$جنۆکە و سیحر و چاو سەر بە چ جۆرە دونیابینییەکن؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەم باسە دوورونزیک پەیوەندی بە ئیمان و خوداو خوداناسییەوە نییە، باسەکە زیاتر عەقڵییە نەوەک نەقڵی.
لە ڕووی مێژووییەوە عەقڵی مرۆڤ بۆ سێ قۆناخ دابەش دەبێت، قۆناخی یەکەم: قۆناخی خورافەیی و ئەفسانەیی عەقڵە. کاتێک ژیری توانایەکی سنوورداری هەیە بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان و سرووشت، ناتوانێت لێیان تێبگات مەجبور دەبێت ئەفسانەسازییان لەسەر بکات و مەلحەمە و ئوستورەیان بۆ دابتاشێت، خودایان بۆدرووستبکات و بیانپەرەستێت بە ئومێدی ئەوەی لەشەڕ و ناخۆشیی و نەخۆشی دیاردە سرووشتییەکان بیانپارێزێت. مێژووی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لێوانلێوە لەم جۆرە خودایانە.
قۆناغی دووەم قۆناغی عەقڵی مێتافیزیکیی دێتە پێشەوە. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە ئەفسانەسازیی ڕزگاری دەبێت، زیهن سەنتەر دەبێت، دیاردەکان لەهێزی دەرکەیی وەردەگیرێنەوە و دەدرێنەوە زیهنی مرۆڤ تا سەرمایەگوزاریی عەقڵییان لەسەر بکات، مەرج نییە ماتماتیک و لۆژیکی ئەرستۆیی پێشگریمانە و پێشمەرجی داوەرییە زیهنییەکان بن، سەدەکانی ناوەڕاست سەربەم قۆناخەن.
قۆناخی سێیەم قۆناخی عەقڵی زانستیی و ماتماتیکە، تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ دیاردەکان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی داتای زانستییە لەسەر دیاردەکانە بە مەرجێک ئەو داتایانە بەچەند قۆناخێکی تاقیکردنەوەی سەختدا ببرێن و لە کۆتاییدا هەموویا یەک ئەنجامی دووبارەبووەوە بدەن بەدەستەوە. پرسیارەکانی چەندێتیی وردەوردە جێ بە پرسیارە چۆنێتییەکان لێژ دەکەن. نیوتن و تیۆری کەوتنە خوارەوەی سێوێک لە دارێک یەکەمین هەنگاوی گواستنەوەی مرۆڤە لە قۆناحی مێتافیزیکەوە بۆ قۆناخی عەقڵی زانستیی. هەرچەندە ئەم قۆناخە بەدەر نییە لە ڕەخنە فەلسەفییە هیۆمییەکە، بەڵام لەکۆتاییدا دڕی پێدەدات و پشتگیریی فاکت بۆی دەیکاتە واقیع. لەئێستادا ئێمە لەقۆناخی زانستیی و ماتماتیکیی ژیری داین، ئەو جۆرە لە تەعەقول reasoning کە پشت بە evidence based facts ڕاستیی سەلمێنراو دەبەستێت.
دەبێت بوترێت هیچ جۆرە عەقڵێک لەم عەقڵانە بۆ قۆناخەکەی خۆی عەیبەو دواکەوتوویی نەبووە، دەشێت مرۆڤایەتی سبەی قۆناخی زانستیش بەجێبهێڵێت بۆ یەکێکی گەشەسەندووتر لەوەی ئێستای. واتە ئێمە ناتوانین بڵێین بۆچی پێش هەزار ساڵ بەر لەئێستا مرۆڤ ئەفسانەسازیی کردووە، نەخۆشییەکانی خۆی داوەتە پاڵ ئەفسانە و نوشتەو سیحر وسرووشت، ئەوە قۆناخێکی تەکامولییە و عەقڵی دەستەجەمعی مرۆڤایەتی لەو قۆناخەدا پێویستیی بەوە هەبووە و هەر ئەوەندە بڕی کردووە.
هەڵەکە لەکوێیە؟
هەڵەکە لەوێدایە من سەر بەقۆناخی عەقڵی زانستیی بم و بەو هەموو فاکتە زانستییەوە ئەو هەموو ساڵەم لە گەشە عەقڵیی بڕیبێت بەڵام هێشتا باوەڕ بە ئەفسانەکان بکەم، دیاردە فیزیایی و بایەلۆژییەکان بدەمە پاڵ شەیتان و جنۆکە و دێو و نووشتە و سیحر.
وەک چۆن منداڵێک کە فێری خوێندنەوە و نووسین بوو ئیدی کەس ناتوانێت خوێندنەوە و نووسینی لەبیر بەرێتەوە و بیکاتەوە بە نەخوێندەوار بەهەمانجۆر قۆناخ و پلەبەندیی عەقڵی مرۆڤیش هەربەم جۆرەیە. کاتێک لەسەردەمی تەعەقولی زانستی دا دێین دەمانەوێت بە کەرەستەکانی قۆناخی ئەفسانەسازیی لە دونیا و گەردون و نەخۆشیی و ناڕێکییەکان تێبگەین ئەوکاتە دەبێت بزانین ئێمە عەقڵمان بەتەواویی لەدەستداوە. هەمان هەوڵی گێڕانەوەی منداڵێک دەدەین بۆ نەخوێندەواری لەکاتێکدا ئەم منداڵە فێری ئەلجێبرا و جیۆمێتریی بووە و ئاشنایە بە دیارد فیزیایی و گەردوونییەکان.
ئەم کایەیە پێویستیی بەوە نییە کە بڕوانەمەکەت چییە و لە کوێ هێناوتە، لە کوردستان کەم نین ئەو پزیشک و ئاکادیمیسیان و مامۆستای زانکۆیانە کە هێشتا بڕوایان بە نووشتە و جادو و جنۆکە وسیحر هەیە وەک هێزی کاریگەریی بێ واسیتە! هەیە بۆ تێگەیشتن لە ناڕێکییەکانی جەستە و دەروونی مرۆڤ تەشبووس بە مرۆڤێکی سەرەتایی وەک مەلا عەلی کەڵەک دەکات بەڵام خۆی مامۆستای زانکۆیە. دیسانەوە کەم نین ئەو پزیشکانەی لەسەردەمی ئەتۆم و سەبئەتۆمیک پارتیکڵ و بایۆتێکدا هێشتا پێیان وایە ڕەشکە و هەنگوین و خورما هۆکارن بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشی نەوەک دەرزی و دەرمان، بەشێکی باشیان پێیان وایە ناڕێکییەکی دەروونی وەک شیزۆفرینیا دەستی جنۆکە و شەیتانی لە پشتەوەیە. ئەم بۆچوونەی ئەوان ڕێک گەڕانەوەیە بۆ قۆناخی ئەفسانەسازییکردن بۆ دیاردەکانی نێو سرووشت لەکاتێکدا مرۆڤ وا وردەوردە خەریکە قۆناخی عەقڵی زانستیی بۆ ئاگاهیی تێدەپەڕێنێت.
نابێت کۆڵێکی زیاد لەوەی لەتوانایدایە بخرێتە سەرشانی دین دەنا دەپسێت و لەژێری دەرناچێت. ئایینەکان وپەیامەکانیان هەروەک چۆن پەڕتووکی مێژوو و جوگرافیا نین، بەهەمان جۆر پەڕتووکی پزیشکی تەبابەت و گەردوونناسیش نین، میتۆدی دینی و میتۆدی زانستی لەڕووی ئێبستمۆلۆژییەوە دوو میتۆدی جیاوازن، یەکێکیان لەسەر یەقین و ئیمان کاردەکات، ئەوی دیکە لەسەر گومان و گریمانە. من ئیدیعایئەوەناکەم کە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، من دەڵێم میتۆدی کارکردنیان جیاوازە. دەشێت پەیامی گشتییان لەهەناویانداهەڵگرتبێت، ئامانجی، گشتیی و ئەخلاقی دیاریکەن بۆ مرۆڤ سەبارەت بە داهاتوو بەڵام بەدڵنیاییەوە ناتوانن پێمان بڵێن چۆن نەخۆشییەکی وەک شەکرەچارەسەر بکەین. هیچ مەتنێکی دینیش ئەوەی وەک مەرجی ئیمان نیشان نەداوە کە ئێمە دەبێت باوەڕ بەوە بهێنین هێزێکی نادیاری وەک شەیتان و جنۆکە بەرپرسە لە ناڕێکییەکانی ژیان و ژیار بایەلۆژیی و کۆمەڵایەتی ئێمە. [1]