داستانی هەندرێن، یەکێک له و شەڕە گرنگانەى سنوورى لیواى #هەولێر# کەوا کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر گۆڕینى ڕەوتى ڕووداوەکان و شۆڕشى باشوورى کوردستان هەبوو، شەڕى هەندرێن بوو، دیارە ئامانجە ستراتیژییەکانى حکومەت بۆ داگیرکردنى چیاى هەندرێن، بوونى چەقى سەرکردایەتى شۆڕشى کورد و بارەگا و بنکەى بڕیاردانى بارزانى لە دەڤەرى (باڵەکایەتى) بوو، شەڕی چیاى هەندرێن پارسەنگ و تەرازووى هێز بوو، لەنێوان لەشکرى شۆڕشى کوردستان و سوپاى ئێراقدا، گرتن و وەدەرنانى هێزى پێشمەرگە لە چیاکە، مەترسى ڕاستەوخۆى دەبوو لەسەر بارەگاکانى بارزانى و بارەگاکانى حیزبى شیوعى ئێراقى، کە بارەگاى سەرەکیان لەژێر بنار و سێبەرى چیاکە بوو، بە هۆى ستراتیژى چیاکە، هەر لە ساڵى 1965 ەوە حکومەت لە هەوڵى دەست بەسەرداگرتنى دابوو.
لەلایەکى دیکەوە داگیرکردنى هەندرێن ماناى دابڕکردنى ناوچەکانى سۆران و بادینانى دەگەیاند. کە ئامانجێکى دیاریکراوى حکومەت تێیدا لێکترازاندنى بادینان بوو لە سەرکردایەتى شۆڕشى کورد کە بارەگاى سەرەکى لە دەڤەرى بالەکایەتى بوو .
حکومەت ناکۆکى و دووبەرەکى ناو پارتى بە هەل زانى، کە پێشتر هەر ساڵى 1964 ەوە سەرى هەڵدابوو، دواى جیابوونەوەیان خۆیان بەناوى باڵى مەکتەبى سیاسیى حزب ناساند و دواجار پەیوەندییان بە حکومەتەوە کردوو بوونە چەکدار و لایەنگرى حکومەت دژى شۆڕشى کورد بەسەرۆکایەتى بارزانى وەستانەوە. ئەمەش هاندەرێکى تر بوو بۆ ئەوەى حکومەت بە ورەیەکى بەرزتر و پلانێکى تۆکمە هەوڵى کۆتایى هێنانى شۆڕش بدەن، ئەوەبوو هەر لە سەرەتاى ساڵى 1966 ئامادەسازییان کردبوو بۆ ئەوەى هێرشێکى چڕ و بەربڵاو بۆ سەر کوردستان بکەن، تا ڕۆژانى 15-16ى نیسانى 1966 بۆ جێبەجێکردنى دیاری کرا .
جێگاى ئاماژەیە داڕێژەرى پلانەکە وەزیرى بەرگرى لیوا ( عەبدولعەزیز عوقەیلی) بوو، پلانە سەربازییەکەش ناوى (توکلت على الله) ى لێنرابوو بوو. شایانى باسە حکومەت لە سەرکەوتنى ئەم پلانە تەواو پشتڕاست بوو هیچ گومانێکى لە ئەنجامى نەخشەکە نەبوو، تەنانەت باڵوێزى ئێراق لە تاران لە ڕۆژى (ج) دا کە ڕۆژى دەسپێکردنى هێرش بوو، یاداشتێکى دابوو بە حکوومەتى ئێرانى، تێیدا داوا دەکا کە ڕێگا بە پاشماوەى هێزە یاخیبووەکان نەدا پاش تێشکاندنیان بێنە ناو خاکى وڵاتەکەیانەوە، بە شێوەیەکى تایبەتیش داواى کردبوو کە مافى پەنابەریەتى بە (مەلا مستەفا بارزانى) نەدرێت.
ئەمەش ئەوە دەگەینێ کە حکومەت بە هۆى پلانەکەیەوە لە خۆبایی ببوو، چونکە ئەو نەخشەیە کەسانى پسپۆڕ بە دارشتنى هەڵستابوون و بەو پەڕى وردەکارییەوە تا دەگاتە بچوکترین خاڵ ڕێکیان خستبوو، ئەم هێرشەى کرا سەر چیاى هەندرێن تا ئەو ساتە حکومەت هێرشى وا بەرفراوانى بۆ سەر ناوچە ئازاد کراوەکان ئەنجام نەدابوو
پلانە سەربازییەکەیان بە شێوەیەک داڕشتبوو ڕۆڵى گرنگ بدرێتە باڵى مەکتەبى سیاسیى جیابووەوە، هەروەها سوپا هێرش دەکاتە سەر هەردوو چیاى #زۆزک# و هەندرێن لە ناوچەى #ڕواندز#، بەوەش ناوچەکانى (هەولێر، #سلێمانى# و #کەرکووک#) لە ناوچەکانى (#موسڵ#، #زاخۆ# و #دهۆک#) دادەبڕێت. لە هەمان کات لێدانى هێزەکانى شۆڕش لە پشتەوە دەبێت لەلایەن باڵى مەکتەبى سیاسیى جیابووەوە و ئاغاکانى سەر بە حکومەتى ناوچەکە و پێشڕەوى کردنیان بەرەو بارەگاکانى بارزانى، هاوکات سەرۆکایەتى و سوپاسالارى ئێراق لە ناو دوو فیرقەدا شەش لیواى هەڵبژاردەى بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردبوو.
ئەو پلانە کارى بۆکرا و ڕۆژى 15ى نیسانى 1966 دیاریکرا بۆ ئەنجامدانى هەڵمەت و هێرشە بەرفراوانەکە، بەڵام پلانەکە دواخرا دواى ئەوەى دوو ڕۆژ بەر لە وادەى جێبەجێکردنى پلانەکە لە 13ى نیسانى 1966 (عەبدولسەلام عارف) لە کۆپتەرەکەى کەوتە خوارەوە، مەرگى ناوبراویش بووە هۆى دواخستنى پلانەکە، هەرچەندە سەرکۆمارى نوێ (عەبدولڕەحمان عارف) کە دواى مەرگى براکەى حوکمڕانى ئێراقى گرتە دەست، هەوڵى دانووستان و ڕێککەوتنى دا، بەڵام نەیتوانى بەسەر گەورە ئەفسەرانى سوپا زاڵ بێت، ئەوان سووربوون لەسەر جێبەجێکردنى پلانە داڕێژراوەکە کە بە هەڵواسراوى مابووەوە، لە ئاکامى گوشارەکان سەرۆک کۆمار بە جێبەجێکردنى پلانەکە ڕازى کرا
حکومەتى ئێراقى بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەى ڕواندز دوو فرقەى سەربازى ئامادە کردبوو، فیرقەى یەک پێکهاتبوو لە لیواکانى (1، 14، 15) و بە فەرماندارێتى (زەکى حوسین حیلمى) بوو هێرشیان بۆ چیاى زۆزک برد؛ فیرقەى دووش کە هەڵبژاردە بوو بارەگاکەى لە کەرکووک بوو، پێکهاتبوو لە لیواکانى (3، 4، 5) بە فەرماندارێتى لیوا ڕوکن (ئیبراهیم فەیسەل ئەنسارى) بوو لە سەرەتاى مانگى ئایار و لە شەوى 2/3دا، هێرشە بەرفراوانەکەیان بە هاوکارى ژمارەیەکى زۆرى جاشەکان و پاڵپشتى تۆپخانە و باڵەفڕەکان دەستپێکرد سوپاى ئێراق لە هەریەک لە بەرەکانى: (#کۆڕەک#، دۆڵى ئاکۆیان، زۆزک و هەندرێن) پێشڕەوییان کرد، لەو هێرشانەدا توانیان چیاى هەندرێن داگیربکەن، ئەوسا ئەرکى پاراستنى ناوچەکە هەمووى لەسەر لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان بوو، بەڵام چیاى هەندرێن زۆرتر لە ئەستۆى پێشمەرگەکانى حیزبى شیوعى ئێراقى دابوو، لەبەرانبەردا چیاى زۆزک لە ئەستۆى پارتى دا بوو، هێزەکانى خۆشناوەتى و دەشتى هەولێر و هێزى بارزان و پێشمەرگەکانى ناوچەکە بەخوێن زۆزکیان پاراست دواى ئەوەى شەڕێکى قورس و بەرگریەکى سەختیان لە چیاکە کرد، سوپا نەیتوانى زۆزک داگیربکات، بە هۆى بەرگریکردنى چەند فەرماندەیەکى پێشمەرگە لەوانە: (حاجى بێڕۆخى و عەزیز خانى مهاجیر) لە گەرووى عومەر ئاغا و بنارى زۆزکەوە، هەروەها تۆپخانەى شۆڕش کە هەریەک لە (#حالى دۆلەمەڕى# و عومەر عوسمان) پاڵپشتى هێزەکانى پێشمەرگە بوون.
هەر سەبارەت بەم شەڕە لە نامەیەکى #ئیدریس بارزانى# (1944 - 1987) لە شەوى 11/12ى ئایارى 1966 بۆ #مەسعود بارزانی# ناردووە، ئاماژە بەوه دەکات یەکێک لەوانەى ڕۆڵى گەورەى بینى لە بەرگریکردن لە چیاى زۆزک هێزەکەى مام وسو دزەیی و فەرماندەى بە تالیۆنى هێزى سەفین مستەفا حاجى ئەمین بوو، کە توانیان سەرەڕاى هێرشە گەورەکەى سوپاى حکومەت بە سەختى داکۆکى بکەن هاوکات بۆ بەرپەچدانەوەى هێرشەکە هەردوو فەرماندەى بەتالیۆنى هێزى دەشتى هەولێر، هەریەک لە عەریف عوسمان یوسف و حەسەن عەلى، هەروەها هێزێک لە لەشکرى یەک بە سەرکردایەتى فارس کورەمارکى بەشداریان کرد و ڕۆڵى دیارییان بینى، بەمجۆرە توانرا بەرگرى لە چیاى زۆزک بکرێ، بەڵام بێ بەرگرییەکى وا سوپا توانی چەندین شوێنى ستراتیژى سەربازى لە چیاى هەندرێن داگیربکا، لەم سەرکەوتنە بەراییەى حکومەت لە هەندرێن بەدەستى هێنا فەرماندەى لیوا (سەعید حەمۆ) گووتبووى:ریشم بەردەدەمەوە و نایتاشم تا دەگەمە گەڵاڵه
شایانى باسە ئیدریس بارزانى دواى ئەوەى لەلایەن #مەلا مستەفا بارزانی# (1903 - 1979) سەرپشک کرا و کرا سەرپەرشتیارى گشتى بەرەى شەڕ، ئەمە لە چەند نامەیەکى تایبەتى ئاڵوگۆڕکراو لەلایەن خۆى و فەرماندەکانى پێشمەرگە لە بەرەکانى شەڕ دەردەکەوێت، وەک لە نامەیەکى عیزەت سلێمان بەگى دەرگەڵە کە ئاڕاستەى ئیدریس بارزانى کردووە، نامەکە ڕێکەوتى #05-05-1966# لەسەرە، تیایدا ئاگادارى دەکاتەوە لە بارودۆخى نالەبارى پێشمەرگەکان، داواى هەندێ پێویستى دەکات کە بۆیانى جێبەجێبکات، هەر ڕۆژى دواتر ئیدریس بارزانى وەڵامى دەداتەوە هەموو داواکارییەکانى کردبووى بۆیان جێبەجێدەکات، لە نامەیەکى ترى ئیدریس بارزانى کە بۆ هەر یەک لە: (ڕەئیس کەمال، ملازم ڕەحمان، سەعید ئەحمەد ئاغا مێرگەسۆرى، عەریف یونس، مام ئەلیاس، مام سدیق و عیزەت سلێمان بەگ) دەگات، تیایدا داوایان لێدەکات: هەرچى لە توانادا بێ و بەخوێنیش بێت، دەبێ هەندرێن وەربگیرێتەوە، چونکە هیچ ڕێگەیەکى دیکە لە بەردەمدا نییە، لەلایەکى دیکەوە ئیدریس بارزانى بەهۆى ئەو بارودۆخە لەناکاو و کت و پڕەى کە بە هۆى دەست بەسەرداگرتنى چیاى هەندرێنەوە هاتبووە پێشەوە، (فاخیر حەمەد ئاغا مێرگەسۆرى) وەکوو بەرپرسى گشتى هێزى پێشمەرگە لە چیاى هەندرێن دەست نیشان دەکات و داوا لە هەموو فەرماندەکان دەکات بە هەموو ئیمکانیەتێکەوە پابەندى تەواوى ڕێنماییەکانى بن.
دواى چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان فەرماندەکانى لەشکرى شۆڕشگێرى کوردستان، بڕیار دەدرێت بەرەى جەنگ بەو شێوەیە دابەشبکرێت: یەکەم: (پەل) ى عیسمەت دینۆ زاخۆیی بۆ بەرەى پشت گوندى بێشووک. دووەم: (لق) ى چوارى حزبى شیوعى بۆ بەرەى ئەشکەوتى شەهیدان. سێیەم: (پەل) ێکى پێشمەرگە بە سەرکردایەتى ملازم ڕەحمان بۆ بەرەى قەڵاتگە و چەقەلى میر برایم. کۆتا بەرە (لق) ى یازدەى حزبى شیوعى لەگەڵ بەتالێۆنى چوار کە یەکەمیان لەلایەن (مام سدیق) و دووەمیان لەلایەن (عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵە) سەرپەرشتى دەکران، لەگەڵیشیان (دەستەیەک) بە سەرپەرشتى (ساڵح ئاکۆیی) هاوکارى دەکردن.
دواجار لە 11ى ئایاردا مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ فەرماندەکانى بەرەى شەڕ کۆبوونەوەى کرد، دواى دڵنیابوون لە سەرکەوتن، کاتژمێر چوارى دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دواتر، کاتژمێرى سفر بوو، هەریەک لە فاخیر حەمەد ئاغا مێرگەسوورى و کەمال نوعمان و نوعمان علوان ناسراو بە (ملازم خدر) و عیزەتى سلێمان بەگ فەرماندارێتى هێرشەکەیان کرد، دواى تۆپبارانکردنى خەستى مۆڵگەکانى سوپاى ئێراقى، هێرشەکە دەستپێکرا، پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى تۆمارکرد و زیانى سوپا تێکڕا دەوروبەرى (400) کوژراو و (600) بریندار بوو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى ڕێژەیەکى زۆرى چەک و تەقەمەنى بە هۆى زۆرى ژمارەى پێکراوانى سوپا، نەخۆشخانە مەدەنیەکانى هەولێر و موسڵ و کەرکووک و سلێمانى پڕببوون لە تەرم و بریندارى شەڕەکە و هەندێک لە قوتابخانەکانیش بەمەبەستى خەواندنى زامدارەکان چۆلکرابوون. شیاوى ئاماژەیە لەگەڵ ئەوەى پێشمەرگە سەرکەوتنێکى مەزنى تۆمارکرد، بەڵام بەهۆى ئەو ژمارەى زۆرەى کە لە ڕیزى سوپاى ئێراقى کوژران و بوونە قوربانى سیاسەتى حکومەتى بەغدا، بارزانى پێى دڵخۆش نەبوو، چونکە ئارەزوى ئەوەى نەدەکرد خوێنى زۆر بڕژێت، هەروەها لەو باوەڕە دابوو چارەسەرى پرسى کورد لەگەڵ حکومەتى ئێراقى لەڕێگەى دانووستان و گفتوگۆوە دەبێت
زیانەکانى پێشمەرگە لە داستانى هەندرێن و زۆزکدا گیان لە دەستدانى ژمارەیەک فەرماندەو پێشمەرگە بوو لەوانە: ناجى بێڕۆخى، ئەحمەد حاجى محەمەد، میخائیل...، عەریف یونس هەولێرى (سەرلق) ، خدر عەوڵا بەگ دەرگەڵەیى (سەرلق) و ساڵح مام الیاس ڕەواندزى (سەرپەل) بوون. لەگەڵ بریندابوونى (8) پێشمەرگە ئەوانیش: عەلى هەینى دەرگەڵەیی، مستەفا قادر چاوڕەش، ئیسماعیل نەسڕوڵڵا ناسراو بە (مەحمود دیکتاریۆف) ، حەسەنە شل قەرەچەتانى، حسێن مەحمود کەلێتەیی، عومەر قەرەچەتانى، سەعید عەبدولڕەزاق دەرگەڵەیی و سەعید حەمەدئاغا مێرگەسۆرى... چەندانى تر
دووبارە گرتنەوەى ناوچەکان لە هێرشى پێشمەرگەدا بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر و به و زیانە گەورە مادى و گیانییەى حکومەتى ئێراقى لە شەڕى هەندرێن بەرى کەوت، کە کردەیەکى سەربازى ناوازە بوو. تەنانەت نووسەرى فەرەنسى ڕێنیە مۆرێس کە خۆى لە ناوجەرگەى شەڕەکە ژیابوو، بەشێکى تایبەتى پەڕتووکەکەى بۆ ڕۆژى سەرکەوتنەکەى پێشمەرگەى تەرخان کردووە و بە (رۆژى قیامەت) ى ناوزەند کردووە .
لە دواى تەواوبوونى شەڕى هەندرێن بە مەبەستى ڕێگەدان بە ناشتن و گواستنەوەى تەرمى کوژراوانى سوپاى ئێراق، بارزانى پێشنیارى کرد بۆ ماوەى (24) کاتژمێر ئاگر بەست ڕابگەیەنرێ، تاکو خاچى سوورى نێودەوڵەتى ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێ، ئەم بانگەوازەى بارزانى ڕووى ڕاستەقینەى شۆڕشى کوردستان دەردەخات کە شۆڕش پابەندى یاساى جەنگ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەم بانگەوازەش جوانترین کاردانەوەى لە جنێف لێکەوتەوە
سەرکەوتنەکە بووە هۆى ئەوەى فەرماندە باڵاکانى سوپا دانى پێدابنێن؛ بۆ نموونە (عەبدولعەزیز عوقەیلى) وەزیرى بەرگرى پێشوو، لە یەکەم کابینەى عەبدولڕەحمان بەزاز، کاتێک لە 21-22ى تشرینى یەکەمى 1966 لە کۆبوونەوەکانى کۆشکى کۆمارى وتارێکى دوورودرێژى دا، سەرەڕاى ئەوەى بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى و پێواژۆکە مێژووییەکانى شۆڕشى کوردى بە چەندین شێوە تۆمەتبار کرد، لە بەشێکى وتارەکەدا گووتى: کاتێک پلانى هەڵمەتى (بەهار) مان داڕشت بە ئامانجى پێشڕەوى کردن بۆ ناوچەى بارزان، سەرکەوتن مسۆگەر بوو لە ماوەى سێ مانگدا، ئەگەر ڕەوشەکە بەردەوام بووایە و لە بەرپرسیارێتى مابووامەوە، لە 13ى نیسانى 1966 کردەى پێشڕەوى بەرەو ناوچەى بارزان سەرکەوتوو بوو، بەڵام مردنى سەرکۆمار عەبدولسەلام عارف ڕەوشەکەى ئاوەژوو کردەوە، بەرپرسیارێتیمان ڕادەستى خەڵکانێکى تر کرد، سوپا شەڕى هەندرێنى بە شێوەیەکى زۆر نامۆ و چاوەڕوان نەکراو دۆڕاند. ئەو شکستە ئابڕوبەرەوایکرد سەرۆک وەزیرانى پێشوو بەیانى دوانزدە خاڵى 29ى حوزەیرانى 1966 ڕابگەیەنێ، لە ڕاستیدا بەیانەکە خۆبەدەستەوەدانى تەواوى لایەنى حکومەت بوو بێ ئەوەى یاخیگەران پابەند بن پێى.
ئەگەرچى ناواخنى وتارەکە لە سۆنگەى بەرگرى لە خۆکرنەوە دێت، بەڵام ئەوەش داننانێکى ڕاشکاوانەیە بە شکستى گەورەى سوپاى ئێراقى لە زمانى یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد و چارەسەرى ئاشتیانەى دۆزە ڕەواکەى.
شەڕى هەندرێن لە گرنگترین ئەو شەڕانە بوو، کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان سەرکەوتنى باڵاى تیایدا بە دەست هێنا، لە درێژەى پێنج ساڵى شەڕى چەکدارانە لەگەڵ ڕژێمە جۆربەجۆرەکانى ئێراقدا، کە ئەمە سەلماندى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد توانیویەتى دەسەڵاتى خۆى لە جاران زیاتر بسەپێنێ بەو پێودانگەى هێزێکى سوپاییەو هۆکارێکە کە حکومەت ناتوانێ بەچاوى بایەخەوە لێى نەڕوانێت.
بەمشێوەیە بەرگرى و هێرشى هاوبەشى حیزبى شیوعى و پارتى لە شەڕى هەندرێن نموونەیەکى جوانى خەباتى هاوبەشى نیشتمانى بە کورد و عەرەبەوە نیشانى خەڵکى کوردستاندا، چونکە بەکردەوە کەڵک لە هێزەکانى حیزبى شیوعى لە ناوچەکە وەرگیرا، وەک بەشێک لە بزووتنەوەى شۆڕشگێرى کوردستان ڕۆڵى کارایان گێرا، لە کاتێکدا پێشتر لە دواى ڕوخانى دەسەڵاتى (عەبدولکەریم قاسم) بنکە و بارەگاکانیان لەلایەن بارزانى و سەرکردایەتى سیاسیى کورد بۆ کرایەوە و داڵدەیان درا. [1]