عەبدوڵڵاى مەلا ئەحمەد (ئەحمەدئاوایی)
مامۆستا #مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس# هەر له و کاتەوەی لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا وەک مودەڕیس ڕۆیشتۆتە بیارە، خەمی بەردەوامی ئەوە بووە کە پڕۆگرامێکی خوێندن بۆ فەقێی وڵاتی کوردەواری دابنێت هەتا قوتابی و فەقێیان لە حوجرەکانی ئەو سەردەمەدا ئەو پەڕتووکە خۆماڵییانە بخوێنن، لەم کارەیشیدا دوو مەبەستی سەرەکی هەبوو:
(1) بە زیندوويى هێشتنەوەی ناوی زانایانی کورد و بەرهەمەکانیان، وەک لە خوارەوە دەردەکەوێت کە لە وانە وتنەوەدا زیاتر پەڕتووکی زانایانی کوردی بە وانە وتۆتەوە و لە پڕۆگرامەکەی خۆیشیدا هەر بەرهەمی ئەوانی زیاتر ئاماژە پێداوە، خۆ ئەگەر پەڕتووکی زۆر باشیشی دەست نەکەوتبن ئەوا خۆی بەرهەمی نایابی لە هەر بوارێکی پێویستدا داناوە و بە قوتابییانی وتۆتەوە و دواتریش لە پڕۆگرامەکەی خۆیدا جێگیری کردوون.
(2) هەستی بەوە کردووە کە هەندێک پەڕتووک و پڕۆگرام هەن تایبەتن بە ژینگەی خۆیانەوە و فکری هەندێک زانا هەن بۆ وڵاتی خۆیان باشن، بۆیە وای بە باش زانیوە بۆ درووستکردنی فکرێکی ئیسلامیی میانەڕه و و سازاو و گونجاو لەگەڵ ژینگەی وڵاتی کوردەواریدا، پەڕتووک و پڕۆگرامی زانایانی کورد و پەڕتووکی خۆی بکاتە مەنهەج، تا فکری قوتابی کورد بپارێزێت لە هەندێک بیرکردنەوە کە بۆ کۆمەڵگاى کوردى دەست نادەن!
ئەمەی لای خوارەوەیش میتۆد و پڕۆگرامەکەی شێخی مودەڕیسە بۆ خوێندنگەکانی کوردستان، کە خۆی لە هەر دوانزە زانستەکەی حوجرەدا دەبینێتەوە، کە پێشتر بە (دوانزە عیلم) دەناسران، شێخی مودەڕیس لە دوا لاپەڕەکانی پەڕتووکی (الوَردَة العنبَريّة فِي سيرَة حَضرَة خَيْر البَريَّة) دا، تۆماری کردوون.
زانستی یەکەم: زانستی تەفسیر، تیایدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی (تەفسیری نەسەفی مَدارِک التنزيل وَ حَقائِق التأْويل) ، و (تەفسیری بةيضاوي - أَنوار التنزيل وَ أَسرار التأْويل) ، هەر خۆشی بە زمانی عەرەبی (تەفسیری مَواهِبُ الرّحمن فِي تفسير القُرآن) ی، لە حەوت بەرگدا نووسیوە، هەروەها بە زمانی کوردی (تەفسیری نامی) لە حەوت بەرگدا (خوڵاصەی تەفسیری نامی) نووسیوە، هەروەها لە زانستەکانی قورئانی پیرۆزیشدا کە زانستێکی پەیوەندیدارە بە زانستی تەفسیرەوە، پەڕتووکی (نووری قورئان) ی نووسیوە، کە بە ڕاستی تائێستاش پەڕتووکی وا باش و لێزانانە و چڕوپڕ لە زانستەکانی قورئانی پیرۆزدا بە زمانی کوردی تەئلیف نەکراوە!
زانستی دووەم: فەرموودە (الحَديث) ، لە بواری فەرموودەشدا تەنیا ئاماژەی بە شێوەیەکی گشتی داوە بە خوێندن و توێژینەوەی پەڕتووکەکانی فەرموودە و بەشێوەیەکی تایبەت هیچ پەڕتووکێکی دیاری نەکردووە، بەڵام بۆ قوتابییانی سەرەتایی (چل چرای ئیسلام) ی داناوە، کە مانا و ڕاڤەی چل فەرموودەی پێغەمبەرە (د.خ) و لە دووتوێی پەڕتووکی (سەرچاوەی ئایین) دا چاپی کردووە، بێگومان بۆ پلەکانی باڵای خوێندنیش هەموو سەرچاوەکانی فەرموودەی لا گرنگ بوون، هەر لە صەحیحی بوخاری تا صەحیحی موسلیم و (رياضُ الصالِحين) و ئەوانی تریش.
زانستی سێیەم: زانستی صەرف، کە لە پڕۆگرامە تایبەتەکەی خۆیدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی (پەڕتووکی تەصریفی زەنجانی) ، کە هەر خۆیشی بە زمانی کوردی شەرحی کردووە و چاپکراوە، هەروەها ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکی (الصَّرفُ الواضِح) کە ئەمیشیان هەر دانراوی خۆیەتی و پاشان ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکی تەصریفی مەلا عەلی شنۆیی.
زانستی چوارەم: زانستی نەحو، کە لە پڕۆگرامە تایبەتەکەی خۆیدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکەکانی (عەوامیلی جورجانی) ، (المقدمة الآجرومية) و (مِفتاحُ الآداب) ، کە هەر دانراوی خۆیەتی و (ئيظهارى ئیمامی بەرکەوی بەرکێوی) ( ) ، (شَرْح أُنموُذج) و (قطرُالندى) و (شەرحی مەلا جامی) ، (شذوُر الذّهب) و (المَواهِبُ الحَميدَة) کە ڕاڤەی شێخی مودەڕیس خۆیەتی لەسەر (المنظوُمَة الفريدَة - أَلفية الإِمام السيوُطي فِي النّحو) و لە دوو بەرگدا چاپکراوە.
زانستی پێنجەم: زانستی ڕەوانبێژی (عِلْمُ البَلاغَة) ، ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکەکانی (مُختصرالمَعانى) و (شَرْح المُطوّل) ی، سەعدەددینی تەفتازانی، بۆ خۆیشی هەردوو پەڕاوی (الخُلاصَة فِي الوَضعِ وَالبَيان) و (التِبيان فِي الوَضعِ وَالبَيان) ی لەم بوارەدا داناوە.
زانستی شەشەم: زانستی مةنطيق، لە پڕۆگرامە تایبەتەکەی خۆیدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکەکانی (المِفتاح) ، (الوَرَقات) ، (العَزيزَة) و (الوَجيهَة) کە هەر چواریان دانراوی شێخی مودەڕیسن، دوای ئەمانە ئاماژەی داوە بە پەڕتووکەکانی (تَهذيبُ المَنطِق) ی تەفتازانی، حاشیەی عەبدوڵڵا یەزدی، شەرحی شەمسییە و گەلەنبەوی بورهان.
زانستی حەوتەم: زانستی فەرموودەناسی (علوُم الحَديث) ، لێرەشدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکەکانی (ألفية الحافِظ العراقى) و (المُقدِّمَة) ی، ئیبن صەڵاحی شارەزوری، هەروەک پێشتریش باسمان کرد یەکێکی تر له و داهێنانانەی عەللامە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ئەوەیە کە زیندووکەرەوەی زانستێکی ترە لە زانستە ئیسلامییەکان لەناو وڵاتی کوردەواریدا، کە ئەویش زانستی فەرموودەناسی (علوُم الحَديث) ە، کە بۆ چەند سەدەیەک دەچوو لە وڵاتی کوردەواريدا پێچرابوویەوە و نەدەخوێنرا و سەرەڕای گرنگییەکەیشی بایەخی پێ نەدەدرا، مودەڕيس هات و بۆ یەکەم جار بە زمانی کوردی لەم بابەتەدا پەڕتووکی (ڕێگەی ڕەهبەر) ی نووسی، بەشێوەيەک سەرلەنوێ بزاوتێکی بەم زانستە پیرۆزە لە حوجرە و مەدرەسەکانی کوردستاندا بەخشییەوە.
شایەنی وەبیر هێنانەوەیە کە یەکەم داهێنەری ئەم زانستە بە زمانی عەرەبیش هەر زانایەکی کورد بووە، کە ئەویش پێشەوا (ئیبن صەڵاحی شارەزووری) یە، ناوبراو توانی بابەت و زانیارییە پەرت و بڵاوەکانی ئەم زانستە لە قەوارەیەکی سەربەخۆدا کۆبکاتەوە و و ئەفراندنێکی مەزن و مێژوویی لەم بوارەدا تۆمار بکات، بۆیە هەر لە پێشەکی پەڕتووکەکەدا شێخی مودەڕیس دەفەرموێت: ( زۆربەی ئەم ڕیسالەمە لە پەڕتووکی (علوُم الحَديث) وەرگرتووە کە دانراوی (شيخ المُحدِّثين) ، (ئەبو عەمر عوسمان) نازناو بە (ئیبن صەڵاح) و مەشهوور بە (شارەزووری) ( ) .
زانستی هەشتەم: بیروباوەڕی ئیسلامی (العقيدة الاسلامية) ، لەم بابەتەشدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکەکانی (شَرْح العَقائِد) ی تەفتازانی، لەگەڵ حاشییەکانی (خەیاڵی) و (عَبدُالحَکيم) ، (شَرْحُ المَواقِف) ، (تَقريبُ المَرام فِي شَرْح تَهذيبُ الکَلام) ی مەلا عەبدولقادری تەختی سنەیی – موهاجیر و پەڕتووکی (الوَسيلَة) کە ڕاڤەی شێخی مودەڕیس خۆیەتی لەسەر هۆنراوەی (الفَضيلَة) ی مەولەوی، هەروەها بۆ خۆشی پەڕتووکەکانی نوُر الإِسلام) ، (نوُر الإِيمان) ، (إِرشاد الأَنام) و (جَواهِرُ الکَلام فِي عَقائِد أَهل الإِسلام) ی داناوە، کە ئەم دوایینەیان پەڕتووکێکی نایابی عەقائیدە و خۆی هۆنیویەتییەوە و ڕاڤەشی کردووە و لە ساڵی 1956دا دایناوه، و لە ساڵی 1993 چاپکراوە.
زانستی نۆیەم: شەریعەتی ئیسلام (الفِقه الإِسلامي) ، لەم بابەتەدا ڕێنوێنی کردووین بە خوێندن و توێژینەوەی پەڕتووکەکانی فیقهی مەزهەبی ئیمامی شافیعی، ئەگەرچی ئاماژەی بە هیچ پەڕتووکێک نەداوە، بەڵام دیارە کە پەڕتووکەکانی (فَتحُ القَريب) و (مِنهاجُ الطالِبين) و شەرحەکانی سەری وەک (مُغنِي المُحتاج) و (تُحفَةُ المُحتاج) و (نِهايَةُ المُحتاج) و پەڕتووک و حاشییەکانی تری لەم بابەتەن، لەم بوارەشدا ئینسکلۆپیدیایەکی زۆر گرنگی ئامادەکردووە، بەناوی (جَواهِرُ الفَتاوى) کە فەتوا و کورتە نووسینە فیقهییەکانی زانایانی پایەبەرزی کوردستان و هەروەها فەتواکانی خۆیی تیادا کۆکردووەتەوە و لە سێ بەرگدا بە چاپی گەیاندووە، (الأَنوار القدسِيّة فِي الأَحوالِ الشخصِيّة) شی، لە نیکاح و تەڵاقدا نووسیوە، شێخی مودەڕیس بۆ خۆیشی بە زمانی کوردی لە بواری شەریعەتی ئیسلامیدا پەڕتووکی (شەریعەتی ئیسلام) ی، نووسیوە، کە مامۆستا هێمنی شاعیر پێش نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی: مامۆستایەکی زانا پێی ڕاگەیاندم کە تائێستا پەڕتووکی وا باش و به و لێزانی و چڕوپڕییە تەئلیف نەکراوە!، لەڕاستیدا تائێستاش و دوای ئەو هەموو ساڵە پەڕتووکی وا باش و ناياب لە فیقهی ئیمامی شافیعیدا بە زمانی کوردی تەئلیف نەکراوە!
زانستی دەیەم: زانستی ئوصولی فیقﮪ ، لە پڕۆگرامە تایبەتەکەی خۆیدا ئاماژەی داوە بە خوێندنی پەڕتووکەکانی (جَمْعُ الجَوامِع) ، (لُبّ الأُصوُل) و (مُختَصَرُ المُنتَهى) ی ئیبن حاجبی کوردی و (المُستَصفى) ی ئیمامی غەزالی، هەر لەم زانستەشدا بۆ خۆی پەڕتووکی (صَفوَةُ اللآلي) داناوە.
زانستی یانزدەهەم: ژیانی پێغەمبەر (د.خ) و مێژووی ئیسلام، لەم بابەتەدا ڕێنوێنی کردووین بە خوێندن و توێژینەوەی پەڕتووکەکانی ژیاننامەی پێغەمبەر، کە بۆ خۆی پەڕتووکی (الوَردَة العنبَريّة فِي سيرَة حَضرَة خَيْر البَريَّة) داناوە و لە ساڵی 1994دا چاپکراوە، لە مێژووی ئیسلامیشدا بەتایبەتی ئاماژەی داوە بە مێژووی ئیبن خەلەکان و پەرتووکی (علماؤُنا فِي خِدمَة العِلْمِ وَ الدِّين) کە دانراوی شێخی مودەڕیس خۆیەتی و مێژوو و ژیاننامەی زانا و مەلا باشەکانی وڵاتی کوردەوارى.
زانستی دوانزەهەم: بیرکارى (الرياضِيات) و جوگرافیا و زانستە ئەمڕۆییەکانی تر، لێرەدا هەم ئاماژەی داوە بە هەندێک لە پەڕتووکە دێرینەکانی ئەم بوارە، وەک (تَشريحُ الأَفلاک) و حاشییەکانی سەری، شەرحی (الإِدراک فِي شَرْح تَشريح الأَفلاک) ی عەللامە مەلا حسێنی پشدەری، (رِسالَةُ الحِساب) ی بەهائەددینی عامیلی و شەرحی جەوواد لە سەری، هەروەها دەستیشی ئاوەڵا کردووین بۆ خوێندن و بایەخدان بە زانستە نوێیەکانی تر، تەنانەت زۆر ئاماژەی بە پەڕتووکەکانی ئەم بوارە نەکردووە تا لەکاتی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیادا پڕۆگرامی نوێتر بخوێنین، بێگومان ئەگەر شێخی مودەڕیس فریا بکەوتایە، چۆن بڕیاری لەسەر خوێندنی بیرکاری و گەردوونناسی و جوگرافیا داوە، هەرواش ئاماژەی بە خوێندن و توێژینەوەی زانستە سەردەمييەکانى تری وەک کیمیا و فیزیا و کۆمپیوتەر و تەنانەت زمانی ئینگلیزیش دەدا.
هەر لەمبارەیەوە ئەوە دەگێڕمەوە کە ئەو کاتەی (ساڵی 2000) ، قوتابی دوا قۆناغی ئامادەیی پەیمانگای ئیسلامیی بووم لە هەڵەبجە، (م.عومەر تۆفیق خطاط) بۆی گێڕاینەوە دەیگوت: لە سەردەمی قوتابێتیدا لە کۆلێژی شەریعەى شارى بەغدا، زۆرجار وەک هاوزمان و هاووڵاتی دەڕۆیشتینە لاى مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بە مەبەستی دیدار و سوودوەرگرتن لە فەرمایشت و ئەزموونەکانی، له و باسانەدا هاتینە سەر باسی زمانی ئینگلیزی کە تەنیا وانەیەکی فێربوونی زمانمان هەبوو، زۆریش ئاسان بوو، بەڵام لەلاى مامۆستاى مودەڕیس لە دەستی سکاڵامان دەکرد، ئەویش سەرکۆنەی زۆرى دەکردین و دەيگووت: بۆچی خۆتانی پێوە ماندوو ناکەن، زۆر هانیداین کە فێری ببین، تەنانەت فەرمووی:دەی بەخوا قینم بدەن بۆ ئەم جومعەیە ئەتوانم وتاری جومعە بە ئینگلیزی ئامادە بکەم و لە مینبەردا بیخوێنمەوە!!.
سەرچاوه و پەراوێزەکان
کوردی:
(1) مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس: بنەماڵەی زانیاران، چ1، پەڕتووکخانەی کانی، سنە – ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 1388 هەتاوی 2010.
(2) هەندێ لە یادگارییەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: د. عبدالدائم هەورامانی، سلێمانی، 2011 .
(3) مودەڕیس نامە، ئامادەکردنی: ئاوات ئەبوبەکر ئەحمەد، چاپی سلێمانی، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا، 2009.
(4) کاروانی ژیانم، یادداشتەکانی دکتۆر مستەفا زەڵمی، چ1، ئێران - 2014 .
(5) ڕۆژگاری ژیان، یادداشت و بیرەوەرییەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، ئامادەکردن و لەسەرنووسین: ڕەئووف مەحموودی، چ1، بڵاوکردنەوی کوردستان، سنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،
1394هەتاوى/-2015ز.
(6) بوژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لە ڕێگەی دەستخەتەکانیانەوە، محەمەد عەلی قەرەداغی، ب9، چ1، چاپخانەی ئاراس – هەولێر، 2011.
(7) کاروانی پێنووس، فاتێح مستەفایی مەریوان، چ1، بڵاوکردنەوەی ئاراس – سنە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 1390هەتاوی/2012ز.
(8) ڕێگەی ڕەهبەر، دانانی: مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس، چ1، بەغدا، 1985.
(9) چەپکە گوڵێ لە گوڵزاری عوسمانی، ئامادەکردنی: مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای فەنایی، بڵاوکردنەوەی ئینتیشاراتی کوردستان، سنە – ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (1394-2015).
(10) دیدار لەگەڵ جەنابی [مامۆستا شێخ جەلال، شێخ عەبدوڵڵا دەمەیەوی] لە ڕۆژی (28 – 12 – 2009، شارۆچکەی (کانی دینار) ی سەربە شاری (مەریوان) ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
(11) زنجیرە دیدارێک لەگەڵ زانای مەزن، مامۆستا نوری فارس حەمەخان (2015 – 2016) .
(12) ئەزموونی تایبەتی نووسەر.
عەرەبی:
(13) . عُلَماءُنا فِي خِدمَةِ العِلْمِ وَ الدين، لِلشيخ عَبدالکريم المُدرّس، چ1، دارُ الحُرِّيَة لِلطباعَةِ ، بَغداد، (1403ﮪ / 1983.
(14) . العَلاّمَة عَبدُالکَريم المُدَرِّس، وَ مَنهَجُهُ فِي تَفسيرِ القُرآنِ وَ عُلوُمه، د.عبدالدائِم مَعروُف الهَوْرامانِي، چ1، مَکتَب التّفسير، لِلنّشرِ وَ الأِعلان ، هةوليَر، 1431ﮪ / 2010م.
(15) . الوردَة العنبَريّة فِي سيرَة حَضرَة خَيْر البَريّة، لِلشيخ عَبدالکريم المُدرّس، چ1، بَغداد، 1993. [1]