د.#نەجاتی عەبدوڵڵا#
ناسنامەی مێژوویی:
ناسنامەی ئیتنیکیی کورد لە ڕوانگەی مێژووییەوە کەم تا زۆر بەگوێرەی ئه و سەرچاوانەی تائێستا لەبەردەستن دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی سیانزەهەم و لە سەدەی چواردەهەمیش بەرەبەرە خەمڵیوە و دواتر لە سەدەی پانزەهەمدا بەدیارکەوتووە. قسەکردن لەبارەی ناسنامەی ئیتنیکیی کورد پێش ئەم مێژووە تەنیا فانتازمێکی نەتەوەییە و بەس. بێگومان هیچ گومانێک لەوەدا نییە، کە کورد یەکێکە لە کۆنترین گروپەیلی کۆنینی خۆجێیی ناوچەکە، بەڵام پرۆسیسی دروستبوونی مێژوویی ناسنامەی کورد زۆر بە درەنگەوە بەدیار کەوتووە، کە ئێمە ناتوانین لە ڕوانگە مێژووییەکەوە بگەڕێیینەوە پێش ئەم مێژووە.
ناسنامەی سیاسیی:
پرۆسیسی دروستبوونی ناسنامەی سیاسیی کورد هێشتا بابەتێکە جێگای گفتوگۆیە. بەگوێرەی ترادسیۆنی هێگلییانە، ناسنامە ئەنجامی دانپیانانی هەردوو سەرەی (من) یان (خود) و (ئەوی دیکە)یە. کەوایە ناسنامە پرۆسیسێکی دژبەیەکانەیە، کە تێیدا کارلێکی کەسیی، مومارەسەی کۆمەڵایەتی و ئامانج تێیدا برێتی دەبێت لە بەرجەستەکردنی (من) یاخود (زات). کەوایە بۆ مێژووی دروستبوونی ناسنامەی سیاسیی کورد، پێویستە بگەڕێنییەوە بۆ مێژووی دروستبوونی ناسنامەیلی سیاسیی: تورک، عەرەب، فارس، ئەرمەن. ناسنامەی نەتەوەیی هەمیشە بە دژەکی و بە نزیکبوونەوە لەگەڵ ناسنامەی خەڵکەیلی دیکە لەدایک دەبێت. داگیرکارییەکانی ناپۆلیۆن لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەم، پەیامی شۆڕشی فەڕەنسای گواستەوە و هەر بە کاردانەوەی ئەم پەیامەشبوو کە، ئەسپانەکان، ئەڵمانەکان و ڕووسەکان ناسنامەی سیاسیی خۆیان دروستکرد. بەمجۆرە قسەکردن لەسەر ناسنامەی سیاسیی کورد پێش وەدیارکەوتنی ناسنامەیلی تورک، عەرەب، فارس و ئەرمەن تەنیا ئەفسانەناسیی ناسیۆنالیستە کوردەکانە، کە دەیانەوێ لەدایکبوونی ناسنامەی سیاسیی کورد بگەڕێننەوە بۆ دەورانی سەرهەڵدانی کورد لەمێژوودا و ڕەنگە هەتا دوورتریش، بەڵام ئەم ڕوانینە هیچ بایەخێکی زانستیی نییە و ئێمە ئەم ڕوانگەیە زیادەڕۆییە وەڵا دەنێین.
دەکرێت بڵێین ناسنامەی سیاسیی تورک لە دەورانی سەردەمی تەنزیمات (1839) نەبووە، بەهەمانشێوە ناسنامەی کوردیش نەبووە. ناسنامەی تورک لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و لە سەرەتای سەدەی بیستەم لەگەڵ کودێتای گەنجە-تورکەکان ساڵی 1908 دەستیپێکرد. بۆیە دەکرێت بڵێین ناسنامەی سیاسیی کورد لەگەڵ قۆناغی گۆڕینی دەسەڵات لە عوسمانیزمەوە بۆ کەمالیزم وەدیارکەوت. جا بەگوێرەی یاسای ئۆپۆزسیۆن و نزیکبوونەوە لەوەبەدوا زەوینەیەک ڕەخسا بۆ لەدایکبوونی ناسنامەی سیاسیی کورد. لەم پێودانەوە دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین تاوەکو پێش به دەسەڵات گەیشتنی گەنجە-تورکەکان (1908) ناسنامەی سیاسیی کوردی بەهیچ شێوەیەک پەیدا نەبوو بوو. بەشێوەیەک بڕێک لە گەورەترین دامەزرێنەرەیلی (ئیتتحاد و تەرەقیی)، کە کەمالیزم لە هەناویدا بەرهەم هات، کورد بوون، وەک سەرنووسیاری گۆواری (عوسمانلی) (1897)ی ئۆرگانی (ئیتتحاد و تەرەقیی)، کە دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت بوو. هەتا یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی (کوردستان- 21ی نیسانی 1898)، کە وەک ئۆپۆزسیۆنی کوردیی هەژماردەکرا، بەشێوەیەک بووبووە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی گەنجە-تورکەکان و بێ ئەوەی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی جیاخواز خۆی نمایش بکات. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بی دوودڵیی ئەوە بڵێین، کە سەرەتای ناسنامەی سیاسیی کورد وەکو یاسای ئۆپۆزسیۆن و نزیکبوونەوە له دوای ناسنامەی سیاسیی تورک پەیدا بوو.
ناسنامەیەکی پارچەپارچە بوو:
ئەگەر باسی ناسنامەی کوردیی بکەین، ئەوا پێویستە باسی چەندین ناسنامەی کوردیی بکەین. ناسنامەی مێژوویی کورد لە دەورانی عوسمانی لەژێر هەژموونی ناسنامەی مێژوویی عوسمانی دا بوو، لە ئێران بەهەمانشێوە. دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، ناسنامەی سیاسیی کورد بوو بە ناسنامەیەکی پارچەپارچە بوو و کەوتە بەرانبەر ناسنامەی سیاسیی چەندین وڵاتەیلی وەک: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا. کورد خاوەنی یەک ناسنامەی سیاسیی بەهێز و یەک بزووتنەوەی نەتەوەیی سەرتاسەریی نەبووە، ناسنامەی سیاسیی کورد یان ناسنامەیلی سیاسیی کورد لە ڕووی کولتووریشەوە پارچەپارچە بووە و دابەشیی چەندین دیالێکت بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەک ڕاستی هەیە ئەویش ئەوەیە بناغەی هەموو ئەم دیالێکتانە یەک زمانە، کە ئەویش زمانی کوردییە و ئاوەڕۆی هەموو ناسنامەکانیش دواجار دەچنەوە سەر یەک ڕووبار، کە ئەویش (ناسنامەی سیاسیی کوردە). [1]