$ئەنفال لە ڕابردوو نییە لە پێشمانە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
(خودایە لە کوردەکان خۆشبە کە ناتوانن قورئان خەتم بکەن،
چونکى کە دەگەنە سوورەتی ئەنفال هەموویان دەمرن!)
ئەدۆنیس
میللەتانی دونیا بۆ ئەوەی بە یەکەوە بنووسێن و یەکبن، هەزار ڕۆستەم و زۆراب، دەیان داستانی ڕاست و درۆی وەک چەناککالە، سەدان شانامەی ئەردەشێر و خوسرەو و هەزاران چیرۆکی نەمری و گەلکامێش دائەهێنن و نەوە بۆ نەوە لە ڕێگەی فیلم و دراما و ڕۆمان و شیعرە دەیگوازنەوە بۆ یەکتر.
ئێمە خاوەنی ئەنفالین، خاوەنی بە سوێترین و ڕاستەقینەترین ئازاری سەدەین، خاوەنی گیرانی هەناسەی هەزاران منداڵین کە بەزیندوویی دەکرێن بە ژێر لمەوە، خاوەنی دەرچوونی گیانی هەزاران کەسین کە بە ناڕەحەتترین شێوازی مردن دەکوژرێن: مردن بە وەستانی هەناسەدان لە کاتێکدا لەوانەیە مێشک و دڵ و هۆشی کەسەکە هێشتا لە کاردا بووبن و هەستی بە دەرچوونی ڕۆحی کردبێ لە جەستەی.
ئێمە خاوەنی تراژیدیای منداڵێکین لەحزەیەک پێش گیان دەرچوونی حەزی بۆ خەیار دەجوڵێت و بێزووی پێوە دەکات، هەرچی چمکی فەقیانەی کراسەکەی دایکی ڕادەکێشتێ بۆ خەیار وەڵامێک وەرناگرێت، ئاخر ئەو نازانێت بیابانی عەرعەر خەیاری لێناڕوێت، ناچار تاکێک نەعلی سەوزی بەجێماوی منداڵێکی زیندەبەچاڵکراو دەدۆزێتەوە و لە جیاتی خەیار دەیمژێ تا ئەوەی تاغوتەکانی نوگرەسەلمان دەیهاوێژنە نێۆ چاڵێکی مەرگ، ئیتر دەست لە فەقیانەی دایک ون دەبێت و بە دەمە شۆفڵێکی شووم لمی بەسەردا دەکرێت، تا دواجار بۆ ئەبەد لە حەسرەتی قاشێک خەیاردا خۆی و ژیانی و حەزێکی بەدینەهاتوو بۆ قاشک خەیاری کەمێک خوێکراو دەکوژێنەوە.
دەوترێت مرۆڤ لەسەر شێوازی مردنەکەی زیندوودەکرێتە و دەبرێتە بەردەم خودا بۆ حەشر و نەشر، ناتوانم پێشبینیی ئەوە بکەم کە خودا دەبێت چ جۆرە هەستێکی هەبێت لەکاتی زیندووکردنەوەی ئەو منداڵەدا کە لەسارای مەحشەر بەدەم جوین و مژینی نەعلێکەوە وێڵ و سەرگەردان داوای خەیار دەکات!
شارەزایەکی پەروەردەی ژاپۆن لە باسی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پەروەردە لەو وڵاتە دەڵێت: ساڵانە یەک دوو کەڕەت منداڵانی خوێندنگە سەرەتاییەکان دەبەینە ئەو ناوچانەی زەرەرمەندی هێرشە ئەتۆمییەککەی ئامریکا بوون، لەوێ دەیانخەینە بەر شۆکی باسکردنی ناسۆرێکانی هێرۆشیما، ئەوانەی چیرۆکەکانیان بۆ دەگێڕنەوە بە جۆرێک ئامادکراون و باسەکان بە ئیحساێکی عاتیفی وا دەگێڕنەوە ئەو منداڵانە ناتوانن هۆڕ هۆڕ نەگرین. پاش ئەوەی منداڵەکان لە فرمێسکەکانیاندا نغرۆ دەکەن مێسجە گرنگەکەیان پێدەدەن و پێیان دەڵێن گەر دەتانەوێت ئەم ئازارە بەسەر ئێوەو دایک و باوکتاندا نەیەتەوە هەوڵبدەن، بخوێنن، پێشکەون و ژاپۆن لە دژی دوژمنانتان پێشبخەن. ئەم کارەیان ناوناوە شۆک ثێراپی. ئێمەش لە سمود و ڕزگاری و گەرمیان تازە بە تازە عەبدوڵڵای حاجی مەحمودەکان دێن شیعرە مۆبایلی کرچ و کاڵی سی ساڵ بەر لەئێستامان بۆ دەجونەوە. سەرۆک و سەرکردەکان لە بەردەم هەوای سپلیتی نێو کۆشکە هەزار و یەک ژورییەکانیانەوە لاقرتی بە پاشماوە هەڵقرچاوەکەی ئەنفال دەکەن و پێیان دەڵێن مژدەدتان دەدەینێ لەبری دوازدە ڕۆژ جارێک لەمەبەدوا هەفتانە جارێک ئاوی خواردنەوەتان بۆ بەردەدەینەوە و ئامبیولانس لە بەردەم بانکەکان دادەنێین بۆ ئەوەی ڕێژەی مردنی کەسوکارە پیرەکانی ئەنفال لەسەرەی وەرگرتنی موچەکەیاندا بەخێرایی هەڵنەکشێت!
بەڕاستی ئێمە چ جۆرە مەخلوقێکی نابووت و بودەڵەین وا لەپاش ئەو هەموو تراژیدیاو قوربانیدانانەوە ڕۆژمان کەوتۆتە دەست ئەم هەموو سیخن و دەخەزار و ژەهراویی و بۆگەنیوانەوە؟ دەبێت سێوی حەرامی چ بەهەشتێکمان خواردبێت وا هەمیشە تراژیدیا دەدەینە دەم ئازار، ناڵە بە گریان و هاواری منداڵانمانەوە گرێ دەدەین؟ [1]