$حوکمی نەورۆز لای پێغەمبەر!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەموو ئەوەی پێغەمبەران و بەتایبەتیش پێغەمبەری ئیسلام هێناویانە ڕوانینێکی نوێ و جیاواز بووە بۆ ژیان نەوەک ژیانێکی نوێ و جیاواز. هیچ پێغەمبەرێک بە خەڵکەکەی خۆی نەگوتووە واز لە عورفی باو و یاسا تەباکان بەعەدالەت بهێنن، ئەسڵەن بەشی زۆری یاسا دینییەکانیان ڕیشەی عورفییان هەبووە. واتە ئەوان هاتوون مانایەکی نوێ بدەنە دیاردەکانی وەک بازرگانییکردن، هاوسەرگیریی کردن، قوربانییکردن، چوونە حەج، ڕۆژووگرتن، نوێژکردن و...هتد. هەموو ئەوانە پێش هاتنی ئەمانیش هەر هەبوون. بەڵام ئەوەی ئەوان کردوویانە گۆڕینی قیبلەی و نیەتی پشت ئەو جوڵە و تقوساتەی مرۆڤ بووە لەو ڕۆژەدا کە ئەنجام دراوە، لە فرەییەوە بۆ وەحدانییەت بە شوناس و ناسنامەیەکی نوێوە. پێغەمبەر لە مەککە هەرگیز دژی سیقایەتی حاجی و تەوافی بەیت و سەفا و مەروا نەبووە لە مەشعەرێکی گەورەی وەک حەجکردندا، ئەسڵەن دواتر وەک جوڵەو فەریزەی گرنگ گرنگی وەک حەجکردنیش مانەوە، ئەوەی گۆڕا نیەت بوو نەوەک ڕووکەش و شێوازی کارەکە:
لەدڵدا خەڵک و خوا بوو فائیدەی چی
کەدەم پڕ بێ لە اِیّاک و اِیّاک
گەر بە پێچەوانە گوزەرێک بکەینەوە لە ئێستاوە بۆ ڕابردوو ئەوا تێدەگەین ئەوە نوێژە بێ ڕۆح و ڕۆژووە بێ ناوەرۆک و زەکات دەرنەکردنە لە ماڵ و سامان و تۆخکردنەوەی ڕۆحی شوناس یا ناسنامە و کاڵکردنەوەی ڕۆحی مانا لەمڕۆی موسوڵماناندا پێویستیی بەوەیە جارێکی دیکە پێغەمبەرێکی دیکە بێتەوە هەمان وانەی قیبلەگۆڕین بە موسوڵمانان بڵێتەوە، دیارە کە پێغەمبەرایەتی کۆتایی هاتووە و ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی موسڵیحانی دینیی.
عیباداتی ڕۆژانەی ئیمانداران لە نوێژکردن بۆ ڕۆژووگرتن و حەجکردن، لە دەرکردنی زەکات بۆ قەبوڵ نەکردنی زوڵم هەر لەپێناو پاراستن و دەمەزەردکردنەوەی ئەو مانایەیە کە لە پشت ئاکتەکانی ڕۆژانەی موسوڵماندا دەبێت هەبن. بەتێرمینۆلۆجیی دینی لەپێناو ئیخڵاس و پوختیی نیەت دان. غەزالی ناوی توێکڵ قشرةیان لێدەنێت. واجبات توێکڵن و مانا و نییەتی پشت واجبات ڕۆحی حەقیقەتەکەن.
گەر پێغەمبەر ئەحکامێکی هێنابێت تەنیا لەپێناو درووستنەبوونی پێکدادانی کۆمەڵایەتیی بووە لەو ڕۆژی کۆمەڵگای موسوڵماناندا، نەوەک زەروورەت و حەقیقەت و ئەسڵی دینەکە بووبێت، ئەحکامی ڕۆژەکەی ئەو حەزرەتە مەرج نییە باشترین ئەحکام بن بۆ هەموو جوگرافیا و بۆ هەمووزەمانێک، ئیسلام جیاواز لە کریستیانیەت لە جەوهەری خۆیدا دینێکی سیاسەت پەروەرە و دەشێت ئەم سیاسەتە لە جوگرافیایەک بۆ یەکێکی دیکە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا بێت. مێژوونووسان پێیان وایە بەشی زۆری ئەحکام هەمان ئەو عورفە چاک و عادیلانەیەن کە لە جاهیلیشدا بوونیان هەبووە. واتە پێغەمبەر تەغزییەی هەمان ئەو عورفانەی کردۆتەوە کە لە پێش ئیسلامدا هەبوون بەڵام بە مانا و ناوەرۆکێکی نوێوە. تەماشاکە ئەمڕۆ هەموو دین و دینداریی بووەتە بەرنامەی ڕاستەوخۆی حەرام و حەڵاڵی موفتییە زاهیر بینەکان واتە هەموو دینەکە بووەتە شوناس و بوارێک بۆ مانا و قوڵبوونەوە نەماوە
هەمووئەم قسانە بۆ ئەوەیە گەر پێغەمبەر ئەمڕۆ لەنێو ئێمە بژیایە ، یان لەنێو وڵاتێکی ئەوروپییدا بژیایە هەمان ئەو عورف و یاسا چاکانەی برەو پێدەدا کە لە کۆمەڵگاکەدا بوونی دەبوو. خودی ژیانەکەی نەدەگۆڕی بەڵکوو جیهانبینی و مانای بۆ ژیانەکە دەگۆڕی، عورفێکی لانەدەدا و لە جێگاکەی عورفێکی دیکە دابنێت، بەڵکوو مانای بە عورفە باوەکە دەبەخشیی، نیەتی پشت عورفەکەی دەستکاریی دەکرد.
موجتەهیدان و موسڵیحانی دینیی ئەمڕۆ لە هەموو شتێک زیاتر پێویستە دەست بۆ جەوهەر و کرۆکی بابەتە دینییەکان ببەن نەوەک توێکڵ و ڕوکەش، تا لەڕوکەشدا بمێنینەوە هەمان سوڕانەوەی نێو هەمان بارنەی سەد ساڵی ڕابردوو زیاتر دروێنە ناکەین. نوێژێکی بێ دڵ هەمان نوشتانەوەی بەردەم ئاگرێکە، هەمان نووشتانەوەی بەردەم لات و عوزایە، ڕۆژوویەکی بێ مۆراڵ جگە لە برسێتیی هیچی دیکە ناداتە خاوەنەکەی. [1]