$بۆ ئەوەی نەدۆڕێت واباشە ئەم جارە نەیباتەوە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە داواکردنی مافی خۆ عەدالەتە، چاوپۆشی لە مافی خۆ لەپێناو چاکەی گشتی فەزیلەتە. بەڵام کاتێک تۆ داوای مافی خۆت لەسەر فەزیلەتێکی وەک ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم بکەیت و بەوهۆیەوە نوزەیەکی ئازادیخوازانە کە هەیە لەتمەی بەربکەوێت و کپ ببێتەوە، داواکردنی عەدالەت لەم کاتەدا دەبێتە کارێکی نائەخلاقی و زەبرێکی کوشندە لە ئومێد. کوشتنی ئومێدیش هاتای کوفرە بە تێرمینۆلۆژییە دینییەکەی. فەزیلەت نابێت بکرێتە قوربانی عەدالەت.
لە پێنج ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕەخنە لە دادگاو سیستمی دادوەریی حاکم شێخ لەتیف گرتوویەتی، نووسینەکانی ئەو پارێزەرە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەندە بڕندە و توندبوون لەسەر دادگاکان و حاکمەکانیان هیچ کەسێک لە ئێمە ناتوانێت نکوڵی لەو گومانانە بکات کە بۆ ئێمە درووستبوون سەبارەت بە سیستمی دادوەری و مولحەقەکانی لەم هەرێمەدا. بەڵام ئەمڕۆ کاک شێخ لەتیف هەمان ئەو دادگایانە و سیستمەکەی کە ڕەخنەیان لێدەگرێت لەدژی نووسەرێک بەکاردەهێنێتەوە کە ڕەخنەی جیددی لە دەسەڵات هەیە لەم هەرێمەدا و لە پەراوێزێکیشدا ڕەخنەی لەوگرتووە.
هیچ پێودانگێکی بایەلۆژی من نابەستێتەوە بە کاک کامیارەوە، لە زۆر شتیشدا نەک هاوڕانین دژیشین، بەڵام ئەمڕۆ هەروەک چۆن ڕۆژی بێلایەنی نییە و بێلایەنی دەبێتە لایەنداریی، بەهەمان شێوەش ڕۆژی دەربڕینی ڕەخنەو بۆچون نییە سەبارەت بەوەی کاک کامیار سابیر توند دەنووسێت، زبر دەنووسێت، سوکایەتی دەکات، جوێن دەدات یا تۆمەت هەڵدەبەستێت، چونکە دیار نییە نووسەرێک بە چ یاساگەلێک دادگایی دەکرێت لەداهاتوودا. هیوادام کاک لەتیفیش ئەوەندە دڵی گەورەبێت گەر مافێکیشی کەوتبێتە لای کاک کامیار لانی کەم لە ئێستادا بە لۆژیکی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە نەجوڵێتەوە و لەبەر مافێکی ئیعتباریی کەم خۆی نەخاتە بەرەی سیستمێکی دژ بەئازادیخوازان و ڕەخنەگران. یان ئەوەیە لەمافی خۆی خۆشبێت گەر پێی وایە کەوتۆتە لای ئەو نووسەرە، یا ئەم مافەی هەڵگرێت بۆ سەردەمێک کە لانی کەم خۆی ڕەخنەی لە سیستمی دادوەری نامێنێت تێیدا.
ئەمەی کاک حاکم شێخ لەتیف کردوویەتی بۆ بەشێکی زۆر لە نووسەران و ئازادیخوازن پارادۆکسەو دژ دێتەوە لەگەڵ ئەو نووسینانەی کە پێشتر خۆی لەسەر سیستم بەگشتیی و سیستمی دادوەریی بەتایبەتی نووسیونی، لە هەمان کاتیشدا دژە بەو مەبادیئە ئەخلاقییانەی نووسەران و ڕەخنەگران کە لەنێوانیاندا بەشێوەیەکی نەنووسراو هەیە.
هیوادارم لە ڕۆژی ڕژاندنی خوێنی حسێندا کەسمان لە دیوەخانی یەزیدەوە نەگەڕێین بەشوێن مەسەلە بچوکەکانی وەک ئەوەی ئایا خوێنی مێشولە لەسەر دزداشەی سپی دەرکەوێت دەستنوێژ دەشکێنێت یاخود نا! ئەوەی لە کەربەلای زوڵم و بەسەر حسێن دێت، ئەوەی حسێن و ماڵباتەکەی تینووکردووە هەمان ئەو دیوەخانە لێی بەرپرسە کە یەزید دایمەزراندووە و فەتوای بڕینی سەر حسێنی تێدا دەدات، ماڵباتەکەی پەرێشان دەکات و وەک ئاردی ناو گەنم دۆستانی ئازادی و دادپەروەریی پەراکەندە دەکات، دەبێت سەرەتا ئەو دیوەخانە بڕوخێت ئەوسا هەموو مەسائیلە خیلافیەکانی دیکە چارەسەر بکرێن.
عادل بوون و کەریم بوون دووشتی لێک جیاوازن، هیوادارم کاک لەتیف لەبری عەدالەت کەرەم هەڵبژێرێت، ڕۆژەکەی ئەوە دەخوازێت، لەم ڕۆژە ڕەشەی کە ئازادی تێیکەوتووە تەنیا کەرەم دەتوانێت هەناسەیەک بداتەوە بەر ژیانە سەختەکەمان.
لەوانەیە بە جۆرێک لەجۆرەکان عەدالەت بێت بەڵام کەرەم و فەزیلەتمەداریی ئەوە نییە تۆ کە باوەڕت بە سیستمێک نەبێت لە ئەساسدا بەڵام کە زانیت دەتوانیت لێیەوە تۆڵە بکەیتەوە و بەکاری بهێنیت دژی نەیارە شەخسییەکانت، یەک و دوی لێنەکەیت چیت پێبکرێت لێیەوە بیکەیت.
من ئومێدی باشم بە کاک لەتیف هەیە و لێرەش فرێندمە داواکارم تا درەنگ نەبووە زەرەر لە نیوەی بگەڕێنێتەوە و ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات و ئەم گۆزە ئاوەی کە لە دەستیدایە نەکاتە ئاشی دوژمنانی ئازادی. بۆ ئەوی مافیشی نەفەوتێت واباشە کاک لەتیف و کاک کامیار دیبەیتێک ڕێکبخەن، ئەو باسە و باسە خیلافییەکانی دیکەی تێدا بوروژێنن و خوێنەران و ئازادیخوازان بکەنە دادوەر، ئەوسا لە خەیاڵدانی خەڵکدا بەجوانی دەمێننەوە. [1]