$نەورۆز و بەهار ڕوانینی سێیەم!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
نەورۆز واتە بەهار، بەهار واتە پێکەنینی خودا، پێکەنینی خودا واتە چرۆکردن و گوڵکردنی دارچوالە و هەڵکشانی چاوبازەڵە و چووزەلەکردنی شەنگ و پیشۆک و بەڕەزا. پێغەمبەر وتی خۆتان بپارێزن لە سەرمای زستان چونکە ئەوەی بەسەر دارەکانتان دێنێت هەمان ئەوەش بەسەر خۆتان دێنێت، بەڵام خۆتان بدەنە بەر سەرمای بەهار چونکە هەمان ئەوەی بەسەر دارو دەوەنتانی دێنێت هەر ئەوەش بەسەر خۆتان دێنێت.
بەقەولی پڕ لە هاوسەنگیی مەلای گەورەی کۆیە: نەورۆز ڕۆژێکە پڕ نوور، دونیا مالە مالە لە سروور، ژاڵە دەدرەوشێتەوە، لالە دەگەشێتەوە دار و درەخت دەپشکون. بەڕ و سەمر دەردەکەون، فەلەک وەک خێوەتی زبر جەدی ھەڵدراوە، زەمین کەوای ئەتڵەسی سەبزی گوڵگوڵاوی لەبەرکرا، ئافتابی عالەم درەخشانە، خوڕشیدی خاوەر بە ئەشیعەی زەھەبی ئەفشانە، نزیکە بڵێم ئەرز و سەما کەوتیتە ڕەقس و سەما، ئەمە چ باس و خواسە؟ چ ئەسەرە چ خەبەرە؟
بەڵێ بەڵێ ئەمڕۆ ڕۆژی مرادە، نەورۆزی گەلە، حەقر ڕۆژی زۆر موبارەکە، ئەوەڵی بەھارە، یەکی ئیعیدالی لەیل و نەھارە، جەژنە جەژنی ئۆمەتە، جەژنی مەحەبەت و ئولفەتە.
نەورۆز نە ئەوەیە سەلەفییە دینیی و قەومییە مێشک سەلەفییەکان ناسیۆنالیستە ڕەیعییەکان باسی دەکەن کە گوایە کوفرو زەندەقە و مەجوسییەت و بیدعەتە و جەژنی کورد نییە و زوحاکی پادشای کورد بەدەستی کاوەی فارس کوژراوە، نە ئەوەشە کە پیرەمێرد لەسروودی ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە باسی دەکات نەخێر، نەورۆز لە بۆنەیەکی تەواو گەردوونیی و فرە ڕەهەندی مەڵتی کلتوری پڕ لە ئاشتیی و ئارامیی و ژیانەوە و ژیاندۆستیی دەکاتە موڵکی شێوەزارێکی زمانی کوردیی و تێیدا لە خوێن و قەڵغان و سنگی کچانی هەڵدەکێشێت. هەروەکچۆن کورد ئەوە نییە کە دڵدار لەسرووی ئەی ڕەقیب بە قەوم ناوی دەبات و لە پلەی گەلەوە بۆ ئاستی قەومهۆز و تیرە دایدەبەزێنێت و بوونەکەی دەبەستێتەوە بە پەرچەکردار و گرێیەکی شەخسی لە ڕەقیب، بەهەمان شێوەش نەورۆز فەرسەخ بە فەرسەخ دورە لەو گرێ و ڕقە کلتوریی و مێژوییەی کە پیرەمێرد هەیەتی بەرانبەر عوسمانیی و ئیتیحاد و تەرەقییەکان.
نەورۆز باشترین دەستکەلاو بیانووە بۆ پێکەوژیانی گەلانی ڕۆژهەڵات، بەڵام گەر لە جوغزو مەغزا قووڵەکەی دەربهێندرێت و بدرێتە پاڵ کاوە ناوێک دژی زوحاکێک یان هەر گرێیەکی دەروونی دیکە یان هەر خورافەیەکی نەک ئەفسانەیەکی کەڵتیی ئەوە لەبری هارمۆنی پێکەوەژیان کۆنفلیکت و پێکدادان درووستدەکات.
ئەوانەی ئیدیعای دینداریی کوردانە دەکەن دەبێت نەورۆز و بەهار بکەنە دەستکەلای دەستیان و لەوێوە جووڵە بکەن بۆ دەرچوون لە جوغزەکانی بادییە و بیابان و خلیجی داخراوی عەرەبی. ئەم هەوڵە بە ڕوونی لای زانایەکی ئایینیی سەدەی نۆزدەی وەک سەعیدی نوورسیی هەستی پێدەکرێت کە بەهار و زیندووبوونەوەی زەویی گەورەترین جێیان لە نووسینەکانییدا داگیر کردووە، خۆی پێ بزانێ یا نەزانێ بۆنەتەوە ناعەرەبەکان بەللەزەترین جۆری ئەزموونی دیندارانەیە و زۆرترین کاریگەریی لاهووتی و عیرفانیی جێدەهێڵێت لەسەر مێشک و دڵ و گیانی خوێنەرێکی نێو شاخ و کوێستاننشینی ئۆزبەکیی، ئازەری، کورد و قرقیزی و ئەفغانیی.
ئەوانەشی ئیدیعای ئەوە دەکەن کە نەورۆز جەژنێکی کلتووری کوردییە بەتەنیا، دەبێت ئەوە بزانن کە ئەودیو شارەکەی ئەوانیش ئاوەدانیی لێیە، ئاگر تەنیا بۆ گەرمکردنەوەی ئەمان درووست نەبووە، نەورۆز هۆکاری هارمۆنیی و پێکەوەژیانی هەموو میللەتانی ئارییە نەوەک قەڵغان و لانەی پاراستنی هۆزەکەی ئەمان بێت بە تەنیا. گەر ئەو ئاگرە تەنیا بە موڵکی خۆت بزانی ئەوا لەم سەردەمەی ئەی ئای و پۆست مۆدێرنیێتییەدا لەبری گەرمکردنەوە و ڕووناککردنەوەت دەتسوتێنێت. [1]