$بۆچی سەرەڕای نوێژە بارانە باران نەباری؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لکاندنی عیبادات و ئیمانیات بەزانست و سیاسەت و ئیعجازی زانستییەوە نادانییەکی زۆر و بەدحاڵیبوونێکی تەمام عەیارە ئەمڕۆ زۆرێک لە بانگخواز و وەلا و زانایانی تێکەووتوون. بنەمای سەرەکی کارکردنی زانست و سیاسەت و ئابووریی ئەمڕۆ کەم تا زۆر ماتماتیک و بە ڕێژەییش لۆژیکی ئەرەستۆییە ، لەکاتێکدا سەرەتاییترین بنەمای ئایین و عیبادەت تێکشکاندنی ئەو بنەمایانەی لۆژیکە و زۆر جار هەر نادیدەشیان دەگرێت.
ڕۆژووی نەخواردن و نەخواردنەوە یەکێکە لە عیبادەتە سەختەکانی بەشێکی زۆر لە دینەکان بە گشتیی و دینە ئیبراهیمییەکان بە تایبەتی، لۆژیک و پزیشکیی قەبوڵی ئەوە ناکەن تۆ تینوو بیت و لەشت وشک ببێتەوە بەڵام ئاو لەخۆت حەرام بکەیت. ئەوەی دەبێت وابکات ئێمە بەڕۆژوو بین بەجێهێنانی ئەمرێکی ئیلاهیی و پیرۆزە نەوەک حیکمەتێکی پزیشکیی و زانستی. چونکە ڕۆژێک دێت ئەم زانستەی ئێستا پێمان وایە کۆکە لەگەڵ هەندێ بنەمای دین تەواو هەڵگەڕێتەوە و پێچەوانەکەی بسەلمێندرێت، زانست شتێکی گۆڕاوە، ئەوکات دەبێت چی لەو جەڕاندنەی دین بکەین بۆ بەرژەوەندی زانست؟
گەر دەستنوێژگرتن تەنیا بریتیبێت لە ڕیعایەتی پاکوخاوێنی و تەهارەت وەک لە فیقهدا باس دەکرێت، ئەوا کاتێک ئاومان دەستناکەوێت دەبێت خۆمان بە تەپوتۆز پیس بکەین و تەیەموم بکەین. کەواتە حیکمەتی پشت دەستنوێژ هەڵگرتن پاکوخاوێنیی نییە، بەڵک بەجێهێنانێکی ئیمانیی فەرمانێکی خودا و پێغەمبەرەکەیەتی نەوەک شتێکی زیاتر. عیبادات هەڵگری مەخسەدێکی موقەدەسی پێ چەند و چۆنن، شەرت نییە حیکمەتیان لەخۆیاندا حەشار دابێت.
سەربڕینی ئیسماعیل لەلایەن ئیبراهیمی باوکەوە لە هیچ یاسایەکی ئەخلاقییدا جێی نابێتەوە، بەڵام وەک سارتەر دەڵێت ئەو حاڵەتەی پاڵی بە ئیبراهیمەوە نا ئیسماعیل ئیسحاق سەرببڕێت شتێکی بان ئەخلاق بوو.
نوێژە بارانە ئەمڕۆ بۆتە باسێکی تەواوی سۆشیال میدیا. دووتەرەفی یار و نەیار لەسەر بارانبارین و لینکەکانی بە نوێژەبارانەوە نەزانانە شیرو تیر لەیەک دەسوون.نەبارینی باران و وشکەساڵیی لە تەرمینۆلۆژی دینی ئیسلامدا کاتی هاتنی نوێژە بارانە دیاری دەکات وەک عیبادەتێک، نەوەک نوێژەکە بکرێت بۆ ئەوەی باران ببارێت، دەشێ نوێژ بکرێت وبارانیش هەر دەنگی نەبێت، نەبارینی باران بەمانای تەرککردنی ئەو عیبادەتە نایەت، عیبادەت لە هیچ دینێکدا واداری مەرج نەکراوە، بەتایبەتی شتێکی ڕاز ئامێزی وەک نوێژ کە هەمووی یەکپارچە دوعا و ڕازە زیاتر نەوەک نیاز.
نوێژ لە ئیسلامدا سروتێکە جێگای گرنگی پێدانێکی زۆرە، ئیسلام باوەڕی وایە میعراجی شوێنکەوتوانێتی، بەدوای بیانوودا دەگەڕێت تا شوێنکەوتەکانی ئەو سروتەی تێدا ئەنجامبدەن، نوێژی فەرز، نوێژی سوننەت، شەونوێژ، نوێژی ئەوابین، نەوافیل، نوێژی زوحا و چێشتینگاو، نوێژی مانگگیران و خۆرگیران، نوێژە بارانە، نوێژی سەبر و نوێژی شوکور، نوێژی تەراویح، نوێژی وەتر، نوێژی دەستنوێژ، نوێژی تەحییە سەلام، نوێژی مردوو، نوێژی هەینی، نوێژی جەژن ...هتد. بەشی زۆری عیبادەتەکانی پێوە لکێندراوە. هەروەک چۆن پێش خۆرهەڵهاتن نوێژی بەیانی دەکرێت بۆ ئەوە نییە خۆر هەڵبێت و ڕۆژ ببێتەوە، نوێژە بارانیش بۆ ئەوە نییە باران ببارێت، بەڵکوو کاتی هاتن و دیاریکردنی ئەو جۆرە لە عیبادەت دیاریی دەکات. درووست وەک نوێژی خۆرگیران و مانگ گیران بۆ بەربوونی مانگ و خۆر نییە، بەڵکوو کاتی هاتنی ئەو عیبادەتەیە.
عیبادەت لە ئەدیاندا دەلالەتی ڕموزیی و سیمبۆلیکییان هەیە زیاتر وەک لە دەلالەتی واقیعیی و زانستیی و فەلسەفی. عیبادەتێکی ڕازاوی وەک نوێژیش زیاتر ئەم یاسایە شمولی دەکات. چەندە تێگەیشتن ڕموزی بێت بۆیان ئەوەندە مانادارن، ئەوەندە نائایدۆلۆژیی و جوانن چەندێکیش هەوڵ بدرێت لەگەڵ واقیع کۆک بکرێن و بجەڕێندرێن بۆ واقیع ئەوەندە نالەبار وبێمانا دەردەکەون. ساتەوەختی جەڕاندنی دین لە ماناو ڕەمزەوە بۆ واقیع ساتەوەختی خەساندن و پاسیڤکردنی دینە لەو محتەوا زایەندەییەی کە دەبێت هەیبێت و مانا خەڵق بکات، ساتەوەختی درووستبوونی ئایدۆلۆژیای دینییە.
گەر بمانەوێت دین بەپێوەرەکانی زانست بپێوین درووست وەک ئەو مرۆڤەمان لیدێت کە دەیەوێت یاساکانی یاری باسکێتبۆڵ بەسەر یارییەکی وەک تۆپی پێدا جێبەجێ بکات. لە باسکێت بۆڵدا دەست ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بۆ یەکلایی کردنەوەی یارییەکە، بەڵام لە تۆپی پێدا هەمان دەست دەبێتە کوشندەترین هەڵەی یارییەکە، بەپێچەوانەوە پێیەکان لە باسکێتبۆڵدا هۆک و فاوڵن. لە پێشبڕکێی فۆرمیولا وەندا کش مەلیک مانای نییە، هەروەکچۆن لە شەترەنجیشدا فاوڵ بێمانایە.
دین و زانست، ئیمان و یاسا، عیبادەت و ئیعجازیی زانستی هەریەکەیان وەک باسکێتبۆڵ و فتبۆڵ کۆمەڵێک دیاردە و ئێبستیمی epistem ی لێکجیاوازن، نەکردەیە یاساکانی یەکێکیان لەبەرژەوەندی ئەوی دیکە بجەڕێندرێت. [1]