$ئایا کاک نەوشیروان کاروانکوژە بوو؟$
نامەیەک بۆ دکتۆر هەڤاڵ لەهەرکوێ بێت!
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەستێرەی کاروانکوژە: ئەستێرەیەکی گەشە بە عەرەبی پێی دەڵێن شەعرای یەمانی، ناوە زانستییەکەی Sirius ە ئەیلفا و بێتای هەیە، لەلاتێنیدا واتە ئەستێرەیەک بدرەوشێتەوە، نزیکترین ئەستێرەیە لە کۆمەڵەی خۆرەوە کەڕووناکییەکەی بگاتە زەوی، شەش بۆ هەشت ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە، لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پاییزدا دەگاتەوە نزیکترین تەوەری خۆی لەگەڵ زەوی و گالاکسییەکەماندا، بارستەکەی چوارهێندەی بارستەی خۆرە، لە دوای نیوەی مانگی ئابەوە لەئاسمانی کوردستاندا دەبیندرێت.
هەندێک جار زۆر لە پێش بەیاندا هەڵدێ و کاروانچی بە ئەستێرەی بەیانی دەزانێ بارگەو بنە دەپێچێتەوە و بار دەکات بە گەلاوێژ لێکدەدرێتەوە و سوبحی کازیب درووستدەکات.
ئەستێرەکە کاتی خۆی لە کوردستان لەلایەن کاروانچییەکانەوە بەکار هاتووە، جا ئەو ئەستێرەیە کە دەرکەووتووە کاروانچییەکان وایان زانیوە شەو درنگە و بەرەبەیان نزیکە و دەبێ بڕۆن، کاتی ڕۆیشتوون شەو هێشتا زۆری ماوە و تووشی زریان و بەفر و با، یان ڕەوە گورگ و ڕەوە بەڕاز بوون، دیارە تاریکەشەو دەبێ، بۆیە کاروانەکە تێک دەچێ، لێکیان دادەبڕێت و زۆرێک لە کاروانچییەکان گورگان خوار دەبن و دەمرن.
ناوەکانی دیکەی ئەستێرەی کاروانکوژە:
٭کاروانکوژە موکریان
٭کاروانقڕان شارەزوور و سلێمانی
٭ستارە سەحەریخانەقین و کرماشان
٭قورخ
لەپاییزدا ئەم ئەستێرانەی خوارەوە کە زۆر جیاوازن لەیەکدی پێکەوە لە ئاسمانی کوردەوارییدا هەڵدێن: کۆ، تەرازوو، گەلاوێژ، کاروانکوژە.
ئەستێرەی کاروانکوژە سوبحی کازیب یا فەجری کازیب درووستدەکات، سوبحی کازیب واتە بەرەبەیانی درۆینە، شەو هێشتا زۆری ماوەو و دونیا ڕووناک دەبێتەوە، مرۆڤ وادەزانێت خور هەڵدێت بەڵام وانییە. کتومت وەک ئەو دونیا تاریکەی سیاسییەکان بە درۆ و دەلەسە وەعدی ڕووناککردنەوەی دەدەن، ئەم ئەستێرەیەش هەر وادەکات، وەعدێی خۆرهەڵاتنی پێیە بەڵام خۆرهەڵاتن هێشتا لە زۆری ماوە.
سوبحی کازیب هەمیشە مەزموم و ناشیرین بووە لای شاعیرانی کلاسیکی ئێمە، زیاتر چواندوویانە بە زوڵفێک کە ڕووناکی جەبین و ڕوخسار دەشارێتەوە و ناهێڵێت هەڵبێت. ئاماژەیە بۆ توندتربوونی فیراق و ناسۆریی و درێژی شەو و تاریکیەکەی. زۆرجار بەهەڵەیدا بردوون و ویساڵێکی درۆینەی وای بۆ درووستکردوون کە لەهەناویدا هەڵگری فیراقێکی تاریکتر بووە دوای ئاوابوونی:
لە ئەشکەنجەی شکەنجی زوڵفی ئەو بێ وەعدە مورغی دڵ
دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا
نالی
بە ناو ئێمەش ڕیجالین و ڕیجالی هُم ڕجالٌ هەم
بە فەجری ناو دەبەن، سەد حەیف، ئەگەر سادیق ئەگەر کازیب
مەحوی
لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە
کە سادیق بێ تلووعی ئافتابە
وەفایی
هەر فەجری کازیبە و کە ئەشوبهێ بە زوڵفی یار
هەر سوبحی سادیقە و لە بەیازی جەبین ئەکا
بێخود [1]