$کەی دوان و سیان و چوار بخوازین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
زۆرێک پێیان وایە دەتوانن چۆنیان ویست قورئان بکەنە بەردەباسی تەئویل و تەفسیر بۆ ژیان و دەستکەوت و پێگەی خۆیان، بە زاراوەی قورئان خۆی یحرفون الکلم عن مواضعه. ئایەتەکانی قورئان بجەڕێنن. عەرەب ئەڵێ با لەدەمی خۆتەوە دادگاییت بکەم ادینک من فمک بۆ ئەم باسە سێجار سوورەتی نیسائم بەدیقەتەوەخوێندەوە و جارێکیش گوێم بۆ ڕاگرت:
ئەو ئایەتانەی سەرەتای سوورەتی نیساء کەباسی فرەژنی دەکەن، میحوەری ئەساسی تێیاندا فرەژنی نییە و دوورو نزیک باسەکە فرەژنی نییە، بەڵکوو چاودێری کردنی هەتیوی ئەو ژنانەن کە مێردیان مردووە و گرانە لەسەر شانیان هەتیوەکانیان بەخێو بکەن.
ئایەتەکە دەڵێت وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَىٰ گەر ترستان هەبوو لەوەی یەکسانی لەنێوان ئەو هەتیوانە و منداڵەکانی خۆتاندا بەرقەرارکەن ، وشەی ان وشەیەکە لەعەرەبیدا پێی دەوترت
ان شرطیة جازمة واتە گەر ترستان نەبوو لەوەی جیاوازی بکەن لەنێوان منداڵانی خۆتان و منداڵانی ئەو بێوەژنانەی کە هەتیوبارن ئەوا لێیان بخوازن دوان و سیان و چوار. واتە قسط کە دەکاتە یەکسانی نێوان منداڵی خۆت و منداڵی ئەو بێوەژنەی کە دەیخوازی و مەرجی سەرەکی زەواجەکەیە.
بۆ تێگەیشتن لەو وشەی انە قورئان لە ئایەتێکی میراتدا دەڵێت
فان کان لە اخوة فلامە السدس واتە گەر کابرا برای هەبوو ئەوا دایکی شەش یەک وەردەگرێت، گەر برای نەبوو بڕی میراتەکەی دیارە دەگۆڕێت، وشەی ان ئەمجارەش شەرطی جازیمەیە، مەرجی شەش یەکی میراتەکە بە وشەی ان ەوە بەستراوەتەوە. لێرەش دەڵێ گەر ترسی یەکسانیتان نەبوو لەنێوان منداڵانی ئەوان و خۆتاندا وان خفتم الا تقسطوا فی الیتمی گەر ترستان نەبوو لە یەکسانیکردن لەنێوان منداڵانی ئەوان و خۆتاندا ئەوا فَانکِحُوا مَا طَابَ لَکُم مِّنَ النِّسَاءِ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ لێیان بخوازن دوان و سیان و چوار، لە ئایەتەکەدا بەهیچ شێوەیەک شەرت بۆ ژنی یەکەم دانانێت، چونکە ژنی یەکەم موباح و بێ شەرتە دەتوانی بێوەژن بخوازی دەتوانی کچ بخوازی دەتوانی پیرەژن بخوازی ، شەرتی نییە بەڵام کە باسی دووەم و سێیەم و چوارەم دەکات شەرتی هەتیوباریی بۆداناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کەدیارە لەوڕۆژانەی نیمچەدورگەی عەرەبیدا لەمە باشتر چارەسەر نەکراوە. واتە ژنی دوەم و سێیەم و چوارەم وابەستە کراوە بە بێوەژنێک کە هەتیوبار بێت.
هەموو ئەو سەرەتایەی سوورەتی نیساء باسکردنە لە هەتیو و حوکمەکانی یارمەتیدانیان نەوەک ڕێوشوێنی فرەژنی. هەموو ئەو عەدالەتەشی باسی دەکات تیایاندا مەبەست لێی هەتیوی ژنەکانە نەوەک ژنەکان خۆیان. تەعەدود شتێکی ڕەها نییە لە نەسی قورئاندا بەڵکوو چارەسەرە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی.
گەر یەکێک وابزانێت من ئەو ئایەتانەم جەڕاندووە کەباسی فرەژنی دەکەن و بە ویستی خۆم تەئویلم کردوون، لە سوورەتی نیسائدا و لەپاش تەواوبوونی ئەو ئایەتانەی باس لە هەتیو و میرات دەکەن، ئایەتێکی زۆر سەریح هەیە باس لە گۆڕینی ژن دەکات کاتێک یەکێک ناتوانێت لە ژنەکەی بگات و ژیانیان مەیسەر نابێت بۆیان و لێک تێناگەن و پێک نایەن، جا ژنەکە بەدەم داواکارییە ماددی مەعنەوییەکانییەوە ناچێ یا کێشەکە خۆیەتی، زۆر بە سانایی ڕێ و شوێنی بۆ دیاریکردووە و دەڵێت: وإِنْ أَرَدتُّمُ اسْتِبْدَالَ زَوْجٍ مَّکَانَ زَوْجٍ گەر ویستتان ژنێک بگۆڕن بە یەکێکی دیکە استبدال واتە replacement واتە گۆڕینێک بە مەرجێک یەکەم تەڵاق بدەیت، باس لە هێشتنەوەی یەکەم ناکاتٚ کەوابوو مارەیی خۆی پێ بدەن و زوڵم لەوەی یەکەم مەکەن و هیچی لێ گل مەدەنەوە بۆخۆتان مارەییەکەی وَآتَيْتُمْ إِحْدَاهُنَّ قِنْطَارًا فَلا تَأْخُذُوا مِنْهُ شَيْئًا، تاکۆتایی ئایەتەکە.
هەر سەد ئایەت دواتر لەهەمان سوورەتدا بە ڕوون و ڕاشکاوی و موتڵەقی دەڵێت نەکردەیە عەدالەت لەنێوان کۆمەڵێک ژندا جێکەوت بکەن هەرچەندە حیرصیشتان بۆ ئەو باسە هەبێت وَلَن تَسْتَطِيعُوا أَن تَعْدِلُوا بَيْنَ النِّسَاءِ وَلَوْ حَرَصْتُمْ دەی مادەم وایە با مەیلتان لای یەکێکیان نەبێت و ئەوانی دیکەیان بکەن بە شەحنەوە و قوفڵیان بکەن و بەهەڵواسراوی بیانهێڵنەوە، موعەلەقەو هەڵواسراوی ئەوەیە کە نە ئەوەیە ئەوان بتوانن شوبکەنەوە، نە ئەوەیە ئێوە بتوانن عەدالەت بەرپا بکەن. لە ئایەتێکدا قورئان ڕوو لە پێغەمبەر دەکات و دەڵێت زۆرینەیان ئیمان ناهێنن هەرچەندە حیرصیشت بۆیان هەبێت و حەریص بیت لەسەریان وَمَا أَکْثَرُ النَّاسِ وَلَوْ حَرَصْتَ بِمُؤْمِنِينَ ئێستا کەمێک حرصتم ی ئایەتی یەکەم ڕوون بوتەوە بۆت؟
کۆنکلوژنی ئەم باسە بەیەک وشە ئەوەیە: فرەژنی لەقورئاندا مەرجدار کراوە بە هێنانی ژنێکی هەتیوبار لەدوا ئەوەوە من نازانم چۆنە.
زمانی قورئان لسان عربی مبینە بۆ هەموومان هاتووە تا بەقا ویسع و لێهاتوویی خۆمان لێی تێبگەین. [1]