مەتەڵی کوردیی لە چوارچێوەی هۆنراوە یان پەخشاندا بەشێوەیەکی ڕەوان و هونەری داڕێژراوە، لەگەڵ ئەوەدا لە ڕووی هونەری ڕەوانبێژیی و جوانبێژیی و واتابێژیدا لە ئاستێکی بەرزی ڕەسەنایەتی زمانی کوردیدایە، بەشێکی سەرەکی لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیی پێکدەهێنێت. مەتەڵ وتەیەکە بەشێوەی پرسیار مەتەڵساز لە گوێگری دەکات، لە ناوەرۆکدا نهێنییەک یان شاراوەیەکی تێدا پەنهانە، بیر و توانای مرۆڤی تیاتاقیدەکرێتەوە، یان مەتەڵساز لە ڕێگەی چەند کۆدێکی نەزانراو و نهێنییەوە داوا لە گوێگر دەکات کە ڕاستی شتێک بزانێت کە پێیدەڵێین مەتەڵ.
لە زمانی کوردیدا بەپێی بەشە شێوەزارەکان وشەگەلێک زۆرمان هەیە هاوواتای وشەی مەتەڵن وەک: (مەتەڵ، هەتەڵە، مەیل، هەڵێنە، چەوچە، مامک، تێدەرخستۆک، تشتانۆک) بەشێوەیەکی فراوان لەسەر زاری خەڵکی بڵاوە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ کەم تا زۆر دەیزانن، مەتەڵ بابەتێکە منداڵ، لاو و هەرزەکاریان کەسانی بە تەمەن دەیزانن و بۆ دیاریکردنی ئاستی زیرەکی یەکتر بەکاریدێنن.
مەرج نییە هەموو وشەکانی ناو مەتەڵ وشەی واتادار و زیندووبن، هەندێک جار ئەو وشانەی لە داڕشتنی مەتەڵدا دێن، وشەی بێواتان، تەینا بۆ پارسەنگی ئاوازی هۆنراوەی مەتەڵەکە دێن، یان تەواوی وشەکانی ناو مەتەڵ واتادارن، هەندێک جاریش وشە و دەستەواژەکان هیی سەردەمانی زوون و واتا و مانایان بیرچوونەتەوە، بۆیە هەندێک لە تێکستی مەتەڵەکان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕینەوە، لەهەردوو بارەکەدا لەناو وشەکانی مەتەڵدا، مەتەڵساز هەندێک کۆد یان نەزانراو پەنهاندەدات بۆ ئەوی گوێگر بەبیر و زانایی خۆی بیدۆزێتەوە.
گرنگی مەتەڵ لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆردا دەتوانرێت ئەم تێڕوانینانەی لێهەڵهێنجرێت، مەتەڵ هانی بیرکردنەوە دەدات و گوژمێکی خێرا بەمیشک دەدات، لە ڕووی مێژووییەوە لایەنێکی گرنگی مێژووی کەلەپووری نەتەوەکەمانی تێدا حەشاردراوە، هەروەها زیرەکی و بیرتیژیی باپیران و داپیرانمان بۆ دەخاتەڕوو، لە ئێستاشدا زیرەکی نەوەی تازە پیشاندەدات، کارێکی تری مەتەڵ توانای دەربڕین و شکاندنی شەرم لای لاوان و هەرزەکاران درووستدەکات بۆیە ئەو کەسانەی وەڵامی مەتەڵ دەدۆزنەوە هەست بەسەرکەوتن دەکەن. لەگەڵ ئەمانەدا هەزاران وشەی کوردی پەتی فێردەبن.[1]