$شەوقی ڕۆحانی یا زەوقی جیسمانی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەوەی خەڵک بێدین دەکات ئازادیی و دیموکراسیی نین بەڵکوو خورافەبازییە بەناوی دینەوە، ناعەدالەتییە بەناوی خوداوە، بێدەنگییە لەبەرانبەر ستەمدا.
تا دوێنێ دەسەڵاتدار طاغوت و کافر بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئیدی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا دەسەڵات:- وەلی ئەمرە لای سەلەفی، تاکتیکی شەرعیی و ئەمری واقیعە لای ئیسلامی سیاسیی پاراستنی هێمنیی و خەبەرنەکردنەوەی فیتنەیە لای سۆفی.
دیارە دەسەڵاتیش درێخی ناکات لەوەی منداڵیان بەڕیز بۆ دادەمەزرێنێت و منداڵی هەژاریش زەقەی چاوی دێت، موچەی مۆڵ و خانەنشینی قەبەیان بە یاسا پێدەدا و هەژارەکەش دەبێت باوەڕی بە نسیب و ڕزقی ئیلاهیی کولەمەرگیی هەبێت، ماشێنی گولەنەبڕیان دەداتێ و نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر باوەڕیان بە قەدەری خودا خۆشیان ڕۆژ تا ئێوارە زیقەزیقانە لەسەر قەدەر بۆ ژیانی بژی و مەمرەی خەڵک، ڕەوایی دەدات بە چڵێسیی ژێر زکیان لەژێر ناونیشان و تۆخکردنەوەی باسی فرەژنیی و سوننەتی تەعەدود و سازاندنی دیبەیتی بێمانا بۆیان لەگەڵ قەشمەرەکانی مافی ژنان و فیمینیزم بۆ ئەمەش ستۆدیۆ و زبڵدانی پترۆ-میدیا حەشاماتییەکەی خۆی وەک حەمامی موفتی بۆ داخ دەکات لەپێناو گەرم هێشتنەوی باسە بێ مستەوا و تافیهەکەی فرەژنی. بەقەولی ئیدریسی شافیعی:
قُضَاة ُ الدین قدْ ضَلُّوا فقد باتت خسارتهمْ
فباعوا الدين بالدنيا فما ڕَبِحَتْ تجارتُهمْ
کەسێک شەوقی ڕۆحانی هەبوو، زەوقی جیسمانی لەپێدەکات و نادیدەدی دەگرێت، بە پشتی دەستی هەموو دونیا ڕەتدەکاتەوە ئەگەر چی حەڵاڵ و موباحیش بێت، موباحاتی عەوام بە حەرام دەزانێت نەوەک بێشەرمانە لەپێناو و هەوەسی خۆی ڕیکلامیان بۆ بکات، خەڵک لە وەهمی دینییەوە بۆ حەقیقەتی دینی دەگوازێتەوە، کاربەدەست لەبەر قاپییەکەی خۆی دێنێتە سەر چۆک نەوەک وەک سواڵکەر لەبەر قاپی پادشا و سەڵاتینەکان بۆ پیتاک بپاڕێتەوە. پەتپەتێن بکات و ئەندامانی خێزانەکەی بۆ مشتێ ماڵی دونیا دابەش بکات بەسەر زەرد و سووردا.
لە چینی پەرچەما نووری جەبینی دی، وتی زاهید:
کە سووتا دامی تەزویرم بە نووری دامی تەنویرت [1]