سیحر و چاو و شەیتان دەتوانن چی بەسەر مرۆڤ بێنن؟
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بەیەک وشە هیییییچ، بەڵێ ناتوانن هیچ شتێک بەسەر مرۆڤ و ئیختیارەکەی بهێنن. مێشکی سەلەفی و شێوازی دینداریی وەهابی، باوەڕی بەوە نییە مرۆڤ لەدوای حەزرەتی محەمەدەوە ئیلهامی بۆ بێت لەلایەن خواوە و بەکوفریشی دەزانێت، لەکاتێکدا خودا وەحی بۆ هەنگێک بەو نزمییە بە بەراورد بە مرۆڤ دەنێرێت واوحی ڕبک الی النحل، بەڵام باوەڕی بەوە هەیە مرۆڤ بتوانێت سیحر لەمرۆڤێکی دیکە بکات و ژیانی بەهۆی چەند تاڵە مویەکی ئاڵۆزکاو و پارچە ئێسکێکی ڕزیوەوە تێکبدات، نەزۆکی بکات، بەتەڵاقدانی بدات، چاو کاربکات و مرۆڤ بفەوتێنێت، هێزی حەسوودێکی لە هێزی خودا پێ زیاتربێت، پێی وایە شەیتان دەتوانێت خۆی هەڵبقورتێنێت لە مەشیئەتی ئیلاهی و قەدەر و قەزاکەیدا و چۆنی بوێت هەڵیدەسوڕێنێت.
خورافە و خورافەبازاڕیی بەهێزترین بەرهەمی خەیاڵی مرۆڤە کە ژیری ناتوانێت لەژێر هەژمونی دەرچێت. کاتێک ژیری ناتوانێت خوێندنەوەی درووست بۆ دیاردەیەک بکات، خەیاڵ وەک سەربازێکی ئامادە دێت پەردەیەکی عاتیفی دادەداتەوە بەسەر دیاردە ئەفسانەیی و عەقڵییەکاندا و خورافەی لێدەزێنێت. سەرنجڕاکێشترین خورافەکان خەیاڵی ئێمە دەیانخوڵقێنن چونکە ئەمان بەهێزترین کۆگای خورافاتن، یەکەمین گورزی خەیاڵی مرۆڤ لە ژیری لێرەوە دەستپێدەکات. خەیاڵ دیاردە عەقڵییەکان ڕەتناکاتەوە بەڵام قەبوڵیشیان ناکات وەک خۆیان، بە دادانەوەی پەردەی عاتیفیی بەسەریاندا دەیانکاتە خورافە و ئەوسا قەبوڵیان دەکات و ژیری دەکاتە موریدی بێ چەندوچۆنیان.
بیرکردنەوەی ڕوکەشگەرایانەی دین دواتر دێت و سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەم بەرهەمانەی خەیاڵ دەکات، دێت پێناسە بۆ ئەم خورافانە و شەیتان دەگەیەنێتە ئاستێک گەر ناوی شەیتان یا خورافەکە بگۆڕیت بۆ ناوی خودا ئەوا پێناسەی خورافەکە بۆ خوداش کتومت ڕاست دەردەچێت. خورافەکەی شەیتان و سیحر و چاوی یەکسان کردووە بە ئەفسانە خوداییەکە و هەندێجار زیاتریش.
شیرک و کوفر شاخ و گوێی نییە، تۆ باوەڕت وابێت چاوی من، سیحری باجی حەلاو، یا شەیتان دەتوانن عاقیبەت و ئەنجامت بگۆڕن، کاربکەن و کاریگەرییت لەسەر دابنێن، ئیختیارێک کە خودا خۆی وەک گەورەترین دیاریی پێداویت و هەر لەسەر ئەو ئیختیارەش تاقیتدەکاتەوە ئەمان دەتوانن لێتوەربگرنەوە ئەوا پێ بزانی یا نەزانی کەوتوویە داویانەوە.
بتپەرەستی، شیرک و موشریکبوون پەیوەندیی بە هونەرێکی باڵای وەک پەیکەر و پەیکەرسازییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەو ئیعتبارەوە هەیە کە تۆ بۆ ئەو بتەی دادەنێیت کە لە ناختدا قەڵەوتکردووە، جا ئەو بتە پەیکەرێکە، کەسێکە، سیحر و چاوێکە یا شەیتان. گەورەیی و بچوکی پەیکەر نیشانەی شیرک نییە، گەورەیی و بچوکی ئیعتیبارەکەت بۆ بتەکەی ناخت دەتکاتە موشریک. دەنا هونەرێکی جوانی وەک پەیکەرسازیی دوورونزیک پەیوەندی بە بتپەرەستییەوە نییە. دەشێ منداڵەکەت، شێخەکەت، ساحیرەکەی دەراوسێتان، چاوپیسەکەی گەڕەکەکەتان، گەورەکەت، دەوامەکەت، کورسییەکەت، حیزبەکەت، پارەکانت، ژنەکەت یا هەرشتێکی دیکە لە هوبەل و لات و عوززا بتتر بن بۆ تۆ، بەگوێرەی ئەو ڕێزو ئیعتبارەی قایلیت بۆیان. قورئان لەخۆڕا ناڵێت:
وَلَا تَکُونَنَّ مِنَ الْمُشْرِکِينَ
وَمَنْ يُشْرِکْ بِاللَّهِ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا بَعِيدًا
إِنَّ اللَّهَ لَا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَکَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَٰلِکَ لِمَنْ يَشَاءُ
وَاعْبُدُوا اللَّهَ وَلَا تُشْرِکُوا بِهِ شَيْئًا
أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِکَ بِهِ شَيْئًا [1]