$جوێندان و فرەژنی$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ دە هێندەی ڕەخنە یان لایەنداری بۆ ڕووداوی ژنهێنانی سەرکردەیەکی ئیسلامی جوێن درا، جوێنەکانیش لە جوێنی بێ مستەواو و ئەخلاقییەوە بۆ تیرۆری کەسیی و مەعنەوی هەموو موسوڵمانان ڕێزیان بەستبوو. هەبوو ئەم ڕووداوە وای لێکرد لێیەوە زوخاو و کۆنە قینی دەیان ساڵەی ڕابردوو بەبا بکات. جوێندان لەڕووە دەمارناسییەکەیەوە قوناخی کۆتایی هاتنی تەعەقول و بیرکردنەوەیە. مێشکی مرۆڤ کائینێکی زۆر تەمبەڵە، دەیەوێت بە سووتاندنی کەمترین بڕی گلوکۆز و خۆماندوو کردن بگاتە نەتیجە و خۆی لە چارەسەر و شیکاری دیاردە ئاڵۆزەکان بدزێتەوە.حەزی بە درووستکردنی دیوارە وەک لە پرد، دیوار بێ مەسئولیەتترە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وا لەکەسی جوێندەر دەکات بە حیسابی خۆی کێشەیەک چارەسەر دەکات گواستنەوەی بیرکردنەوەیتی لە کایەی عەقەڵیی ڕەخنەگرەوە بۆ کایە نەستیەکان. جوێندان ساتی کۆتایی هاتنی بیرکردنەوە و ڕژاندنی کۆمەڵێک دەمارە هۆرمۆنی وێرانکەری بێ ئەمانە لە کەشێکدا کەسەکە بڕیاردەدات ئیدی عەقڵی کارپێنەکات، کەسی جوێندەر خۆی پێش دەوروبەر وێران دەکات، بەوەی ڕایدەهێنێت و ئیدمانی بۆ درووست دەکات لەسەر کوژاندنەوەی ژیری و بیرکردنەوە، گەر ئەم جارە دەخولەک بەرگەی ڕوداوێک برێت کە هەستەکانی پێیان خۆش نییە جاری داهاتوو دەبێتە هەشت خولەک و وردەوردە بەرەو کەمی دەچێت تا خاڵی مۆلەقی Threshold ی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی دیاردەکان تێدا نزیکدەبێتەوە لە سفر. ئەم جارە بە ڕاست و بەچەپ توڕە دەبێت و جوێن دەدات، جگە لە جوێن سەرەتاییترین تۆلێرانسی بۆ پێشهاتەکان نامێنێت. پێش فەزای دەرەکی فەزای ناوەوەی خۆی دەشێوێنێت.
گەر مرۆڤ هۆشیارییەکی سەرەتایی بە شێوازی کارکردنی دەمارەخانەکان هەبێت، ئەو دەمەی دەیەوێت جوێن بدات، مێشکی خۆی لە قافدا دەگرێت و تێیدەگەیەنێت کە ئەم لەو دۆخەی تەمبەڵیی مێشک تێدەگات کە بۆچی دەیەوێت پەنا بۆ جوێن ببات. گاڵتەی لەو جوڵە نزمەی ژیری دێت.
$فرەژنی و ئیمان!$
بەشێکی دیکەی خەڵک کوێرانە فرەژنیی و دیاردە شوناسیی و فقهییەکان پەیوەست دەکەنەوە بە ئیمان و کوفرەوە. بۆ شەرعیەتدان بە حەزێکی خۆیان یا سەرکردەکەیان ئیسلام و ئیمان و شوناس تێکەڵدەکەن.
نازانن مەسەلەی تەعەدوود لە مەسائیلی ئەحکام و شوناسە نەوەک بەدیهیاتی ئیمان و عەقیدە. فرەژنی ئەحکامەکەشی لەو ئەحکامانەیە کە مەتنێکی سەریح و ڕوون نییە بۆ ئەنجامدانی یا قەدەخەکردنی، بەڵکوو سەوابیت و چوارچێوە و فرەیمێکی زۆر هەستیاری بۆ دیاری کراوە لەوەی چکاتێک دەبێت بکرێت. واتە هەموو کردنێکی موباح نییە.
لە شوێننێکدا دەڵێت ئەو کەسانەی دەیانهێنن با هەتیوبار و بێ سەرپەرەست بن و عەدالەتی نێوانیان ڕەچاو بکەن فان خفتم ان لا تعدلوا فواحدە ئەو ترسانە شمولی دانەکەش دەکات، پیتی فائەکە حەسڕە بۆ واحیدەکەش، واتە گەر پیاوی ژن هێنان نەبوویت یەک دانەش مەهێنە، لە شوێنکی دیکە دەڵێ هەرچەندە هەوڵ بدەن ناتوانن عەدالەتی نێوان ژنەکانتان ڕابگرن
ولن تستطیعوا ان تعدلو بین النساء ولو حرصتم وشەی حرص ڕۆڵی کلیل دەبینێت کە بەکاریهێناوە لەم مەسەلەیدا ، بۆ تێگەیشتن لێی لە ئایەتێکی دیکەدا بە پێغەمبەر د.خ دەڵێت ما اکثر الناس ولو حرصت بمومنین. حیرص لەم ئایەتەدا ڕوونتر دەردەکەوێت مەبەست لێی چییەو چ مانایەک دەدات. فرەژنی مادەم سەوابیت و چوارچێوەی بۆدانراوە کەواتە ئەسڵەکەی ئەنجامنەدانە نەوەک ئەنجامدانی. گەر چوارچێوەیەک هاتە دی ئەوا بە مەرج ئەنجامبدرێت. نەوەک سوننەت بێت و بەشێک بێت لە ئیمان.
دەشێ حوکمێک کات و جوگرافیا کاری لەسەر بکەن، بیگۆڕن هەرچەندە کە لەسەوابیتیش بێت و وادەربکەوێت ئیجتیهادی تێدا ناکرێت ساڵی 17 ی کۆچی لەگەڵ بوونی مەتنی سەریحدا سەبارەت بە بڕینی دەستیان عومەری کوڕی خەتاب دەستی دزی نەبڕی.
شوناس و ئەحکامی دینیی سەر بەم ڕەوتەن، دەشێ ئیجتیهاد لە سەوابیتەکانیشیاندا بکرێت بەڵام مەحاڵە ئیمان و جیهانبینیی دینی کات و جوگرافیا کاری لەسەر بکەن. هەر بۆیە مەسەلەی فرەژنی نە سونەتە نە واجبە نەفەرزە، باوەڕت پێ ببێ یان نا هیچ لە ئیمانت بە خودا و پێغەمبەرەکەی ناگۆڕێت، لە زۆرترین مایەگرتندا موباحێکی چوارچێوە بۆ داڕێژراوی شوناسییە، دەشێت لە کاتێک بۆ کاتێکی دیکە لە جوگرافیایەک بۆ ئەوی دیکە گۆڕانی بەسەردا بێت. هیچ دەقێکی دینیمان نییە پێمان بسەلمێنێت شوناسی هەزار ساڵ پێش ئێستای نیمچەدورگەی عەرەبی باشترین جۆری شوناسە بۆ هەموو کات و جوگرافیایەک. تەدریجی بوونی هاتنی قورئان و ئیجتیهادە ئوسوڵی و شوناسییەکان دەلیلن لەسەر ئەمە. دکتۆر موسەفا زەڵمی پێی وایە ڕۆحی تەعەدود لە ئیسلامدا تەقلیصه، واتە کەمکردنەوە نەوەک فرەیی.
$فرەژنی و سوننەت$
هەر شتێک پێغەمبەر د.خ ئەنجامی دابێت نابێتە سونەت، سونەت لە عیباداتدایە نەوەک عادات و شوناس تەقالید. نوێژەکانی تەهەجود و نەوافیل و ئەوابین و چێشتینگاو و بەڕۆژووبوونی بەردەوام و زیکرەکانی بەیانیان و ئێواران سونەتن، نەوەک لەسەر حەسیرخەوتن و خورمای عەجوە خواردن و ڕیش بەردانەوە و جەمەدانی سەوز و ڕەش پێچانەوە و کەڵەشاخ گرتن و عەمامە پۆشین و شەرواڵ کورتکردنەوە. ئەمانە زیاتر لە عاداتن نەوەک عیبادات.
گەر تەعەدوود سونەتە و دەبێ ئەنجامبدرێت، خۆ خواردنی گۆشتی کوللەش و بزنمژەش بەو پێوەرەبێت هەر سونەتە. هەرچەندە فرەژنی کۆمەڵێک چواچێوە وپێوەری قورئانیشی بۆ دانراوە بۆ کەمکردنەوەی، بەڵام خۆ کوللە خواردن ئەو چوارچێوانەشی نییە، بێخەم بیخۆ. بۆ کەس نابینین کوللە بەناوی سونەتەوە کولە بتروکێنێت بەڵام بۆ مەسەلەی ژنەکە ئەم هەڵا گەورەیە درووستدەکرێت وەک سونەت و بەهاندانی کوێرانەش بۆی ماڵی خەڵکێک وێران دەکرێت پێی؟
مرۆڤ چ دەکات ئازادە بیکە بەڵام بەناوی ئایدۆلۆژیاوە نا، واباشە کارەکانی ڕاست و ڕەوان بن بەناوی حەز و غەریزە و ئازادی خۆیەوە بیانکات. دەتوانێت بڵێ تولە ڕێگەیەک بۆ ئەم باسە هەیە و خۆشم بەڕاستی وەک غەریزە حەزم لێیەتی. گەر هەزار پاساو بهێنیتەوە بۆ شتێک کە هەڵەیە دەیکاتە هەزارویەک هەڵە. هەڵە بە سوننەت پینە ناکرێت. [1]