$لێواری ئیفلاس چۆنە؟ سەرەتای هەرەس کەی دێ؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە یەک سەرچاوەوە پارەت بۆ بێتە ناوەوە نەوت، لە دووهەزار سەرچاوەوە لێت بڕواتەوە دەرەوە. ئەو پارەشی دەمێنێتەوە بکرێتە دیوار و پانێڵی کۆنکرێتیی بێگیان و لە فۆڕمی ئاپارتمان و شوقەی زۆری چۆڵ و ناپێویستدا قوت بکرێنەوە و هەموو قوژبنێکی شاریان پێ بتەندرێت، لەکاتێکدا ئەوەی پێویستی پێیانە نەتوانێت ببێتە خاوەنی پەنجا مەتر لێیان. بە دەست و بە ئەنقەست لەلایەن خودی خاوەنی پڕۆژەکانەوە مۆنۆپۆلبکرێنەوە و مارکێتینگی فەیکیان بۆ بکرێت و نرخیان ببرێتە ئاسمان. پاسپۆرتی وڵاتەکەش ئەوەندە نەهێنێ سەرمایەداری بیانی بۆیان بکشێت و بیانکڕێت!
سپیکردنەوەی پارە لەم فۆڕمەدا کە پارەیەکی زیندوو تێیدا بەڕۆژی ڕووناک دەکوژرێت دواتر لە پانێڵی کۆنکرێتیدا دەنێژرێت و ناهێڵدرێت لە بازاڕدا سوڕی خۆی تەواو بکات، لە خراپترین جۆری تیرۆری ئابووری و ئیفلاسکردنە کە بشێت وڵاتێک تێیبکەوێت. کەمینەیەکی کەم چەور لێی دەخوات، لەئاسمان کۆشک دەکڕێت و تێیدا دەژی، کۆگاکانی ڕیچارد میڵ و گوچی و هێرمس و پاتەک فلیپی بە ملیۆنان دۆلار بۆ چەند کاتژمێرێک بە کرێ دەگرێت، زۆرینەی هەرە زۆریشی دەکەوێتە سەر ساجی عەلی و نانی ژەمێکی بەتەواوی بۆ منداڵەکانی پێ دابین ناکێت، زستانەکەی دەبێت گازی خەڵوز بیبات چونکە دەبەیک نەوتی کیرۆسینی پێناکڕدرێت.
وڵاتێکی هەناردەکاری گەورەی وەک تورکیا لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016 ئەم فۆڕمەی لە کوشتنی پارەی زیندووی بە مەبەستی سپیکردنەوەی لەبەرژەوەندی کەمینەیەکی ماڵباتە حوکمڕانەکان تاقیکردەوە، ئەنجامەکەی بە داتەپینی بەهای دراوەکەیان بە ڕێژەی 800% لەسەد و دابەزینی GDP و هەڵئاوسانێکی بێ پێشینەی کوشندە و بەرزبوونەوەی نرخی هەمووشتێک کۆتایی پێهات، ئێستا خاوەن کار و ئەندازیار و پزیشکەکەی ڕازییە بچێتە وڵاتێکی مامناوەندی وەک نەمسا ببێتە کاشێری مارکێتێک تێیدا! دەبێ ئێمە چی چاوەڕێمان بکات؟
تکایە چیدی با پارەی ئەم خەڵکە لە کۆنکرێتدا نەنێژرێت! [1]