$بۆچی حکومەت ناوێرێت چاکسازیی بکات؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بەوردی گوێم بۆ دواین دوو وتاری سەرۆکی حکومەت گرت لەم هەفتەیەدا، بەشێکی زۆری قسەکانی سەبارەت بە چاکسازیی بوو. باسی لەوەکرد دەستیان کردووە بە چاکسازیی و یاساشیان بۆ دەرکردووە و پاڵپشتیی پەڕڵەمانییان هەیە بۆی. تا ئێرە ئاساییە، ئەوەی نائاساییە ئەوەیە ناتوانن بچوکترین هەنگاوی چاکسازیی بنێن، بۆچی؟ بەیەک وشە لەبەر ئەوەی بچوکترین چاکسازی کۆتایی بەو سیستمە دێت کە ناوی ئەزموونەکەیان لێناوە و لێکی هەڵدەوەشێنێت، لەوانەیە خۆشیان لەدڵەوە پێیان خۆش نەبێت ئەم هەموو گەندەڵییە هەبێت لەدەرەوەی خۆیان، لانی کەم گەندەڵی نەیارەکانیان پێ ناخۆشە، بەڵام بەچەشنی ڕادەست بوونی مردووی بەردەست مردووشۆرێک ئەمانیش ڕادەست بە گەندەڵیی بوون و ناتوانن تەنانەت مووچەی یەک بندیوار ببڕن، یا سامانی کەڵەکەکراوی یەک گەندەڵ بگێڕنەوە خەزێنەی گشتیی. دوێنێ عەلی حەمە ساڵح تەحەدای حکومەتی کرد کە موچەی هەزاران بندیواری پلە باڵا هێشتا هەر بەرەدامە
دەپرسی بۆچی؟ چونکە ئەم باسە بنەمایەکی زانستیی هەیە، چۆن؟
لە مەنزومە و دەوڵەتە دیموکراتەکاندا کە ئازادیی و ماف و مەعریفەی تاک تێیدا سەنتەرە نەک نەتەوە و دین و مەزهەب و ئایدۆلۆژیا و ناسیۆنالیزم هیچ مەجالێک بۆ کودەتا و شۆڕش و قڵپکردنەوەی سیستم و لێکترازان نییە، گەر هەشبێ بە چاکسازیی و لە بەرژەوەندیی سیستمەکە بە بێ لێک هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە کۆتایی دێت. بەڕیتانیا زیاد لە دووسەدەیە شۆڕش و کودەتای تێدا نەکراوە فەرەنسا لە دوای شۆڕشی پیشەسازیی و ئامریکاش لە دوای یەکەمین شۆڕش ئیدی دەستاو دەستکردنی سیستەمەکە بە خوێن نەبووە و شۆڕش تێیدا باسێک نەبووە.
بەڵام لەو سیستەمە قەمعی و دیکتاتۆریانەی کە دین، نەتەوە، نەژاد یان ئایدۆلۆژیاکان تیایاندا خودایی دەکەن، بچوکترین چاکسازیی بە شۆڕش و کەیئۆس فەوزا کۆتایی دێت و سیستەمەکە لێک هەڵدەوەشێنێت. دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، چاکسازیی، داواکردنی لانی کەمی ماف و عەدالەت، خوێن و برسێتی و ماڵوێرانیی و لێکەڵوەشانەوە و گەڕانەوە بۆخاڵی سفری دەوێ. یەکێتی سۆڤێتی جاران، سووریا ، لیبیا ، ئێراق و سعودیە و سوودان و چەندین سیستمی سەرکوتکەری دیکە نموونەن بۆ جۆری دووەم.
پێم سەیرە کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا کە دەور و زەمانی دیبوو، خوێندکاری دکتۆرای سیاسەت بوو لە نەمسا، خوێنەرێکی باشی سیستمەکانی بەڕێوەبردن بوو، بەڵام هێشتا دەرکی بەو ڕاستییەی نەدەکرد و هیوای لەسەر چاکسازیی هەڵچنی بوو، هەر ئەم هیوا نازانستییەی وایکرد لە کۆتاییدا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دێودا ببێت بە دێو.
بەکورتی: عەدالەت و ئازادیی و ماف و مەعریفەی ڕیژەیی تاک بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردن کارگەیەکن توڕەیی و شۆڕش بۆ چاکسازیی دەگۆڕن و لە ئەگەری نەبوونیشیاندا ئۆتۆماتیکی چاکسازیی خۆی بۆ توڕەیی و شۆڕش دەگۆڕێت و تەڕو وشک پێکەوە پایەماڵ دەکات و وەک سەرگوزەشتەی شۆڕشەکانی کورد بەردەوام دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر و دروێنەی فەشەل دەکات.
ئەو وێرانەیەی کەف و کوڵ و عاتیفەی شۆڕشگێڕێک لە دوای شۆڕش بەجێی دەهێڵێت دواتر بە عەقڵی سەلیمی هەزار فەیلسوف نایەتەوە جێی خۆی. [1]