ #سافیی هیرانی#
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە و بەڵگەمێژووییەکان، پەیوەندیی هەردوو شاعیری سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو، (سافیی هیرانی و ئەمین شنۆیی) لە خوێندنی فەقێیایەتیی سافی هیرانی لە #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ەوە درووست بووە و دواتر بەردەوام بووە و گۆڕینەوەی نامەی شیعری و یەکتربینینیان لەگەشتەکاندا لەنێواندا بووە.
شاعیر و ئەدیبی سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو میرزا محەمەد ئەمینی، ناسراوە بە ئەمین شنۆیی، ساڵی 1889 لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، سەرەڕای ئەوەی لە ژیاندا دووچاری لەدەستدانی باوک و زۆر دەردەسەریی دیکە بووە، کەچی ڕەوشتبەرز و بەرچاوتێر بووە و چاکەی زۆری لەگەڵ چواردەوری خۆی هەبووە، شارەزاییەکی باشی لە بواری پزیشکی و دەرمانی گیاییدا هەبووە، ماوەیەک مامۆستا بووە و پاشان بە هەڵبژاردن کراوەتە سەرۆکی شارەوانیی شنۆ.
ئەمین وەک شاعیر لە چوارچێوەی شیعری عەرووزی کلاسیک دەرنەچووە، پاشان کە لە تەریقەتی دەروێشی نزیک بووەتەوە، زیاتر شیعری ئایینی و مەولوودنامەی بە پەخشان و شیعر نووسیوە، بەڵام ئادگاریی شێوەزارەکانی دیکەیشی بە شیعرییەکانییەوە دیارە و لە ساڵی 1954 کۆچی دوایی کردووە.
بەپێی بەڵگەنامە ئەدەبی و سەرچاوە مێژووییەکان، کاتێک سافیی هیرانیی شاعیر و کەسایەتیی ئایینیی دیاری هیران و نازەنین لە سنووری شارۆچکەی #شەقڵاوە# لە #باشووری کوردستان#، بۆ خوێندنی فەقێیایەتی ڕوو دەکاتە ڕۆهەڵاتی کوردستان، چەند جارێک چاوی بە ئەمین شنۆیی دەکەوێت، بەمەش هەردوو شاعیر پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە گۆڕینەوەی نامەی شیعری و یەکتربینینیان لەگەشتەکاندا لەنێوانیاندا درووست دەبێ.
$ئەمەش غەزەلێکی شاعیر و ئەدیب ئەمین شنۆیی، کە بەشێوەی ستایش بە نامەی شیعری بۆ (سافیی هیرانی) ناردووە:$
سافی بە فیدای خاکی دەری ڕەهگوزەرت بم
قوربانی قەدوقامەت و لەفزی شەککەرت بم
حەیرانی کەلامات و غەزەلیاتی تەڕت بم
شەیدای کەڕاماتی سریعلئەسەرت بم
پەروانەی دادەی شەمعی نەزەرت بم
پەروانەمە ئەمما لە چرای ڕووی تۆ دوورم
وەک بولبولی مەحرووم لە ڕووی گوڵی سوورم
سەد شوکر بە ئەفکار هەمیشە لە حزوورم
ناچار بە ئەم حاڵەشەوە شاد و سەبوورم
دەروێش و قەلەندەر بە تەماع سیم و زەڕت بم
من سائیلی دەرگاهم موحتاجی بەراتم
موشتاقی دوعایەکم لە بۆ ڕاهی نەجاتم
بەو لوتف و سەفای دڵ وەرە تۆ بمکە خەڵاتم
فەوتاوە دەعوسیانێ هەموو عومری حەیاتم
خاکم وەسەری کەنگێ دەبێ خاکی دەرت بم
جاڕەب کەی دەبێ جارێکی من بێمە خەیاڵت
یا ئینکی ببینم بە نەزەر ماهی جەماڵت
ڕۆژێکی بکەم بە ڕوئیەتی ئەبرۆی ﮪیلالت
شادبێ دڵ غەم دیدە لەبۆ عەیدی ویساڵت
زەواڕی تورابی قەدەم و پا و سەرت بم
بێچارە (ئەمینم) لە شنۆ بێ کەس و کارم
بێ دولبەر و بێ هەمدەم و بێ موئنیس و یارم
تۆ غەوسی موعەززەم بگە ئیمداد و ﮪاوارم
دەرمانکە برینی دڵی مەجرووح و فیگارم
ئەی من بەفیدای مەرهەمی زەخمی جگەرت بم
سەرچاوەکان: - ستایشی (ئەمین شنۆی) بۆ (سافسی هیرانی).
دیوانی سافسی هیرانی - هانا کاکی هیرانی. [1]